Accessibility links

د.به‌شیر حه‌داد: مه‌ترسی بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم له‌ 2019دا نیه‌،به‌ڵام بۆ 2020ناتوانین گه‌ره‌نتی بده‌ین چۆن ده‌بێت


د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق

له‌ وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ د.به‌شیر حه‌داد جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق باسی له‌چه‌ند ته‌وه‌رێك سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌ جیاوازه‌كان له‌ عیراق، هه‌روه‌ها پرسی هه‌رێمی كوردستان كرد.

ده‌قی وتووێژه‌كه‌:

"له‌سه‌ر بۆردومانه‌كان عیراق نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی توركیا ده‌كات "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا د.به‌شیر حه‌داد باسی له‌ هه‌ڵوێستی په‌رله‌مانی عیراق كرد له‌سه‌ر بۆردومانه‌كانی توركیا له‌ناو خاكی عیراق و وتی" ئه‌م پێشێلكارییانه‌ی له‌ هه‌ندێك له‌ وڵاتانی دراوسێی عیراقه‌وه‌ ده‌كرێت له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ده‌ستوری عیراق و پاراستنی سه‌روه‌ری خاكی عیراقه‌، چونكه‌ عیراق وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ و سه‌روه‌ری خۆی هه‌یه‌ ناكرێت سه‌روه‌ری پێشێل بكرێت ئه‌مه‌ قبوڵ ناكرێت، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا داواده‌كه‌ین ئه‌م بزوتنه‌وه‌ به‌رهه‌ڵستكارانه‌ی له‌ناو خاكی عیراقدا هه‌ن له‌دژی وڵاتانی دراوسێ، ئۆپراسیۆن دژی وڵاتانی دراوسێ ئه‌نجام ده‌ده‌ن ده‌ستبه‌جێ ڕایبگرن، چونكه‌ ڕێگه‌ ناده‌ین له‌خاكی عیراقه‌وه‌ پێشێلكاری و ده‌ستدرێژی بكرێته‌ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ چ له‌كێشه‌ی نێوان ئه‌مریكا و ئێران بێت یا كێشه‌ی ئه‌و بزوتنه‌وه‌ به‌رهه‌ڵستكارانه‌ی له‌ناو عیراقدا هه‌ن دژ به‌وڵاتانی دراوسێ."

وتیشی" په‌رله‌مانی عیراق هه‌ڵوێستی خۆی ده‌ربڕیوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ قبوڵ ناكرێت وه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش نامه‌یه‌ك له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقیه‌وه‌ دراوه‌ته‌ لایه‌نی توركی، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆردومانانه‌ ڕابگرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م پێشێلكاری سه‌روه‌ری عیراق ڕابگرێت وه‌هه‌م ئه‌وه‌ به‌ ئامانج گرتنی هاوڵاتیانی سڤیله‌ له‌و ناوچانه‌."

"مه‌ترسی بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم له‌ 2019دا نیه‌، به‌ڵام بۆ 2020ناتوانین گه‌ره‌نتی بده‌ین، ئێستاش حكومه‌تی عیراق هه‌موو بودجه‌ی هه‌رێم نانێرێت "

سه‌باره‌ت به‌ قسه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی عیراق كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند نیه‌ به‌ ڕاده‌ستكردنی نه‌وت به‌ به‌غداد؟ وه‌ ده‌نگۆی بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌یه‌ جارێكی تر؟

د.به‌شیر حه‌داد ده‌ڵێت" وه‌ك ده‌زانرێت ئێستا شانده‌كان له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد له‌ هاتوچۆدان بۆ گفتوگۆ، وه‌ مه‌سه‌له‌ی بودجه‌ بۆ ئه‌م ساڵی 2019یه‌ كه‌چه‌ند مانگێكی ماوه‌ مه‌ترسی بڕینی نیه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌یاسای بودجه‌دا چه‌سپێنراوه‌، به‌ڵام ناتوانین بۆ ساڵی 2020 گه‌ره‌نتی بده‌ین چۆن ده‌بێت؟ كه‌ ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌مێنێ كه‌متر یا زیاتر؟ چونكه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ به‌ره‌وپێشچونی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ ئێستا له‌نێوان به‌غداد و هه‌ولێر هه‌یه‌ وه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ی كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌نجام بدرێت له‌نێوان هه‌ردوولادا، حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندی خۆی ده‌ربڕیووه‌ به‌ڕاده‌ستكردنی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌، به‌ڵام خۆ ئه‌گه‌ر ڕاده‌ستیش نه‌كرا ئه‌مه‌ له‌یاسای بودجه‌دا چاره‌سه‌ركراوه‌ كه‌ له‌حاڵه‌تێك ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند نه‌بوو ئه‌وا پاره‌ی ئه‌و 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌ له‌بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بڕدرێت و ئه‌وه‌ی مایه‌وه‌ ده‌یدرێتێ،ئێستاش هه‌روا ده‌كرێت واته‌ حكومه‌تی عیراقی هه‌موو بودجه‌ی هه‌رێمی نه‌ناردووه‌ به‌ڵكو پاره‌ی ئه‌و 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌ی لێ بڕیووه‌، ئه‌مه‌ش دوباره‌ له‌یاسا جێگه‌ی بۆته‌وه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین هه‌رێمی كوردستان ئه‌م بڕه‌ نه‌وته‌ ڕاده‌ستی به‌غداد بكات تا بۆ ساڵی 2020 ئه‌م كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكات."

