Accessibility links

د.موسه‌نا:كۆی گشتی خزمه‌تگوزاری و ئه‌من و ئاسایش له‌كوردستان زۆر باشتره‌ له‌به‌شه‌كانی تری عیراق


د.موسه‌نا ئه‌مین

له‌م وتووێژه‌دا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، د.موسه‌نا ئه‌مین ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان باس له‌ خۆپیشاندانه‌كانی عیراق ده‌كات هه‌روه‌ها وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌ ئایا هیج وڵاتێكی ده‌ره‌كی له‌پشت ئه‌و خۆپیشاندانانه‌وه‌یه‌؟ هه‌روه‌ها باس كاریگه‌ری ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان."

ده‌قی وتووێژه‌كه‌:

" تا ئێستا ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ نه‌بۆته‌ ئه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌ره‌كی به‌ڕێوه‌ی ببات "

لەسەرەتای وتووێژەکەی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا، د.موسەنا ئەمین لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێستای عیراقەوە دەڵێت" تا ئێستا دیار نیە جیاوازی نێوان خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە لەگەڵ جارانی پێشتر ئەوە نەبێت کە ئەو خۆپیشاندانانەی پێشتر لایەنێکی سیاسی دیاریکراو ڕێکی دەخست، ئەوه‌ی ئێستا خەباتی شەقام و مەدەنی کۆمەڵێکی تر لەخەڵک بەڕێوەی دەبەن و هانی دەدەن، سۆشیاڵ میدیا زیاتر کاریگەری لەسەری هەیە وە داخوازییەکانیش داخوازی چاکسازین، خەڵکی عیراق چاوەڕوانی زیاتر لە حکومەتێک ده‌كه‌ن کەساڵانە بەدەیان ملیار دۆلارەوە مامەڵە دەکات هێشتا خزمەتگوزارییەکان لەجێگای خۆیدانین وە ئەو ماوەیەش کە پێویست بوو بۆ ئەوەی حکومەت بیکات و دڵی شەقامی عیراقی خۆش بکات نەیکردووە، منیش ناڵێم کێ به‌رپرسیاره‌ چونكه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی میراتگری كۆمه‌ڵێك حكومه‌تی خۆیه‌تی به‌ڵام چاوه‌ڕوانیه‌كانی خه‌ڵكی عیراق زۆر زیاترن له‌وه‌ی كه‌ حكومه‌ت ده‌یكات، حكومه‌ته‌كه‌ پڕه‌ له‌گه‌نده‌ڵی و مه‌حسوبیه‌ت له‌كاتێكدا خاوه‌ن بڕوانامه‌ی دكتۆرا دانامه‌زرێت به‌ڵام ده‌زگا ئه‌منیه‌كان به‌ فیتی ده‌ره‌كی گه‌وره‌ ده‌كرێن حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ ته‌واو بووه‌ به‌ڵام گه‌وره‌ ده‌كرێت ."

د.موسه‌نا ئه‌مین به‌دوری زانی خۆپیشاندانه‌كانی به‌غداد ده‌ستی ده‌ره‌كی بیانجوڵێنێت و وتیشی" به‌ڵام ڕوونه‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی له‌ عیراقدا خۆی بونی هه‌یه‌ سه‌ربه‌خۆی سیاسی و سه‌روه‌ری ته‌واوه‌تی خۆی نیه‌ جگه‌ له‌وه‌ی تا ئێستاش عیراق هه‌ڵوێستی وڵاتانی دراوسێ وه‌ وڵاتانی هاوپه‌یمان و ئه‌مریكاش ده‌خوێنێته‌وه‌، وه‌ كۆمه‌ڵێك هێز له‌ عیراقدا هه‌ن ڕوون و ئاشكرا وابه‌سته‌ی وڵاتانی دراوسێن."

وتیشی" وانازانم ئه‌و خوێنده‌وه‌ ڕاست بێت كه‌ بوترێت ده‌ستی ئێران له‌م خۆپیشاندانانه‌یه‌ تا ئه‌مریكا له‌ عیراق سه‌رقاڵ بكات، چونكه‌ هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ندێك دروشمی خۆپیشانده‌ران له‌ دوێنێ بڕوانین ده‌بینین به‌شێك له‌ دروشمه‌كان دژی ئێرانه‌، به‌ڵام بێگومان هه‌موو ڕوداوێكی ناوخۆیی ده‌كرێت ببێته‌ ماده‌یه‌ك بۆ ده‌ستوه‌ردانی هه‌رێمی و ده‌ره‌كی به‌ڵام تا ئێستا ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ نه‌بۆته‌ ئه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌ره‌كی به‌ڕێوه‌ی ببات، ئه‌مه‌ تا ئێستا ڕوون نیه‌ تا من بتوانم بیڵێم."

