Accessibility links

ڕاپـۆرتێک: فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە پشت تەقینەوەکەی هەفتەی ڕابردوو نێو کۆگایەکی تەقەمەنی بەغدا بووە


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێس دەڵێت کۆمیتەیەکی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراق گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی تەقینەوەکەی هەفتەی ڕابردووی کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی لە بەغدا لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بووە.

ئاژانسەکە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند کۆپـیـیەکی ڕاپـۆرتی کۆمیتەکەی پـێگەیشتووە و تیایدا نووسراوە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان هۆکاری تەقینەوەکانی 12 ی مانگی هەشتی ناو بنکەی سەقەری لەشکری بووە کە بووە مایەی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە.

کۆمیتەکە گۆمانەکانی پـێشووی بە دور زانیوە کە دەگوترا تەقینەوەکە ڕەنگە لە ئاکامی شۆرتی کارەبا یان هەڵگرتنی بە هەڵەی تەقەمەنیـیەکان بووبێت.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکان بەشێکی تەقەمەنیـیەکانی کۆگاکە هی حەشدی شەعبی بووە، بۆیە لە ئێستادا زیاتر ئەو پـرسیارە دەکرێت کێ لە پشت ئەو تەقینەوانەیە کە لە نێو بنکەکانی حەشدی شەعبی ڕوودەدەن. تەنیا لە ماوەی ئەم مانگەدا بە لایەنی کەم 4 تەقینەوە ڕوویانداوە.

بە مەبەستی زانینی ڕاستیـیەکان، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بۆ دوو پەرلەمانتاری عێراق کرد، گوتیان سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق زۆر بە هەستیاریـیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پـرسەدا دەکەن و تەنانەت هیچ زانیاریـیەکشیان بەوانیش نەداوە.

هەروەها بەرپـرسێکی باڵای حەشدی شەعبی ئامادە نەبوو لەم بارەیەوە لێدوان بۆ دەنگی ئەمەریکا بدات، دەڵێت ئاگادارکراونەتەوە قسە لەسەر ئەم بابەتە نەکەن. هاوکات سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بۆ دەنگی ئەمەریکای ئاشکراکرد زانیاریـیەکان لە بارەی بۆردومانکردنی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی لە لایەن دەزگا ئەمنیـیەکانی عێراقەوە ئاشکرا ناکرێن، بەڵام گوتی بڕیارەکەی هەفتەی ڕابردووی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیری عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو ڕەزامەندیـیە تایبەتەکان بۆ فڕین لە ئاسمانی عێراق، نیشانەی ئەوەیە گومان دەکرێت بۆردومانی فڕۆکە هۆکاری ئەو تەقینەوانە بن.

لە لایەکی دیکە بەنجامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لە وتووێژێکی بۆ ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل پـرسیاری لێکرا سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکرێت ئیسرائیل لە پشت هێرشەکانی عێراقەوە بێت، ئەویش لەو وەڵامدا گوتی "ئێران لە هیچ شوێنێک پارێزراو نابێت و کەی پـێویست بکات لە دژیان دەجوڵێنەوە."

XS
SM
MD
LG