Accessibility links

شوانی:ئەو توركمانانه‌ی ئێمه‌ لەگەڵیان کۆبوینەوە داوایانکرد کورد هاوکارییان بێت تا پارێزگار بدرێتە تورکمان بەڵام پێمان وتن ئه‌وه‌ مافی كورده‌


Khalid Shwani
Khalid Shwani

له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، خالید شوانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان باس له‌ سه‌ردانی شاندی كوردی بۆ به‌غداد و كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ لایه‌نی توركمانی و عه‌ره‌بی ده‌كات له‌سه‌ر پرسی پارێزگاری كه‌ركوك.

ده‌قی وتووێژه‌كه‌:

" كۆبونه‌وه‌ی شانده‌ كوردییه‌كه‌ له‌به‌غداد له‌گه‌ڵ لایه‌نی عه‌ره‌بی و توركمانی....هەرلایەک داواکاری خۆمان خستەڕوو کە ئێمە پۆستی پارێزگاری کەرکوکمان دەوێت "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا شوانی لەبارەی کۆبونەوەی شاندی کوردی لەگەڵ لایەنی عەرەبی و تورکمانی لەبەغداد ڕایگه‌یاند" وەفدەکەی ئێمە نوێنەرایەتی لیستی برایەتی دەکرد لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک،کۆبونەوەکەمان بەمەبەستی ناساندنی کاندیدی لیستی برایەتی بۆ پۆستی پاێزگاری کەرکوک بە پێکهاتەی عەرەب و تورکمانی بوو کە ئەندامیان هەیە لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا وە داواکاریش لێیان کە متمانە بەو کاندیدە بدەن بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگار، وە لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەیەکی سیاسی و ئیداریشمان پێبوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پێکهاتەی عەرەب و تورکمان کە دەکرێت ببێتە پڕۆژەیەک لەسەری ڕێکبکەوین لەداهاتوودا کاتێک ئێمە داوای ئیستحقاقی خۆمان دەکەین لە پۆستی پارێزگار و ئیدارەی شارەکە ئەی تورکمان داوای چی دەکات؟ وە عەرەبیش داوای چی دەکات؟ بەهەمان شێوە پڕۆژەیەکی سیاسی هەبێت بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی لەسەر بکەین تا هەڵبژاردنەکان و هەتا دوای هەڵبژاردنەکانیش ئەگەر بکرێت."

خالید شوانی ئه‌وه‌شی وت" هەرلایەک داواکاری خۆمان خستەڕوو کە ئێمە پۆستی پارێزگاری کەرکوکمان دەوێت ئەمە ئێستحقاقێکی ئینتیخابی و یاساییە وە لەبەرامبەریشدا کورد دوور خراوەتەوە لەدۆخی ئیداری شاری کەرکوکدا بۆیە ئێمە داوادەکەین پارێزگار هەڵبژێرردرێت کەکاندیدی لیستی برایەتیە لەبەرامبەردا تورکمان و عەرەبیش داواکارییان هەبوو."

وتیشی" هێشتا کۆبونەوەکانمان تەواو نەبووە و لەگەڵ چەند لایەنێکی تری تورکمانی و عەرەب کۆدەبینەوە کەبەشێک نین لە لیستێکی دیاریکراوی یەکگرتوو وە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای تری کەرکوک لە عەرەب و تورکمان هەیە کە ئەوانیش داواکارییەکانیان جیاوازە، کۆبونەوەکان ئەمڕۆ و سبەی بەردەوام دەبن و چاوەڕیی وەڵامی ئەوان دەبین لەسەر ڕۆشنایی وەڵامی ئەوان ئێمە بڕیار و هەنگاوی داهاتوو دەنێین."

