ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێس دەڵێت ژمارەی کوژراوانی ئاکامی خۆپـیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت و ژمارەیەک لە پارێزگاکانی عێراقی گرتووەتەوە، گەیشتە 31 کەس کە زۆربەیان خۆپـیشاندەرانن. هەروەها بە سەدان کەسی دیکە برینداربوون و دەیان کەسیش دەستگیرکراون.
هێزەکانی ئاسایش ئەمڕۆ پـێنجشەممە تەلی دڕکاوی و ئۆتۆمبیلی زرێپـۆشیان هێنابووە سەر جادەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپـیشاندەران. هاوکات دەسەڵاتداران هێڵی ئنتەرنێتیان لە چەندان ناوچەکە بڕی.
ئەسۆشیەتد پـرێس دەشڵێت بەپـێی کاربەدەستێکی تەندروستی ئەمڕۆ بەلایەنی کەم 3 خۆپـیشاندەر لە ناوچەی زەعفەرانیـیەی باشوری ڕۆژهەڵاتی بەغدا کوژراون.
سەرچاوەیەکی تەندروستیش دەڵێت لە شاری ناسریـیەی ناوەندی پارێزگای زی قار بە لایەنی کەم 6 خۆپـیشاندەر کوژراون.
دەسەڵاتدارانی عێراق بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆیان داوە لە بەغدای پایتەخت و هەردوو پارێزگای مەیسان و نەجەف.