Accessibility links

"بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا،پێویسته‌ عیراق ببێتە سێ بەشەوە و كورد داوای كۆنفیدراڵی بكات"


محەمەدی حاجی مەحمود
محەمەدی حاجی مەحمود

له‌م وتووێژه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود باس له‌ خۆپیشاندانه‌كانی عیراق و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كورد ده‌كات.

ده‌قی وتووێژه‌كه‌:

"ده‌بێت كورد هه‌ڵسه‌نگاندنێكی هه‌بێت بۆ خۆپیشاندانه‌كان "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا محەمەدی حاجی مەحمود وتی" پێش هەموو شتێک کورد دەبێت هەڵسەنگاندنێکی هەبێت بۆ خۆپیشاندانەکان، ئایا ئەم خۆپیشاندانانە ئەنجامی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراقە کە ڕۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدا دەفرۆشرێت بەڵام بەروبومەکەی بۆ حیزبەکان و پەرلەمانتاران و وەزیر و حکومەتە کە هەموو شتێکیان بۆ حەڵاڵە بەڵام خەڵکیش برسیە، واتە ئایا خۆپیشاندانەکان ئەنجامی برسێتی و نەبونی خزمەتگوزارییە؟ یا ئەو خۆپیشاندانانە بەرنامە بۆ داڕێژراوی ئاڕاستەکراوی سیاسیە، پێم وایە کورد دەبێت ئەو بابەتە لێکجیابکاتەوە بزانێت خۆپیشاندانەکە هی برسێتیە یا هی سیاسیە."

"كورد دەبێت ئامادەبێت و بەسەر فرسەتی خۆیدا باز نەدات لەعیراقدا"

لەبارەی ئەوەی کورد چۆن دەتوانێت سود لەم خۆپیشاندانانە وەربگرێت؟ محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت" بەداخەوە ئێمە پێمان خۆش نیە گرفت بۆ حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دروست ببێت، چونکە هەم خۆی دۆستی کوردە وە هەم ڕەنگە لەسەر کورد گرفتی بۆ دروستکرابێت، بەڵام ناتوانێت بەم شێوەیە درێژە بەمانەوەی خۆی بدات کە ڕۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت بەڵام خەڵکیش لەبەر نەبوونی نەخۆشخانە و خزمەتگوزاری لەسەر شەقام بێت ئەمە خاڵی یەکەمە کە کورد بتوانێت سودی لێ ببینێت، خاڵی دووەم، ئەگەر خۆپیشاندانەکە سیاسیە و ئاڕاستە بۆ کراوە وە سیاسی و بەرنامە بۆ داڕێژراوە، نێوانی شیعە و سوننە، یا عیراق و وڵاتانی تر ئەمە جۆرێکی ترە، بۆیە دەبێت کورد لەهەردوو حاڵەتەکەدا کۆببێتەوە و قسەی لەسەر بکات چونکە هەرشتێک لە عیراق ڕوبدات بە ئیجابی و سلبی دەبێت کورد کۆبێتەوە چونکە کاریگەری لەسەر کورد هەیە وە کوردیش باجی ئەوانەی داوە بۆیە کورد دەبێت ئامادەبێت و بەسەر فرسەتی خۆیدا باز نەدات لەعیراقدا."

محەمەدی حاجی مەحمود ئەوەشی وت" حکومەتی عیراقی زۆر کاری نادەستوری لەگەڵ هەرێمدا کردووە، وەک دەزانرێت داوای لێبوردنی لە کوەیت کرد و ئێستا قەرەبووی کوەیت دەکات لەسەر حسابی کوردیش، بەڵام داوای لێبوردنی لە کورد نەکرد لەسەر هەڵەبجە کە هەزاران کوردی شەهید کرد وە قەرەبووی کەسوکاری قوربانیانیشی نەکردووە، لەلایەکی تر ڕاستە ئەم حکومەتە نەبوو بەڵکو حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی بوو بەڵام حکومەتی عیراقی بەدەبابەی ئەمریکی و سەربازی خۆی هات لە کەرکوک و شه‌نگال و مەخمور و هەموو شوێنەکانی تر لە کوردی دا ئەمانە هەمووی نادەستوری و نایاسایی بووە بەڵام کورد هیچ کات بەدوای تۆلەدا نەگەڕاوە تا تۆڵە بکاتەوە، بێگومان من خۆم بۆخۆم لەگەڵ ئەوەم دۆخی عیراق كە ئەبێت ڕووداوێکی گەورە دروست ببێت بۆ ئەو ناوچانەی کە ئێستا لەدەستی کورددا نەماوە حکومەتی عیراقی دەستی بەسەردا گرتووە، ڕووداوەکەش وەک چۆن کاتی خۆی عیراق ڕووخا یا داعش هات ئەگەر ڕووداوێکی وا ڕویدا کورد بە ئاسانی دەتوانێت دەست بەسەر ئەو شوێنانەی خۆیدا بگرێت و بیگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی."