" بەڕوونی لەگەڵ تورکمان باسمان کرد کە پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك مافی كورده‌، ئەگەر بەشدار بن لەگەڵ ئێمەدا ئەوا ئاماده‌ین پۆستەکانی تری "غەیری" پارێزگای کەرکوک گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین و بیاندەینێ وە ئیستحقاقی خۆشیانە و ئامادەین بیاندەینێ "

دەربارەی ئەوەی دەوترێت تورکمانەکان داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەکەن؟

خالید شوانی دەڵێت" خۆی لایەنی تورکمانی نۆ ئەندامی هەیە لە ئەنجومەنی پارێزگا هەر نۆ ئەندامەکەی وەک یەک بیر ناکەنەوە و دابەش بوون بەسەر چەند بەرەیەکدا وەهەروەها عەرەبیش بەسەر چەند بەرەیەکدا ئەوانەی ئێمە لەگەڵیان کۆبوینەوە داوایان کرد لەکورد کە هاوکارییان بێت تا پارێزگار بدرێتە تورکمان بەڵام ئەوە داواکارییەکی قەتعی نیە چونکە ئەوە کۆبونەوەی یەکەمە و وەک دەزانرێت هەرلایەنە و سەقفی داواکارییەکانی بەرزە بەڵام لەبەرامبەردا ئێمە جەختمان کردەوە کە ئەم پۆستە مافی کوردە و ئێمە دورخراوینەتەوە لە ئیدارە وە ئێمە زۆرینەین لەبەرامبەردا لەپۆستەکانی تردا توركمان و عەرەب هاوبەشی ڕاستەقینەمان دەبن هەروەها لەڕووی سیاسیشەوە ئێمە "تەفاهومیان" لەگەڵ دەکەین وە لەم دوو ڕۆژەدا کۆبونەوەمان لەگەڵ ئەندامانی لیستی برایەتی لەتورکمان و عەرەب دەبێت چونکە تورکمان نۆ ئەندامی هەیە مەرج نیە هەمان بۆچونی بەرەی تورکمانیان هەبێت ئەمە ساڵی 2003 و 2005 نیە، بۆیە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە وەڵامی بەرەی تورکمانیش و ئەنجامی ئەو کۆبونەوانەش دەزانین تا بزانین نەخشە سیاسی و ئیدارییەکە بەرەو کوێ دەڕوات وە لەچوارچێوەی ئەو وەڵامانە ئێمە وەک لیستی برایەتی دوا بریاری خۆمان دەدەین."

خالید شوانی ئەوەشی وت" ئێمە بەڕوونی لەگەڵ تورکمان باسمان کرد کە ئەوان ئەگەر بەشدار بن لەگەڵ ئێمەدا ئەوا پۆستەکانی تری "غەیری" پارێزگای کەرکوک گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین و بیاندەینێ وە ئیستحقاقی خۆشیانە و ئامادەین بیاندەینێ، بەپێی ئیستحقاقی خۆیانە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا یا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیە ئێمە لاریمان نیە و بەگرنگیشی دەزانین بیاندەینێ و لەگەڵمان بن دەمانەوێت بەدانانی پارێزگار کێشە دروست نەکەین بەڵکو دەمانەوێت بەدانانی پارێزگاری کەرکوک سەرەتایەک بێت بۆ گەڕانەوەی متمانە لەنێوان پێکهاتەکژانی کەرکوک وەکاری پێکەوەیش لەناو کەرکوکدا."

" دەڵێن بۆ کورد پارێزگار بووە 15 ساڵ وە عەرەب نزیکەی 2 ساڵە پارێزگارە با تورکمانیش شەش مانگ پارێزگار بێت "

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی تورکمانەکان لەسەر چ بنەمایەک داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەکەن؟

خالید شوانی وتی"تورکمان دەزانن زۆرینەیان نیە لەناو ئەنجومەنی پارێزگادا وە دەزانن پارێزگار بەوان یەکلایی ناکرێتەوە وەدەزانن لەڕووی یاساییەوە پێیان تەواو ناکرێت، ئەوان داوا دەکەن وەک ئیستحقاقی نەتەوەیی دەڵێن بۆ کورد پارێزگار بووە 15 ساڵ وە عەرەب نزیکەی 2 ساڵە پارێزگارە با تورکمانیش شەش مانگ پارێزگار بێت، داواکارییەکەیان زیاتر سیاسی و نەتەوەییە بێ ئەوەی پشت ببەستێت بە هیچ ئیستحقاقێکی تر."

