Accessibility links

"هێزى شاراوە" گۆڕەپانى سیاسى عێراقى شڵەقاندووە


پەیامى مەرجەعیەتى باڵاى شیعیەکانى عێراق بۆ خۆپیشاندەران مایەى "نائومێدى"بوو، بەو پێیەى پەیامەکە لە ئاست چاوەڕوانى ئەواندا نەبوو، دۆخى عێراقیش گەرچى ئەمڕۆ هەینى تاڕادەیەک هێور بۆتەوە، بەڵام سەرهەڵدانەوەى ناڕەزایەتیەکان لەئان و ساتدایە.

لە کاتێکدا خۆپیشاندەرانى عێراق، چاوەڕوان بوون، ئەمڕۆ هەینى، مەرجەعیەتى باڵاى شیعەکانى عێراق، کۆتایى بە ململانێى نێوانیان لەگەڵ دەسەڵاتى ئێستاى عێراقدا بهێنێت و بە تەواوەتى پشتگیریان بێت، بەڵام مەرجەعیەت پەیامەکەى لە"داواکارى چاکسازى و ب ەدادگایى گەیاندنى گەندەڵکاراندا" کورت کردەوە، بێ ئەوەى هیچ سەقفێکى زەمەنى دیارى بکات.

ئەحمەد سافى نوێنەرى عەلى سستانى مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق، لە وتارى ئەمڕۆ هەینى دا، پەیامى مەرجەعیەتى خوێندەوە و داواى لە سێ سەرۆکایەتیەکەى عێراق کرد، چاکسازى ڕاستەقینە دەستپێبکەن، هەروەک ڕەخنەشى لەدەسەڵاتى دادوەرى گرت بەوەى بە کارى خۆى هەڵنەستاوە.

بەڕاى چاودێران، پەیامەکەى مەرجەعیەت گەرچى پشتگیرى بەشێک لە داواکارى خۆپیشادەرانى تێدابوو، بەڵام لەلایەکەى تر پشتگیرى مانەوەى حکومەت بوو، هەروەها هێزە ئەمنیەکانیشى دەستکراوەتر کرد بۆ لەمپەر دروستکردن لەبەردەم خۆپیشاندەراندا.

سالار مەحمود راوێژکارى سەرۆک کۆمارى عێراق، پێیوایە عێراق بە قۆناغێکى سەخت و دژواردا تێپەڕ دەبێت، بەو پێیەى داواکاریـیەکان، داواکارى گۆڕانکارى ڕیشەین لەبەڕێوەبردن و ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى ، دەڵێت"لابردنى کۆمەڵێک بڕیار بەدەست کە رێگرن لەبەردەم چاکسازیدا و دەسەڵاتیان لایە، یەکێکى ترە لە خواستەکان."

سالار مەحمود، روونیکردەوە دەسەڵاتى عێراق کۆمەڵێک لێپێچینەوەى خێراى بەدەستەوەیە بۆ گۆڕینى بەشێک لە وەزیرەکان و دادگایـیکردنى هەندێک لەوانەى کە لەنێو دەسەڵاتدان و لاى دەستەى نەزاهە دۆسیەیان هەیە، وتى"پەرلەمانیش دەیەوێت بەدواداچوونى خێرا بکات بۆ هۆکارى جێبەجێ نەکردنى ئەو بڕیارانەى لە بودجەى ساڵانەدا دراون."

هێوربوونەوەى دۆخى عێراق بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک، مایەى دڵخۆشى نیـیە بۆ بەرپرسانى عێراق، بەو پێیەى شەقامى عێراقى کەوتۆتە دەست "هێزێکى شاراوە" و هەرکات بیانەوێت، بە هەزاران خۆپیشاندەر دێنێتەوە سەر شەقام.

لە هەمووشى ترسناکتر بۆ حکومەتى عێراق، توڕەیى گەنجان و خۆپیشاندەرانە، کە سڵ لە هیچ ناکەنەوە و لەنێو بەغداى پایتەختدا، بەسەدان سەربازیان چەک کردووە و چەندین ئۆتۆمبێلى سەربازیشیان سوتاندووە.

هەروەها خۆپیشاندانى ئەمجارەى عێراقیەکان جیاوازترە، بەو پێیەى خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانى تەحریر ڕاناوەستن، بەڵکو بەرەو ناوچەى سەوز دەڕۆن و ڕێگە سەرەکیەکان دادەخەن، ئەمە جگە لەوەى داواکارى سیاسى، تێکەڵ بە دروشم و خواستەکانیشیان بووە.

بەڕاى سیاسەتمەدارانى عێراق، هیچ لایەنێکى عێراقى تا ئێستا پشتگیرى خۆپیشاندەرانى نەکردووە، ئەگینا دۆخەکە دەتەقیەوە، بە تایبەت ئەوان پێیانوایە، ژمارەى راستەقینەى خۆپیشاندەرە کوژراوەکان دەشاردرێتەوە و گەیشتۆتە نزیکەى 100 کەس.

