Accessibility links

دەزگای دەستپاکی عێراق دەڵێت بەڵگەی گەندەڵیـیەکی پارێزگاری پـێشووی موسڵی بۆ ئاشکرابووە


دەزگای دەستپاکی عێراق (هيئة النزاهة)، دەڵێت بەڕێوبەرایەتی لیکۆڵینەوەی پارێزگای موسڵ ئەو بەڵگەنامانەی دۆزیوەتەوە کە دەیسەلمێنن دیوانی پارێزگا لە سەردەمی پارێزگاری پـێشوو زیاتر لە 11 ملیار دیناری بردووە لەو بڕە پارەیەی لەلایەن وەزارەتی کۆچبەری و کۆچبەران تەرخان کرابوو بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکانی پارێزگاکە.

ماڵپەڕی دەزگاکە ئەمڕۆ سێشەممە هەواڵەکەی بڵاوکردەوە، دەڵێت تەواوی پارەکەی خوراوە (11,312,258,000) ملیار دینارە کە دەکاتە نزیکەی 9.5 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکایی. دەشڵێت لیکۆڵینەوەکانی کراون بوونەتە مایەی ئاشکراکردنی ئەوەی تەواوی پارەکە دەرهێنراوە و نەخراوەتە هیچ بانک و قاسەیەکی پارێزگاکە، بەڵکو بەرەو هەرێمی کوردستان براوە.

کاربەدەستێک لە دەزگای نەزاهە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت نەوفەل ئەلعاگوب پارێزگاری پـێشوو، ئەوەی فەرمانی دەسـتگیرکردنی دەرچووە و هەڵهاتووە، لە پشت ئەم پارەخواردنە بووە. دەڵێت ئەو بڕە پارەیە دەبوایە بۆ نۆژەنکردنەوەی دوو نەخۆشخانە لە ناوچەکە بەکاربهێنرایە، بەڵام نەوفەل ئەلعاگوب بەرەو هەرێمی کوردستانی بردووە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە پاش لابردنی نەوفەل ئەلعاگوب لە پـۆستی پارێزگاری موسڵ لە مانگی سێدا، چەندان کەیسی گەندەڵی گەورەی نێو دیوانی پارێزگای موسڵ ئاشکرابوون.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە 18 ی ئەم مانگی حەوتە سزای سەپاندە سەر نەوفەل ئەلعاگوب بەپـێی یاسای Magnitsky ی جیهانی بۆ لێپـێچینەوە لە پـێشێلکارانی مافی مرۆڤ و گەندەڵکاران.

XS
SM
MD
LG