Accessibility links

دۆخى عێراق لە نێوان ململانێى دەرەکى و تەقینەوەى ناوخۆیـیدا


خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانى عێراق بەردەوامیان هەیە، حکومەتى عێراق لەلایەک لە رێگەى بەکارهێنانى هێز و لە لاکەى تر لە رێگەى پێدانى بەڵێن، کار بۆ هێورکردنەوەى دۆخەکە دەکات، خۆپیشاندەرانیش تا دێت توڕەتر و بێ متمانە تر دەبن.

خۆپیشاندانەکانى چەند ڕۆژى رابردووى عێراق، کوژرانى نزیکەى 15 کەس و برینداربوونى سەدان کەسى ترى لێکەوتۆتەوە، هەمووان چاوەڕوانى سبەینێ هەینى دەکەن، کە پێدەچێت ئاراستەى خۆپیشاندانەکان زیاتر ڕوونتر ببنەوە.

سبەینێ هەینى، پێدەچێت خۆپیشاندانەکان قەرباڵغترتر بن و نارەزایەتى زۆربەى ناوچەکان بگرێتەوە، چاوەڕوانى ڕاى مەرجەعیەتى باڵاى شیعەکانیش لە وتارى هەینى دا دەکرێت، هەروەک ڕوون بوونەوەى ڕاى لایەنەکانە عێراقیەکانیش کە تائێستا تەماشاکەرن، ئەگەرێکى ترە.

پۆڵا تاڵەبانى بەرپرسى مەڵبەندى بەغداى یەکێتى، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"خەڵکى چاوەڕێى دەکرد کابینەکەى عادل عەبدولمەهدى شەڕى گەندەڵى و چاکسازى بکات، بەڵام وا ساڵێکە هیچى نەکردووە، بۆیە خەڵک ئارامى لێ بڕاوە و چیتر دۆخەکەى پێ قەبوڵ ناکرێت."

پۆڵا تاڵەبانى، پێیوایە خۆپیشاندانەکانى عێراق خۆڕسکن، دەرئەنجامى توڕەبوونى خەڵکى برسى و بێ دەرامەتن، وتى"بەڵام چاوەڕوان دەکرێت سیاسیەکان سوارى شەپۆلى نارەزایەتیەکان بن."

خۆپیشاندانەکان تا ئێستا سەرکردایەتیەکى دیاریان نیە، هیچ هێز و لایەنێکیش پشتگیرى راستەوخۆى خۆپیشاندەرانى نەکردووە ، کە ڕەنگە ئاڵۆزیەکان هۆکارى خۆ بەدوورگرتنى لایەنەکان بێت.

پێشتر ڕاى عێراقیەکان وابوو، تەنها سەدریەکان تواناى جوڵاندنى شەقامیان هەیە، بەڵام خۆپیشاندانەکانى ئەمجارە ، ئەو تێڕوانینەى بەتەواوەتى پوچەڵکردەوە.

دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدارى کورد، دەڵێت"ئەوەى ئێستا لە عێراق ڕوودەدات، تەقینەوەى ململانێ نێوخۆیى و دەرەکیەکانە."

بەبڕواى مەحمود عوسمان، بێکارى و دانەمەزراندن و گەندەڵى و خراپى گوزەرانى خەڵک، دۆخى عێراقى تەقاندۆتەوە، بەڵام "ململانێ دەرەکیەکانیش، جۆشدانى زیاترى بە دۆخەکە بەخشیووە."

مەحمود عوسمان، باسیلەوەکرد حکومەتى عێراق زیاتر بەلاى ئێران دا دایشکاندووە، خەڵکى عێراق ترسى ئەوەى هەیە ئەم لایەنگیریە، وڵاتەکەیان توشى شەڕ و شۆڕ بکات،بەتایبەت ئێرانیەکان، عێراق بە بەرەى پێشەوەیان ناودەبەن، وتى"گەر تەماشا بکەى شیعارى بەشێک لە خۆپیشاندەران دژى ئێرانە، ئێرانیەکانیش خۆپیشاندەران بە بەعسى و دەستى ئەمەریکا ناودەبەن."

نارەزایەتى لەناوچە شیعیەکانەوە سەریهەڵداوە و زۆربەى ناوچەکانى خوارووى عێراقى گرتۆتەوە، خۆپیشاندەران گەرچى توڕەن لە خراپى دۆخ و گوزەرانیان، بەڵام دروشمە سیاسیەکانیان، دەرخەرى ئەوەن،بوونى عێراق بە گۆڕەپانى ململانێى سیاسى زلهێزەکان، بێزارى کردوون.

لایەنە شیعیەکان، هەرچەندە ترسیان لەوە هەیە دۆخەکە لەدەست دەربچێت، بەڵام ناکۆکیان لەگەڵ سەرۆک وەزیراندا وایکردووە، خۆشحاڵن بن، بەو دۆخەى عەبدولمەهدى تێدایە، گەرچى دڵنیان لەوەى ناشتوانن لەسەر جێگرەوەى رێکبکەون.

دکتۆر موسەنا ئەمین، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، پێیوایە خۆپیشاندانەکانى عێراق پەیوەندیان بە سێ هۆکارى سەرەکیەوە هەیە، وەکئەو دەڵێت"خراپى دۆخ و گوزەرانى خەڵک و زۆرى گەندەڵى، ململانێى نێو لایەنە شیعیەکان، لەگەڵ ململانێى ئەمەریکا و ئێران لەسەر خاکى عێراق."

گەورەترین گرفتى لایەنە شیعیەکان کەبووەتە مایەى دەستەوەستان بوونیان ئەوەیە، ناتوانن گۆڕانکارى خێرا لەحکومەتى ئێستاى عێراق دا بکەن، تواناى وەڵام دانەوەى داواکاریەکانى شەقامیشیان نیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:52 0:00


XS
SM
MD
LG