محەمەدی حاجی مەحمود ئەوەشی وت" ئەگەر د.عادل عەبدولمەهدی بەرگە نەگرێت و دەست لەکاربکێشێتەوە بەڕاستی دۆخەکان تێکدەچێت، خۆ ئەگەر حکومەتەکەشی بڕوخێنن و لەناوی ببەن ئەوە دۆخەکە ئەوەیە کە من دەیڵێم."

" دەتوانرێت خاڵەکانی ڕیفراندۆم جێ بەجێ بکرێت"

کورد دەتوانێت ڕیفراندۆمێکی تر بکات و کار بە ئەنجامەکانی بکات لەحاڵەتی تێکچونی دۆخی عیراق؟

محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت" کورد جارێکی تر پێویستی بە ڕیفراندۆم نەماوە، کورد ڕیفراندۆمی کرد و کۆتایی هاتووە، هەتا هەتایە زیندووە و دەمێنێتەوە وەک باسم کردووە لەباخەڵی هەموو کوردێکدایە و تاپۆیەکی ڕەشە، ڕیفراندۆم جارێکی تر لەمێژووی کورددا پێویست نیە، بەڵام دەتوانرێت خاڵەکانی ڕیفراندۆم جێ بەجێ بکرێت."

"بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا پێویسته‌ عیراق ببێتە سێ بەشەوە كورد داوای كۆنفیدراڵی بكات "

له‌ وه‌ڵامی پرسیاری ڕۆژنامه‌نوسه‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكا، ژیار محه‌مه‌د، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی خاڵەکانی ڕیفراندۆم چیە کەجێ بەجێ بکرێت؟

محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت" خۆی ئێمە لەکاتی خۆشیدا کە ڕیفراندۆممان کرد بۆ ئەوەنەبوو کە بڕیاری یەکسەر بدەین بۆ دەوڵەتی کوردی ئێمە مافی چارەی خۆ نوسینمان هەیە، قۆناغەکانی فیدراڵی و کۆنفیدراڵیە، بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای عیراق, کە عیراق ببێتە سێ بەشەوە بۆ ئەوەیە کە کۆنفیدراڵی بێت، بۆ کۆنفیدراڵیش باشترین فرسەتە ئێستا حەقە دنیای دەرەوە و وڵاتان و ئەمریکا و تەنانەت عیراق خۆشی بگاتە ئەو بڕوایەی کە عیراق بەم شێوەیەی ئێستا ناتوانێت بژی دەبێت ببێتە سێ دەوڵەت بە کۆنفیدراڵی."

لە ئێستای عیراقدا کە خۆپیشاندانی فراوانە کورد دەتوانێت داوای کۆنفیدراڵی بکات؟

محەمەدی حاجی مەحمود لەوەڵامدا دەڵێت" دەبێت عیراقیەکان هەموویان بگەنە ئەو بڕوایە بێگومان کورد دەبێت داوای کۆنفیدراڵی بکات ، عیراق ناتوانێت ئاوا بەردەوام بێت هەردەبێت بڕیاری کۆنفیدراڵی بدات، جا چۆنی قبوڵە یا نا ئەوە شتێکی ترە."

من خۆم ڕەنگە بۆچونێکی تایبەتیم هەبێت لەسەر ئەم خۆپیشاندانانە، ڕاستە ئەم خۆپیشاندانانە هی خەڵکی برسیە و بێ بەرنامەیە، بەڵام من پێم وایە ئەم خۆپیشاندانانە سوننە ئاگای لێیەتی، سعودیە ئاگای لێیەتی، ڕەنگە لەدوریشەوە ئەمریکا چاودێری بکات بڕواناکەم هەروا بە ئاسانی سەدان هەزار کەس بچنە خۆپیشاندا، وە دوای ئەوە کاردانەوەکانی عیراقیش کە بەهەزاران بریندار و قوربانی هەیە، بۆیە من پێم وایە کورد دەبێت ئێستا لەڕووی سیاسی و عەسکەری و پەیوەندی و دیبلۆماسیەوە لەهەموو بوارەکاندا کورد دەبێت ئامادەبێت بۆ هەر ڕوداوێکی نەخوازراو لەناوچەکە."محەمەدی حاجی مەحمود وای وت"

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:01 0:00


XS
SM
MD
LG