سەرچاوەیەکى ئاگادار لە ئاڵۆزیە سیاسیەکانى عێراق، بە دەنگى ئەمەریکاى وت"لەبارەى ئاڵۆزیـیەکانى عێراق، سێ بۆچوون لە نێو لایەنە شیعیەکاندا دروستبووە."

سەرچاوەکە بۆچوونەکانى بۆ دەنگى ئەمەریکا ئاشکراکرد، روونیکردەوە عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆچوونى وایە، ئەوەى ڕوودەدات پیلانگێڕیە لەدژى و هەوڵێکە بۆ دوورخستنەوەى، پاساویشى ئەوەیە کە خۆپیشاندانەکان هەر لە سەرەتاوە بە توندوتیژى دەستیانپێکردووە.

بەوتەى سەرچاوەکە، بەشێکى تر لە لایەنە شیعیەکان پێیانوایە ئەوەى ڕوودەدات مەترسیـیەکى گەورەیە لەسەر عێراق و دەستى وڵاتانى زلهێزشى لە پشتەوەیە، وتى"بەشێکى تر لە شیعەکان وا لە دۆخەکە دەڕوانن، ناڕەزایەتیـیەکان دەرئەنجامى گەندەڵى و ناعەدالەتى و خراپى دۆخى خەڵکن."

بەپێى زانیاریەکان، لایەنە شیعیەکان گفتوگۆیان لەسەر دۆخى عێراق کردووە، چەند سیناریۆیەکیان بۆ حاڵەتى درێژەکێشانى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیـیەکان داڕشتووە.

یەکێک لە سیناریۆکان دوورخستنەوەى عادل عەبدولمەهدى یە لە پۆستەکەى و دانانى کەسێکى ترە، بەو مەرجەى سێ مانگ بەو کەسە بدرێت، تا چاکسازى بکات و شەقام لە حکومەت ڕازى بکات، بەڵام "عادل عەبدولمەهدى ئامادەى دەست لەکارکێشانەوە نیـیە."

سیناریۆیەکى تر کە تەنها باسکراوە و لەگەڵ خۆیدا گفتوگۆى لەبارەوە نەکراوە، ئەوەیە کە دواى دەست لەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى، دەسەڵاتەکانى بدرێتە سەرۆک کۆمار و ئەو سەرپەرشتى پـرۆسەى چاکسازى بکات، تا ئەوکاتەى شیعەکان کەسێکى تر دادەنێن.

لە کاتێکدا گفتوگۆى نێوخۆیى شیعەکان بەردەوامى هەیە، بڕیارە سبەینێ شەممە، پەرلەمانى عێراقیش بۆ تاوتوێکردنى داواکارى خۆپیشاندەران کۆببێتەوە، ئەگەرچى تەواوبوونى نیسابى یاسایى قورسە. بەتایبەت موقتەدا سەدریى سەرۆکى رەوتى سەدر، داواى لەپەرلەمانتارەکانى کرد، ئەندامێتى خۆیان هەڵپەسێرن، تائەوکاتەى حکومەت چاکسازى دەکات.

جەمال ئەحمەد ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، لەبارەى کۆبوونەوەکەى سبەینێى پەرلەمان، بە دەنگى ئەمەریکاى وت"گەر خۆپیشاندانەکان بەهێز بن و حکومەت بەردەوام بێت لەسەر لێپێچینەوە توندەکانى، ڕەنگە کۆبوونەوەى سبەینێ سەر نەگرێت."

وتیشى"گەر دۆخەکە هێور ببێتەوە، پەرلەمان کۆ دەبێتەوە، نوێنەرى خۆپیشاندەران بۆ نێو هۆڵى پەرلەمان بانگ دەکرێن، تەوەرەکانى کۆبوونەوەکە تایبەت دەبن بە داواکاریـیەکانیان."

چاوەڕوان دەکرێت وەکو وەڵام دانەوەیەکى خێرا بۆ داواکاریـیەکانى شەقام، عادل عەبدولمەهدى نزیکەى 7 وەزیرى کابینەکەى بگۆڕێت، کە ڕەنگە ئەم گۆڕانکاریـیانەش مشت‌ومڕیان لێبکەوێتەوە.

عادل عەبدولمەهدى کە هەوڵى هێورکردنەوەى دۆخەکە دەدات، رایگەیاند"حکومەت بۆ یەکەمجارە بەرنامەیەکى بە ژمارەوە بۆ چاکسازى پێشکەشکردووە و ئەمەش تەنیا قسە نیە بۆ فریودانى میللەت."

ئامادەیى خۆشى بۆ کارکردن لەگەڵ هەرکەس و لایەنێک نیشاندا کە بیەوێت چاکسازى بکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:33 0:00


XS
SM
MD
LG