"ئه‌گه‌ر تۆماركردنی سكاڵا هه‌بێت كاری حكومه‌تی عیراقه‌ نه‌ك په‌رله‌مانتار، نازانرێت مه‌به‌ستیان چیه‌؟ "

ده‌رباره‌ی تۆماركردنی سكاڵا له‌لایه‌ن چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌به‌غداد له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم؟

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق ڕایگه‌یاند" ئه‌مه‌ كاری حكومه‌تی عیراقه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عیراق گله‌یی له‌ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌بێت ئه‌و ده‌توانێت سكاڵا له‌سه‌ر هه‌رێم تۆمار بكات، به‌ڵام ئێستا حكومه‌تی عیراق خۆی ده‌ڵێت، له‌دانوستانداین، وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمیش ئاماده‌یی خۆی پیشان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وت ڕاده‌ست بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رێم و به‌غداد هه‌ردولایان باش ده‌زانن كه‌ كێشه‌ی نێوانیان به‌ته‌نها نه‌وت و بودجه‌ نیه‌ كێشه‌كه‌ له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌، دۆسێیه‌كی ئابوری گه‌وره‌ له‌نێوانیان هه‌یه‌ كه‌ بۆ چه‌ند ساڵی ئاینده‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌ساڵانی 2014,2015,2016, به‌غداد بودجه‌ی هه‌رێمی نه‌داوه‌ ئه‌مه‌ قه‌رزه‌ له‌سه‌ر به‌غداد ، وه‌ كرێی ده‌رهێنانی نه‌وت هی كۆمپانیاكان له‌هه‌رێم ئه‌مه‌ش قه‌رزه‌ به‌سه‌ر به‌غداده‌وه‌ ئه‌وه‌شی نه‌داوه‌ بۆیه‌ بابه‌تی ئابوری هه‌موو به‌یه‌ك پاكێج له‌گه‌ڵ به‌غداد پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، دواجار ئه‌گه‌ر به‌غداد قه‌رزار بوو به‌شی خۆی بدات، ئه‌گه‌ر هه‌رێم-یش قه‌رزار بوو ئه‌ویش به‌شی خۆی بداته‌وه‌."

د.به‌شیر حه‌داد ئه‌وه‌شی وت" من نازانم مه‌به‌ستی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ چیه‌؟ ئایا مه‌به‌سته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غداد تێكبده‌ن؟ یا ده‌یانه‌وێت په‌رله‌مانتارانی غه‌یره‌ كوردیش هانبدێن دژی هه‌رێم؟ یاخود مه‌به‌ستێكی دڵسۆزانه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت بزانن كه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ له‌هه‌رێم چی لێدێت؟ ئه‌مانه‌ ده‌كرا بچن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم قسه‌ بكه‌ن، نه‌ك بێن له‌به‌غداد سكاڵا تۆمار بكه‌ن كه‌ پاره‌ی حكومه‌تی هه‌رێم چی لێدێت؟ خۆ له‌هه‌رێمی كوردستان په‌رله‌مان هه‌یه‌ ئه‌مه‌كاری ئه‌و په‌رله‌مانه‌یه‌ كه‌ له‌حكومه‌تی هه‌رێم بپرسێت ئه‌و به‌شه‌ بودجه‌یه‌ی له‌به‌غداد بۆت هاتووه‌ چیت لێكردووه‌؟ "

"حكومه‌تی عیراقی به‌ناوی موچه‌، بودجه‌ ناداته‌ هه‌رێم ئه‌مه‌ به‌شی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌، جا هه‌رێم بۆ موچه‌ یا بۆ شتی تری به‌كارده‌هێنێت ئه‌وه‌ بۆ خۆی ده‌زانێت چی لێده‌كات "

پێشتر له‌ وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید په‌رله‌مانتاری عیراق، ڕایگه‌یاند" لای به‌رپرسانی حكومه‌تی عیراقی بۆته‌ "یه‌قین" كه‌ پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هی دوو مانگیان دیار نه‌ماوه‌."

به‌ڵام د.به‌شیر حه‌داد ده‌ڵێت" ئه‌سڵه‌ن" له‌حكومه‌تی عیراق ئه‌م باسه‌ هه‌ر نیه‌ و نه‌شكراوه‌، چونكه‌ حكومه‌تی عیراقی ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌ناوی موچه‌ ناداته‌ هه‌رێم ئه‌مه‌ به‌شی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌، جا هه‌رێمی كوردستان بۆ موچه‌ یا بۆ شتی تری به‌كارده‌هێنێت ئه‌وه‌ بۆ خۆی ده‌زانێت چی لێده‌كات؟ ئه‌مه‌ كاری حكومه‌تی عیراق نیه‌، به‌ڵكو كاری په‌رله‌مانی كوردستانه‌ به‌دواداچوون بكات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:27 0:00

XS
SM
MD
LG