Accessibility links

وه‌ستا ڕه‌سوڵ: له‌ زۆر شتی تردا له‌گه‌ڵ پارتی ناكۆكین به‌ته‌نها پارێزگاری كه‌ركوك نیه‌


وەستا ڕەسوڵ فەرماندەی میحوەری(4)ی کەرکوکی هێزەکانی پێشمەرگە -

له‌وتوێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، وه‌ستا ڕه‌سوڵ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان باس له‌ پرسی دانانی پارێزگاری كه‌ركوك ده‌كات كه‌ ئێستا بۆته‌ گرفت له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی.

ده‌قی وتووێژه‌كه‌:

"پارتی و یه‌كێتی له‌كۆبونه‌وه‌ی دوێنێ گه‌یشتونه‌ته‌ ڕێككه‌وتنی سه‌ره‌تایی له‌سه‌ر كه‌ركوك"

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا وه‌ستا ڕه‌سوڵ ده‌ڵێت" من ئێستا له‌سه‌ر بابه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و ئه‌و شتانه‌ قسه‌ ناكه‌م زۆرمان وت له‌سه‌ری، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ پارێزگاری كه‌ركوك دوێنێ پارتی و یه‌كێتی كۆبونه‌وه‌یان هه‌بووه‌ به‌پێی زانیارییه‌كانی ئێمه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ ڕێككه‌وتنی سه‌ره‌تایی له‌وباره‌یه‌وه‌، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا دوو ناو له‌لای ئێمه‌وه‌ له‌به‌ر ده‌ست بووه‌ دوو ناویش له‌لای پارتیه‌وه‌ له‌به‌ر ده‌ست بووه‌ به‌ڵام هێشتا ئه‌نجامه‌كه‌یم نه‌زانیووه‌."

"دانانی پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك ده‌توانێت ته‌عریب له‌كه‌ركوك ڕابگرێت"

وتیشی" پێم وایه‌ دانانی پارێزگارێكی كوردی یه‌كێتی بۆ كه‌ركوك دوو ئامانج ده‌پێكێت، ئامانجێك ئێستا "ته‌عریب" له‌كه‌ركوك ده‌ستی پێكردووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی پارێزگاردایه‌."

ئایا پارێزگارێكی كورد له‌م كاته‌دا ده‌توانێت "ته‌عریب ڕابگرێت یا ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت به‌سه‌ر سوپا و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عیراق له‌كه‌ركوك كه‌ ده‌وترێت ئێستا دوانزه‌ هه‌زار ئه‌ندامی ئه‌و هێزانه‌ له‌ناو كه‌ركوك-دان ؟

وه‌ستا ڕه‌سوڵ ده‌ڵێت" به‌ڵێ ئه‌وه‌ یاسایه‌، با سه‌د هه‌زار ئه‌ندامی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و سوپای عیراق له‌وێ(كه‌ركوك) بن كه‌ یاسایه‌ك له‌ عیراق ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ به‌ پارێزگاره‌كان به‌ڵام له‌ كه‌ركوك حاڵه‌تێكی تایبه‌ت هه‌یه‌، یه‌كه‌م پارێزگار نیه‌، هه‌رخۆی جێگری پارێزگاره‌ ئێستا وه‌ له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 بڕیارێك ده‌رچوو له‌لایه‌ن (عه‌بادی) كه‌ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان "مه‌سئولی به‌ڕ و به‌حر" بێت له‌و شاره‌، ئه‌م دوو حاڵه‌ته‌ش ته‌نها له‌شاری موسڵ و كه‌ركوك هه‌یه‌ ئیتر ده‌بێت قابیلی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ بێت."

پێت وایه‌ ئه‌و یاسایه‌ جێ به‌جێ بكرێت یا واقیع له‌ عیراقدا؟

وه‌ستا ڕه‌سوڵ وتی" ئێستا حكومه‌ته‌كه‌ی (عادل عه‌بدولمه‌هدی" هه‌وڵده‌دات یاسا جێ به‌جێ بكات چونكه‌ ئه‌وه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی پێشێلكاری و گه‌نده‌ڵی و "ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شته‌ی باس ده‌كرێت، بۆیه‌ خۆ كوردیش ناتوانێت تا سه‌ر ئه‌وه‌ قبوڵ بكات ئه‌و دوانزه‌ هه‌زار له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی هه‌یه‌، كورد ده‌توانێت "دوو بیستی "كۆبكاته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و كاته‌ كێشه‌كان قوڵتر ده‌بێته‌وه‌ بۆیه‌ باشتره‌ هه‌ردولا ئه‌و كێشانه‌ به‌ لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكرێن،"

به‌بڕوای وه‌ستا ڕه‌سوڵ ئه‌گه‌ر له‌م كاته‌دا پارێزگارێكی كوردی-یه‌كێتی دابنرێت بۆ كه‌ركوك "ده‌توانێت چاره‌سه‌ری زۆری كێشه‌كاكانی ته‌عریب كردنی كه‌ركوك و ئیداری كه‌ ئێستا "بۆگه‌ن" بووه‌، وه‌ به‌تایبه‌ت كێشه‌ی ئه‌منی شاره‌كه‌، پلانی ئێمه‌ ڕونه‌ بۆ كه‌ركوك وه‌ ئه‌وه‌ ئامانجه‌كانمانه‌."

