Accessibility links

خۆپـیشاندەران: شەقامى عێراقى بەتەنها شەڕى "گەندەڵى" دەکات


دواى هێوربوونەوەى دۆخى عێراق بۆ ماوەى نزیکەى دوو هەفتە، ئەمڕۆ هەینى، جارێکى تر خۆپیشاندان و نارەزایەتى بەغداى پایتەخت و بەشێک لەپارێزگاکانى عێراقى گرتەوە، ژمارەیەک خۆپیشاندەر کوژراون و برینداربوون.

لە کاتێکدا خۆپیشاندەران بۆ داواکردنى چاکسازى و نەهێشتنى گەندەڵى و بڕینى "دەستى دەرەکى" رژاونەتە سەر شەقامەکان، بەڵام تائێستا هیچ هێزێکى عێراقى بەفەرمى نەچووەتە پاڵیان.

ئەگەرچى مەرجەعیەتى باڵاى شیعەکانى عێراق، جێى ئومێدى خۆپیشاندەران بووە، تا پشتگیرى لە داواکانیان بکات و هاوکێشەکە لەبەرژەوەندیان یەکلایى بکاتەوە، بەڵام مەرجەعیەت هەمیشە خۆى لە بڕیارى "یەکلاکەرەوە" بەدوور دەگرێت.

لە پەیامى مەرجەعیەتى باڵاى شیعەکانى عێراق دا، کە ئەمرۆ هەینى بڵاوکرایەوە، وێڕاى رەخنەگرتن لە حکومەتى عێراق، داوا لە هێزە ئەمنیەکان کراوە بەرامبەر خۆپیشاندەران نەرم و نیان بن، هەروەک داواش لە خۆپیشاندەران کراوە، هێرش نەکەنە سەر هێزە ئەمنیەکان و ماڵى گشتى.

حەسەن جیهاد راوێژکار لەسەرۆکایەتى کۆمارى عێراق، ئاماژەى بە پەیامەکەى مەرجەعیەتى باڵاى شیعەکانى عێراق کرد، روونیکردەوە مەرجەعیەت بەرپرسیارێتى خستۆتە سەر خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکانیش تا دۆخى عێراق لەبەرچاو بگرن، وتى"مەرجەعیەت لە دروستبوونى پشێوى دەترسێت."

بەردەوام بوونى نارەزایەتیەکانى عێراق، هاوکاتە لەگەڵ بەڵێنە بەردەوامەکانى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق، بۆ ئەنجامدانى چاکسازى و کەمکردنەوەى موچە پلە تایبەتیەکان و جێبەجێکردنى خواستى خۆپیشاندەران.

سەرۆک وەزیرانى عێراق لە پەیامێکدا، بەڵێنى جێبەجێکردنى خواستى خۆپیشاندەرانى دا،وتى"عێراق لەبەردەم قەیرانێکدایە، هێزە سیاسیەکان درکیان پێنەکردووە، بەڵام خەڵک درکى بەو قەیرانە کردووە."

بەڵێنەکانى سەرۆک وەزیرانى عێراق نەبوونە مایەى هێمن کردنەوەى شەقامى عێراق، بەتایبەت خەریکە داواکارى شەقام بە ئاراستەى هەڵوەشاندنەوەى سێ سەرۆکایەتیەکەى عێراق و هەڵبژاردنى پێشوەخت دەگۆڕێت.

سەرچاوەیەکى ئاگادار لە ڕووداوەکانى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"عادل عەبدولمەهدى لارى نیە لە دەست لەکارکێشانەوە، بەڵام دەیەوێت کاتێک واز بێنێت، دۆخەکە هێور بێتەوە و بەڕاکردن لە بەرپرسیارێتى تۆمەتبار نەکرێت."

سەرچاوەکە، وتیشى"ئێران و حەشدى شەعبى بەهەموو شێوەیەک دژى هەڵوەشاندنەوەى حکومەتن."

بەپێى وتەى سەرچاوەکە، گەر خۆپیشاندانەکان درێژەیان هەبێت، ماڵى شیعى ناچارە بە چوونە ژێر بارى جێبەجێکردنى داواکارى خۆپیشاندەران، وتى"رەنگە کەسێکى تر بخرێتە جێگەى عادل عەبدولمەهدى، یان گۆڕانکارى لەحکومەتدا بکەن."

لەپاڵ داواکاریەکانیان دا بۆ چاکسازى و گۆڕانکارى، بەشێک لە دروشمەکانى خۆپیشاندەران، تایبەتن بە دژایەتیکردنى دەستوەردانى ئێران لە کاروبارى وڵاتەکەیاندا.

رەئوف عوسمان چاودێرى سیاسى و پەرلەمانتارى پێشووى عێراق، پێیوایە لابردنى عادل عەبدولمەهدى، پشێوى سیاسى و کارگێڕى بەدوادا دێت، وتى"رەنگە لایەنە شیعیەکان بە پەلەپەل سەرۆک وەزیر لانەبەن، بەڵام پێدەچێت ئامادەکارى بۆ گۆڕانکارى بکەن."

خەریکە ئاراستەى داواکارى خۆپیشاندەران لە دژایەتى حکومەتەوە بۆ دژایەتى سەرۆکایەتى کۆمار دەگۆڕێت، ئەمەش یەکێتى نیشتیمانى خستۆتە دۆخێکەوە، بەوردى چاودێرى دۆخەکە بکات، چونکە پۆستى سەرۆک کۆمارى لایە.

مەترسى یەکێتى تەواو تۆخ بوویەوە، بەتایبەت کاتێک کەناڵێکى میدیایى سەر بە هێزە شیعیەکان بەرپرسێکیان بەدەست هەبوون لە کوشتنى خۆپیشاندەرانى بەغدا تۆمەتبار کرد و داواى گۆڕانکارى لەسەرۆکایەتى کۆماریش خەریکە تۆخ دەکرێتەوە.

ئەڵماس فازڵ پەرلەمانتارى یەکێتى لە بەغدا، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"خەریکە تێکەڵ و پێکەڵى لەدۆخەکە دروست دەبێت، هەندێک دامەزراوە خەتابار دەکرێت و هەوڵى تێوەگلاندنى دەدرێت، ئەمە خزمەت بەدۆخى عێراق ناکات.

تا ئێستا خۆپیشاندەران بەتەنها شەڕى داواکاریەکانیان دەکەن و دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە، بەڵام بەشێک لەبەرپرسانى عێراق، مەترسى ئاڵۆزبوونى زیاترى دۆخەکەیان هەیە، بە تایبەت کاتێک هەندێک لایەنى عێراق بەفەرمى ببنە بەشێک لە شەقام.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:55 0:00


XS
SM
MD
LG