" ئه‌گه‌ر ئه‌م جوڵانه‌وانه‌ به‌رده‌وام بن و ده‌سكه‌وتیان هه‌بێت وه‌ زۆربهێنن بۆ حكومه‌ت، دوور نیه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستانیش ئیلهامی لێوه‌ربگرن و بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، به‌ڵام كۆی گشتی خزمه‌تگوزاری و ئه‌من و ئاسایش له‌كوردستان زۆر باشتره‌ له‌به‌شه‌كانی تری عیراق "

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م خۆپیشاندانه‌نه‌ی عیراق چه‌نده‌ كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ؟

د.موسه‌نا ئه‌مین له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر ئه‌م جوڵانه‌وانه‌ به‌رده‌وام بن و ده‌سكه‌وتیان هه‌بێت وه‌ زۆربهێنن بۆ حكومه‌ت، دوور نیه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستانیش ئیلهامی لێوه‌ربگرن و بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكیشدا ژینگه‌ و دۆخی كوردستان جیاوازه‌ له‌ ته‌واوی شوێنه‌كانی تری عیراق، من ناڵێم حاڵه‌تی كوردستان باشه‌ یا چیه‌، به‌ڵام حاڵه‌تی ناوه‌ڕاست و خوارووی عیراق زۆر زۆر خراپه‌ له‌باری خزمه‌تگوزاری و نه‌بونی ده‌رفه‌تی كار وه‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاوی هه‌ژاری و به‌سه‌ربازگه‌كردنی شاره‌كان حاڵیان زۆر له‌كوردستان خراپتره‌، بۆیه‌ بێگومان زۆر شت هه‌یه‌ له‌كوردستان باشتره‌ له‌ناوه‌ڕاست و خوارووی عیراق ."

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عیراق ده‌شڵێت" ئه‌مه‌ شتێك نیه‌ من بیڵێم بۆ پشتیوانی له‌ حكومه‌تی هه‌رێم بێگومان حكومه‌تێكی گه‌نده‌ڵه‌ كه‌ به‌رپرساره‌ له‌هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به‌ڵام ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌ویژدانه‌وه‌ قسه‌بكات حاڵی ئه‌وان زۆر له‌هی ئێمه‌ خراپتره‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌ "ته‌قالیدی" ده‌وڵه‌تدا حاڵیان له‌ ئێمه‌ باشتر بێت له‌وه‌ی كه‌لای ئێمه‌ بنه‌ماڵه‌یه‌تی ته‌واو گۆڕه‌پانی سیاسی له‌كوردستان داگیر ده‌كات به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا كۆی گشتی خزمه‌تگوزاری و ئه‌من و ئاسایش له‌كوردستان زۆر باشتره‌ له‌به‌شه‌كانی تری عیراق."

سه‌باره‌ت به‌كاریگه‌ری ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ له‌سه‌ر گفتوگۆكانی هه‌رێم و به‌غداد وه‌ موچه‌ و بودجه‌ی هه‌رێم؟ د،موسه‌نا ئه‌مین ده‌ڵێت" بێگومان ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ دۆخی سیاسی له‌عیراق ئیفلیج ده‌كات، وه‌ ئایا حكومه‌ت ده‌ست له‌كارده‌كێشێته‌وه‌ یا نا؟ له‌حاڵی بونی بێگومان شته‌كان به‌ ئاراسته‌یه‌كی تردا ده‌ڕوات له‌حاڵه‌تی مانه‌وه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌ش هه‌ر كاریگه‌ری به‌جێ ده‌هێڵێت به‌ڵام ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ زیاتر ناوه‌ڕاست و خواروی عیراقی گرتۆته‌وه‌ زۆر په‌یوه‌ندی به‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ نیه‌، وه‌ ژیانی سیاسی و ئیداری له‌به‌غداد په‌كی نه‌كه‌وتووه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:35 0:00


XS
SM
MD
LG