Accessibility links

کاردانەوەی پەرلەمانتارێکی عێراقی پاش هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانی لەسەری


دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق، وێنەی ئەرشیف

پەرلەمانتارێکی عێراق پاش ئەوەی لە لایەن پەرلەمانی وڵاتەکەیەوە پارێزبەندی پەرلەمانی لەسەر هەڵدەگیرێت، لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز گۆرانیـیەک پـێشکەشی ئەو پەرلەمانتارانە دەکات کە لە دژی دەنگیان دابوو.

ئەمڕۆ سێشەممە لە دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق، پـرۆسەیەکی دەنگدان بەڕێوەچوو بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانی لەسەر فائق شێخ عەلی، سەرۆکی هاوبەندی تەمەدون "تمدن".

محەمەد ئەلحەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان گوتی زۆربەی پەرلەمانتارە ئامادەبووەکان دەنگیان داوە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیـیەکە، بۆیە پـرۆژە بڕیارەکە پەسەندکرا.

فائق ئەلشێخ عەلی کە ناسراوە بەوەی ڕەخنەگرێکی توندی سیاسیـیە، سێ سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە، لەوانە بەرزنرخاندن و مەزنکردنی حزبی بەعس.

ناوبراو لە مانگی سێی ڕابردوو لە چاوپـێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا گوتی " با ئەو سیاسیانەی حوکمی وڵاتەکە دەکەن گوێبگرن کە چەند ڕەوشت نزمن و پـێڵاوەکانی ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر لەوان خاوێن ترە..." جێی ئاماژەیە ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر سەرۆکی عێراق بوو لە ساڵانی نێوان 1968 هەتا 1979 و ئەندامی حزبی بەعس بوو.

پاش بڕیارەکەی پەرلەمان، فائق شێخ عەلی لە تویتەرەکەی بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز نووسی" دیاریم بۆ ئەوانەی لە دانیشتنی پەرلەمان لە 17 ی مانگی نۆی 2019 لە دژم دەنگیان دا، ئەم گۆرانیـیەیە کە لە پاش دەنگدانەکەتان گوێم لێگرت. پـێشکەشتانی دەکەم هەتا بۆ چەند ڕۆژێک چێژی لێببینن... پاشان گۆرانیـیەکی دیکەتان پـێشکەش دەکەم."

لە لایەکی دیکە ئەحمەد ئەلجبوری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر تویتەرەکەی ڤیدیۆی پـرۆسەی دەنگدانەکە بڵاودەکاتەوە و لەسەری نووسیویەتی پـرۆسەی دەنگدانەکە بە شێوەیەکی نادەستوری بەڕێوەچووە، بۆیە ڕۆژی چوارشەممە لە دادگای دەستوری تانە لە بڕیارەکەی پەرلەمان دەگرن.

XS
SM
MD
LG