"زۆر شتی تر له‌گه‌ڵ پارتی-دا ناكۆكین به‌ته‌نها پارێزگاری كه‌ركوك نیه‌"

وه‌ستا ڕه‌سوڵ ئه‌وه‌شی وت" زۆر شتی تر له‌گه‌ڵ پارتی-دا ناكۆكین، مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ته‌نها دانانی پارێزگاری كه‌ركوك نیه‌،ڕه‌نگه‌ ئه‌و "نفوسه‌ زه‌به‌لاحه‌ی" یه‌كێتی له‌كه‌ركوك هه‌یه‌تی، وه‌ مانه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌كه‌ركوك له‌ناو خه‌ڵكه‌ "ڕه‌ش و ڕووته‌كه‌ی وه‌ هاوسه‌نگی هێز له‌شاره‌كه‌، هه‌ندێك خه‌ڵك پێی خۆش نیه‌، بۆیه‌ كه‌ركوك شتێكی كه‌م نیه‌ هه‌ردولامان (پارتی و یه‌كێتی) به‌و چاوه‌وه‌ سه‌یری ده‌كه‌ین."

ڕاشیگه‌یاند" نابێت كه‌ركوك ببێته‌ قوربانی ململانێی سیاسی نێوان پارتی و یه‌كێتی، چونكه‌ ئه‌وكات میلله‌ت لێت قبوڵ ناكات خۆ سیاسه‌تی كورد هه‌موی بریتی نیه‌ له‌ سیاسه‌تی ئه‌م دوو حیزبه‌ بۆیه‌ به‌ڵكو هه‌ر كوردێك له‌هه‌ر شوێنێك دڵی لای كه‌ركوكه‌، بۆیه‌ پێم وانیه‌ بهێڵن تاسه‌ر "سه‌رانی ئه‌و دوو حیزبه‌" بیخۆن."

"له‌و ڕۆژه‌دا ئه‌وه‌ی پێمان كراوه‌ كردومانه‌ باقیه‌كه‌ی تری پێمان نه‌كراوه‌"

به‌بڕوای تۆ ئه‌مه‌ تۆڵه‌ی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ره‌ پارتی- لێتان ده‌كاته‌وه‌؟

وه‌ستا ڕه‌سوڵ له‌وه‌ڵامدا وتی" نه‌تۆڵه‌ی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ره‌ نه‌ له‌ شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر خراپمان كردووه‌ تا خه‌ڵك تۆڵه‌مان لێبكاته‌وه‌، ئێمه‌ له‌و ڕۆژه‌دا ئه‌وه‌ی پێمان كراوه‌ كردومانه‌ باقیه‌كه‌ی تری پێمان نه‌كراوه‌ له‌وه‌ زیاتر ململانێی هێز ده‌ره‌قه‌تی نه‌هاتوین هاوسه‌نگی هێز نابه‌رامبه‌ر بووه‌، وه‌ پارتیش نه‌یوتووه‌ ئه‌مه‌ تۆڵه‌ی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ره‌ له‌یه‌كێتی وه‌ ئێمه‌ش به‌ تۆڵه‌ی نازانین، به‌ڵكو پێمان وایه‌ مه‌سه‌له‌ "تموحاتی هاوسه‌نگی هێز"ه‌ له‌كه‌ركوك كه‌ براده‌رانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌و "مونافه‌سه‌یه‌" له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا ده‌كه‌ن."

" ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا قاره‌مانی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر بوون ئه‌وان له‌ پێش ئێمه‌دا ڕایانكردووه‌،كه‌واته‌ ئێمه‌ش قاره‌مانه‌كانی 31ی ئاب-مان قبوڵ نیه‌"

دوێنێ له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ده‌نگی ئه‌مریكا، فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند" به‌ڕاشكاوانه‌ به‌ یه‌كێتی-مان وتووه‌ ڕێگه‌ ناده‌ین هیچ كه‌س له "قاره‌مانه‌كانی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر" ببنه‌ پارێزگاری كه‌ركوك."

وه‌ستا ڕه‌سوڵ ده‌ڵێت" ئێمه‌ ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ین زۆر هه‌ڵده‌گرێت ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا قاره‌مانی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر بوون ئه‌وان له‌ پێش ئێمه‌دا ڕایانكردووه‌ باقسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌كه‌ین و برینه‌كان هه‌ڵنه‌ده‌ینه‌وه‌ كه‌واته‌ ئێمه‌ش قاره‌مانه‌كانی 31ی ئاب-مان قبوڵ نیه‌ به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه‌ وه‌ك وتم مه‌سه‌له‌ هاوسه‌نگی هێزه‌ كه‌ كه‌ركوك هاوسه‌نگی هێزی یه‌كێتی به‌رز ڕاده‌گرێته‌وه‌."

وه‌ستا ڕه‌سوڵ جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ به‌شداری كردنی یه‌كێتی له‌كه‌ركوك به‌نده‌ به‌ پارێزگاری كه‌ركوك و وتیشی" وه‌ك كه‌ركوكیه‌كان په‌یاممان داوه‌ته‌ مه‌كته‌بی سیاسی خۆمان (یه‌كێتی) پێمان وتون باشتره‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌ی كه‌ركوك یه‌كلایی نه‌كرێته‌وه‌ به‌شداری پڕۆسه‌ی سیاسی له‌هه‌رێمدا نه‌كه‌ین، مه‌كته‌بی سیاسی گوێی لێگرتووین و چه‌ند جار له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵمان دانیشتووه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:08 0:00

XS
SM
MD
LG