Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق فەرمان دەکات هەموو سەربازگە و عەمبارەکانی چەک ببرێنە دەرەوەی شارەکان


سەرۆک وەزیری عێراق فەرمانی کردووە هەموو سەربازگە و عەمبارەکانی چەک و تەقەمەنی ببرێنە دەرەوەی شارەکان، ئەمەش پاش تەقینەوەی عەمبارەکانی تەقەمەنی لە سەربازگەیەکی بەغدای پایتەخت لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا.

فەرماندەیەتی گشتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیر، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کردووە و تیایدا بڕیاری داوە لێکۆڵینەوەیەکی تەواو بکرێت بە بەشداری هەموو لایەنە بەرپـرسەکان سەبارەت بە ڕووداوی تەقینەوەی عەمبارەکان لە سەربازگەی سەقەر و لە ماوەی ئەوپەڕی یەک هەفتە ڕاپـۆرتی خۆیان پـێشکەش بکەن.

هەروەها گوتویەتی بوونی هەرچ سەربازگەیەک یان عەمباری تەقەمەنی لە دەرەوەی پلان و ڕەزامەندی حکومەت ئەوا بە نافەرمی دادەنرێت. داواشی کردووە پـلانەکان تەواوبکرێن سەبارەت بە گواستنەوەی عەمبار و سەربازگەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و حەشدی شەعبی و یان خێڵەکان و گروپەکانی دیکەی بەشداریـیان لە شەڕی دژی داعش کردووە بۆ دەرەوەی شارەکان. کۆتایی ئەم مانگەشی داناوە بۆ چۆڵکردنی شارەکان لەو سەربازگە و عەمباری تەقەمەنیـیانە.

لەگەڵ ئەوانەشدا فەرمانی کردووە هەموو ڕەزامەندیـیە تایبەتەکان بۆ فڕین لە ئاسمانی عێراقدا هەڵبوەشێنرێنەوە بۆ هەموو لایەنە عێراقی و ناعێراقـیەکان، ئەمەش فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش دەگرێتەوە. هەروەها هەرچ مۆڵەتێک بۆ ئەو فڕینانە بدرێت تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیردایە یان کەسێک ئەو دەسەڵاتی دابیەتێ.

جێی ئاماژەیە شەوی دووشەممەی ڕابردوو عەمبارەکانی چەک و تەقەمەنی لە سەربازگەی ئەلسەقر لە ناوچەی دۆرەی بەغدا تەقینەوە و لە ئاکامدا کەسێک کوژرا و 29 کەسی دیکە برینداربوون. هەندێک لە کاربەدەستانی عێراق گومان دەکەن لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی بووبێت.

XS
SM
MD
LG