Accessibility links

کوژراو و برینداری دیکە لە خۆپـیشاندانەکانی عێراق دەکەونەوە


خۆپـیشاندانی ناڕەزایی بۆ ڕۆژی دووەم بەغدای پایتەخت و چەند پارێزگایەکی عێراقی گرتەوە و هێزەکانی ئاسایش بە بەکارهێنانی ئاو و گازی فرمێسک ڕێژ و گولـلە هەوڵی بڵاوەپـێکردنی خۆپـیشاندەرانیان داوە.

عەبدول حسێن ئەلجابری بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگای زی قار دەڵێت ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2 خۆپـیشاندەر کوژراون، بەمەش ژمارەی خۆپـیشاندەرانی کوژراو گەیشتە 5 کەس.

گوتیشی 16 کەس برینداربوون کە 11 کەسیان لە هێزەکانی ئاسایشن.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت ئەمڕۆ خۆپـیشاندان 5 ناوچەی بەغدای گرتەوە، لەوانە زەعفەرانیـیە و شەعب. ئەم خۆپـیشاندانانە بێ پـێشینەن بەو پـێـیەی هیچ حزبێک و ڕێبەرێکی ئاینی داوای ئەنجامدانیانی نەکردووە.

خۆپـیشاندەران دەڵێن داواکاریـیەکانیان ڕەوان، ئەویش لێپـێچینەوە لە گەندەڵکاران و نەهێشتنی بێکاری لە وڵاتەکەدا و چاککردنی خزمەتگوزاریـیەکان.

لە ناوچەی شەعب، محەمەد ئەلجبوری کاسپکارە هەرچەندە هەڵگری بڕوانامەی ئەندازیاریـیە، بە فڕانس پـرێسی گوتووە"هەموو شتێکمان دەوێت، نیشتمانمان دەوێت، هەست دەکەین بیانین لە وڵاتەکەماندا، هیچ دەوڵەتێک نیـیە دەستدرێژی بکاتە سەر میللەتەکەی وەک ئەوەی ئەم حکومەتە کردوویەتی. ئێمە بە ئاشتیانە ڕەفتار دەکەین، بەڵام ئەوان تەقەمان لێدەکەن."

خۆپـیشاندانەکان هەروەها پارێزگاکانی زی قار و دیوانیـیە و قادسیـیە و نەجەف و بەسڕەی گرتووتەوە.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیری عێراق لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" جیاوازی ناکەن لە نێوان ئەو خۆپیشاندەرانەی بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە خۆپـیشاندان دەکەن و هێزەکانی ئاسایش ئەوانەی ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن لە پاراستنی ئاسایشی خۆپـیشاندەران و نیشتمان و سەروەت و سامانی گشتی، بەڵام جیاوازی دەکەن لەگەڵ ئەوانەی بە شێوەیەکی نائاشتیانە جۆرە دروشمێکیان بەرزکردووەتەوە کە سزای یاسایی هەیە و هەڕەشەن بۆ سەر سیستەمی گشتی و ئاشتەوایی خەڵکی و هەروەها بوونەتە هۆی کەوتنەوەی قوربانی لە نێوان خۆپـیشاندەرانی بێ تاوان و هێزەکانی ئاسایش کە ئەندامەکانیان بە چەقۆ لێـیان دراوە و بە بۆمبی دەستی سووتێنراون."

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا لە بارەی خۆپیشاندانەکانەوە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا مەخابنی خۆی دەربڕیوە، دەڵێت

"چاودێری خۆپـیشاندانەکان دەکەین، وە خۆپـیشاندان مافێکی بنەڕەتیـیە لە هەموو سیستەمە دیموکراسیـیەکاندا، بەڵام بوار بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی لە خۆپـیشاندانەکاندا بۆ هیچ لایەک نیـیە.

دڵگرانین بۆ ئەوانەی گیانیان لەدەستدا و سەرەخۆشی لە کەسوکاریان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی بە پەلە بۆ بریندارەکانی هێزەکانی ئاسایش و خۆپـیشاندەران دەخوازین. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین توندوتیژی ڕەتبکەنەوە و لە هەمان کاتدا پـشوویان درێژبێت."

XS
SM
MD
LG