Accessibility links

هاوژین عومه‌ر: سەرۆک کۆماری عیراق پێشتر هۆشداریی داوە عیراق نەبێتە مەیدانی شەڕی بەوەکالەت


هاوژین عومه‌ر

له‌م وتووێژه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، هاوژین عومه‌ر ڕاوێژكاری سه‌رۆك كۆماری عیراق باس له‌ چه‌ند پرسێكی گرنگ له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ ده‌كات.

"سەرۆک کۆماری عیراق بە حوکمی ئەزموونی پێشتری لە ئیدارەدانی حکومەت و دەوڵەتدا، کاری لەسەر چەند تەوەرەیەک دەکرد بەو ئامانجەی عیراق نەگات بەم ڕۆژە "

لە سەرەتای وتووێژەکەدا هاوژین عومەر دەڵێت "پێش ڕوودانی خۆپیشاندانەکانیش، سەرۆک کۆماری عیراق بە حوکمی ئەزموونی پێشتری لە ئیدارەدانی حکومەت و دەوڵەتدا، کاری لەسەر چەند تەوەرەیەک دەکرد بەو ئامانجەی عیراق نەگات بەم ڕۆژە لە توڕەیی و مەبەستی بوو پیشخواردنی خەڵکی عیراق کەم بکاتەوە، ئەگەرچی دەسەڵاتی یەکەمی جێبەجێکردنیش لای سەرۆکایەتیی حکومەتە نەک سەرۆک کۆمار، چونکە دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار بەپێی دەستوور سنووردارن، بەڵگەش بۆ ئەم قسانەمان چەند ڕاستییەکە، یەکەمیان ئەوەیە کە سەرۆک کۆمار ماوەیەک بەر لە ئێستا و لە میانەی کۆبوونەوەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە بەمزوانە بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەت پڕۆژەیاسای ئەنجومەنی باڵای ئاوەدانکردنەوەی عێراق ڕەوانەی پەرلەمان دەکەین، کە بڕگە و ماددەی زۆر گرنگ بە مەبەستی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی عێراق لەخۆ دەگرێت، هەروەها بەڵگەیەکی دیکەش ئەوەیە کە سەرۆک کۆمار لە نیویۆرک و لە دیداری لەگەڵ سەرۆک ترامپ و سەرۆکانی گەورە وڵاتانی تر، جەختی لەسەر سێ تەوەر کردەوە، ئەوانیش (بیناکردنەوەی عیراق، بەهێزکردنی ئابووریی وڵات، دوورخستنەوەی عیراق لە شەڕی بەوەکالەت لە ناوچەکەدا)".

ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆک کۆماری عیراق نەشیشاردەوە کە هەوڵ هەیە عیراق لەو ململانێیەی نێوان ئێران و ئەمریکا، یان لەو جەمسەربەندییەی کە لە ناوچەکەدا هەیە، تێوەبگلێنرێت."

ڕاشیگه‌یاند" هەندێک لەو ڕووداوە نەخوازراوانەشی کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕوویان دا، لە وێنەی مووشەکبارانکردنی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیی حەشدی شەعبی لە لایەن ئیسرائیل و ڕووداوی مووشەکبارانکردنی هەندێک دامەزراوەی نەوتیی شانشینی سعودیە، کە بە ناڕاستەوخۆ باس لەوە دەکرا سەرچاوەکەی لە عیراقەوە بووە و دواتر بە درۆ خرایەوە، دەرهاویشتەی ئەو هەوڵ و بارودۆخە بوون. چاوەڕوان دەکرا عیراق بکرێتە شوێنی شەڕی بەوەکالەت، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسیی عیراق، لە سەروو هەمووشیانەوە سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆبوونەوەی بەردەوامی سێ سەرۆکایەتییەکە و هەموو سەرکردە و کوتلە سیاسییەکانی دیکەش، هەوڵی زۆریان دا عیراق لەو مەترسییە ڕزگار بکەن، تا ڕاددەیەکی باشیش ئەو مەترسییە لەسەر عێراق دوور خرایەوە. هەر بەوهۆیەشەوە بوو کە لە نیویۆرک سەرکردەی گەورە وڵاتانی جیهان پێزانینیان بۆ سەرۆک کۆمار و سەرکردایەتیی سیاسیی عیراق دەربڕی، کە تا ئێستا ئەم وڵاتە توانیوێتی خۆی لە شەڕی بەوەکالەت بپارێزرێت و نەچێتە پاڵ هیچ جەمسەرێکی ململانێکانەوە"