شوانی جەختی کردەوە قورسە لایەنی کوردی بەدیلی داواکاری پارێزگاری کەرکوکی هەبێت و وتیشی" لەبەر یەک هۆکار من لانی کەم لەڕووی شەخسی خۆمەوە ئەوەندە توندڕەو نیم ماف بەخەڵکی تر و پێکهاتەیەکی تر نەدەم لەبەر ئەوەی دوو ساڵە ئەوەندە سیاسەتێکی ناشرینی ئیداری بۆ پڕۆسەی بەعەرەبکردنی کەرکوک لەکەرکوک پیادەکراوە وایلێهاتووە کورد ئەم هەستەی لادروست بووە بەخۆشمەوە کەدەیانەوێت کورد لەشارەکە بسڕنەوە بۆیە وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار گەڕانەوەی شێوەیەکە لە هاوسەنگی بۆ دۆخی ئیدارەی کەرکوک و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ئێستا هەیە بۆیە قورسە کورد دەستبەرداری ئەو داواکارییەی ئێستای ببێت."

"كاندیدی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك نه‌گۆڕاوه‌ و كاندیدی لیستی برایه‌تیه‌ "

دەربارەی دەنگۆی گۆڕێنی کاندیدی پارێزگاری کەرکوک؟ خالید شوانی ڕەتیکردەوە و وتی" کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکوک "بەڕێز تەیب جەبار"ە ، کاندیدی لیستی برایەتیە، وە ڕێککەوتنی لەسەرکراوە، ئەو کاندیدە بەشێک نەبووە لە ململانێ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان و حیزبیەکانی ئەو شارە هەوڵدەدەین دانانی ئەو کاندیدە بکەینە سەرەتای پێکەوە کارکردن و پێکەوە ژیان لەنێوان حیزبەکوردییەکان وە پێکهاتەی تورکمان و عەرەب، بۆیە ئەو دەنگۆیانەی کەباسیان لە گۆڕینی کاندیدەکە دەکرد دوورە لەڕاستیەوە، لەگەڵ برادەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش ڕێککەوتنێکمان هەیە سەبارەت بە پارێزگاری کەرکوک تا ئێستا هەنگاوەکانمان پێکەوە لەو پڕۆسەیە ناوە وە بەردەوامیش دەبین لە پێکەوە هەنگاونان لەو ڕوەوە."

" کەرکوک لە حیزبەکان و کەسەکان گەورەترە "

هەروەها دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگا لەکەرکوک ، خالید شوانی ڕایگەیاند" من بۆخۆم بەگرنگی دەزانم کە کورد یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بێت بۆ ئێستا و قۆناغی داهاتووی کەرکوکیش دوو پڕۆسەی گرنگ لەکەرکوک ئەنجام دەدرێت کە پڕۆسەی هەڵبژاردن و سەرژمێرییە بۆیە هەردوو پڕۆسەکە ئەگەر سەرکەوتوو بێت هەنگاوی گەورە دەنێتە پێشەوە بەڵام ئەگەر "خوانەخواستە" شکست بێنێت کارەساتی گەورە لەڕووی دیموگرافیا و ئیداری بەسەر شاری کەرکوکدا دێت بۆیە هەم بۆ هەڵبژاردن وە هەم بۆ سەرژمێری پێویستە کورد یەک دەنگ بێت بۆیە هەندێک هەوڵی سەرەتایی هەیە بۆ یەکڕیزبوونی کورد هیوادارین کە بەو ئاڕاستەیەدا بڕوات چونکە کەرکوک لە حیزبەکان و کەسەکان گەورەترە."

دەتانەوێت بەم شەش مانگەی پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بوەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک چی بکەن لەو شارە ئایا ترستان نیه‌ كه‌ نه‌توانن دۆخی كه‌ركوك ئاسایی بكه‌نه‌وه‌ و كورده‌كان ده‌نگیان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كه‌م بكات؟

لەوەڵامدا خالید شوانی وتی" پڕۆسەکە پڕۆسەیەکی قورسە هەڵبژاردن بۆیە خۆ ئامادەکردنێکی گەورەی دەوێت، بارودۆخێکی نەخوازراو و سەختە لەکەرکوک بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت دەستبەرداری کەرکوک بین بۆیە پێویستمان هەم بە خۆ ئامادەکردنە وە ئەگەر هەڵبژاردنیش کرا ئێمە وەک نەتەوەی کورد بتوانین سەرکەوتووبین لەکەرکوکدا."

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:25 0:00


XS
SM
MD
LG