" داواکارییەکانی زۆرێک لە خۆپیشاندەران ڕەوان "

ڕاوێژکارەکەی سەرۆک کۆماری عیراق بێئەوەشی دەستنیشانی ئەوە بکات کە ئایا هەوڵەکان بۆ تێوەگلانی عێراق نێودەوڵەتین یان هەرێمی؟، یاخود نێوخۆیی؟ وتی "ئێمە لایەنەکان دیاریی ناکەین، بەڵام وەک دەزانرێت ئەم وڵاتەی ئێمە هێشتا لە ڕووی سەروەریی و مەرکەزییەتەوە کێشەی هەیە، هەربۆیە عیراق وەک وڵاتێکی کراوە وایە، هەندێک لایەن لە ناو عیراقدا هەن کە بە هۆکاری سیاسیی بێت یان مەزهەبیی، پەیوەندیی و ئاڕاستەیان لەگەڵ دەرەوەی خۆیاندا هەیە، هەربۆیە زۆر "حەزەر" دەکرا لەوەی ئەم لایەن و گرووپانە شەڕی بەوەکالەت بکەن، بەڵام بە هەوڵەکانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و بە تایبەتیش سەرۆک کۆمار، توانرا هەموو ئەو هەوڵانە پوچەڵ بکرێنەوە و ڕێگە نەدرێت عیراق ببێتە گۆڕەپانی ئەو شەڕە بەوەکالەتە".

سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووش، هاوژین عومەر جەختی لەوەش کردەوە کە "داواکارییەکانی زۆرێک لە خۆپیشاندەران ڕەوان، ساڵانێکی زۆرە شەقامی عیراقی وەک پێویست خزمەت نەکراوە، پڕۆسەی دامەزراندن نییە، بێکاریی تەشەنەی سەندووە، قەیرانی نیشتەجێبوون هەیە، حکومەت نەیتوانیوە هەندێک بەرپرسی گەندەڵ بداتە دادگا و گەندەڵی سنووردار بکات. لە خۆپیشاندانێکی وەهاشدا کە هیچ لایەن و ڕەوتێکی سیاسیی بە فەرمی خۆیان نەکردۆتە خاوەن و پێشڕەو، دوور نییە دەستتێوەردان و بەلاڕێدابردن و ئاڕاستەکردنی نادروست ڕوو بدەن، هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ فراوانبوونی ئەم خۆپیشاندانانەدا، دەستوەردانی زیاتریش بکرێت".

باسی ئەوەت کرد کە هێشتا عیراق بە تەواویی خاوەنی سەروەریی نییە، بەڵام بەپێی ماددەی 67 لە دەستووری هەمیشەیی عیراق/ ساڵی 2005، پارێزگارییکردن لە سەروەریی خاکی عیراق ئەرکی سەرۆک کۆمارە، کەواتە سەرۆک کۆمار چی کردووە بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی عیراق؟

هاوژین عومەر لە وەڵامدا وتی "بەڕێز دکتۆر بەرهەم ساڵح تەنها یەک ساڵە وەکو سەرۆک کۆماری عیراق دەستبەکار بووە، ئەگەرچی عیراق وڵاتێکی پڕ کێشەیە، بەڵام لەم ماوە کەمەشدا چەندین هەوڵی گرنگی داوە لەو پێناوەدا، لەوانە چاککردنی پەیوەندییەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها هەوڵی داوە عیراق ڕۆڵێکی بێلایەنانەی هەبێت لە کێشەکانی ناوچەکەدا، لەگەڵ چاککردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە بە هەوڵی سەرۆک کۆمار و بە تەنسیق لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق، توانرا هێزەکانی حەشدی شەعبی بە فەرمانی ئیداریی بخرێنە ناو مەنزوومەی بەرگریی عێراقەوە و هەموو مەرج و بڕیارە فەرمییەکانیان بە سەردا جێبەجێ بکرێن، ئەم بابەتانە دەچنە خانەی دروستکردنی سەروەریی و مەرکەزیەت و بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەمانە کۆمەڵێک خاڵن بۆ ئەوەی لە سۆنگەیانەوە عیراق کەسایەتیی سیاسیی خۆی بەدەست بهێنێتەوە".

ڕاوێژکارەکەی سەرۆک کۆماری عیراق ڕەتی کردەوە، سەرۆک کۆماری عیراق بەغدای جێهێشتبێت و گەڕابێتەوە هەرێمی کوردستان، وتیشی "هەموو ئەوانە "درۆ" و پڕوپاگەندەن لە پێناو دروستکردنی" بەلبەلەی" زیاتر دەکرێن، تا پێش ئەم پەیوەندییە تیلیفۆنییەی ئه‌م وتووێژه‌ بە هیچ جۆرێک بەرنامە نەبووە سەرۆک کۆمار بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوکاتەی پڕوپاگەندەکە بڵاو کرایەوە، سەرۆک کۆمار لە کۆشکی کۆماریی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆبوونەوەدا بوو بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان. تا دوو ڕۆژ پێش ئێستاش بڕیار بوو لە ڕۆژی شەممە ساڵیادی کۆچی دوایی "بەڕێز مام جەلال" بە ئامادەبوونی سەرکردە و بەرپرسە سیاسییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان لە کۆشکی سەلام بەڕێوە بچێت، بۆیە ئەو دەنگۆیانە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نین کە "بەڕێز سەرۆک کۆمار" گەڕابێتەوە هەرێمی کوردستان، ناوبراو هەر یەکەم ڕۆژ لەگەڵ دوو سەرۆکایەتییەکەی دیکە و بەرپرسانی سیاسیی عیراق کۆبوویەوە، تا دەستبەجێ کۆمەڵێک ڕێوشوێنی پێویست بگیرێنە بەر بە مەبەستی دامرکاندنەوەی توڕەیی خەڵک"

دەربارەی ئەوەی بۆچی سەرۆک کۆماری عیراق پەیامی ڕاستەوخۆی بۆ خۆپیشاندەران نەبووە؟ هاوژین عومەر وتی "چونکە داواکارییەکان ئاڕاستەی حکومەت کراون، لە ڕووی دەستوورییشەوە دامەزراوەی حکومەت و سەرۆک وەزیران لایەنی یەکەمی جێبەجێکردن و بەرپرس و تایبەتمەندن بەو پڕۆسەیەوە، تەنانەت لە عیراقدا ڕەخنەکان ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی کۆمار و نوێنەرانی کورد لە عێراق نین، چونکە هەموان دەزانن سەرۆکایەتیی کۆمار ڕۆڵی ئیجابی هەبووە لە واقیعی ئێستای عیراقدا، تەنانەت بەشێک لە سەرکردە و کەسایەتییە سیاسییەکان دەڵێن ئەگەر گرفتی پشکپشکێنە نەبوایە لە عێراقدا، بۆ ئێمە گرنگتر بوو کە بەرهەم ساڵح سەرۆک وەزیران بوایە، وەک لەوەی کە ئێستا ئەم کابینەیە ئەنجامی دەدات".

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:51 0:00


XS
SM
MD
LG