Accessibility links

بەرگری شارستانی لە عێراق دەڵێت بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە هەزاران هێکتار لە گەنم و جۆی جوتیاران سووتاون


بەرگری شارستانی لە عێراق دەڵێت لە ماوەی یەک مانگدا 236 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە نێو دەغڵ و دانی جوتیارانی چوار پارێزگای وڵاتەکە ڕوویانداوە کە بوونەتە هۆی سووتاندنی بەروبومی جوتیاران.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس ئەمڕۆ هەینی لە ڕاپـۆرتێکیدا باسی لەم دیاردەیە کرد کە لە ئەمساڵدا لە چەند پارێزگایەکی عێراق سەریهەڵداوە.

ئاژانسەکە دەڵێت بەپـێی بەرگری شارستانی ئەو ئاگرانە گەنم و جۆی جوتیارانی سووتاندووە لە ڕووبەرێک کە مەزەندەدەکرێت بە 5183 هێکتار.

سەرچاوەکان دەشڵێن جگە لەو ئاگرانە سەدان ئاگری دیکە کەوتوونەتەوە، بەڵام زوو کوژێنراونەتەوە بەر لەوەی تەشەنەبکەن. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن زۆربەی ئاگرەکان لە چوار پارێزگای باکوری وڵاتەکە ڕوویانداوە کە بەشی زۆری ناوچەکانیان لە نێوان ساڵانی 2014 هەتا 2017 لە ژێر دەستی داعشدا بوون.

دورەید حیکمەت بەرپـرسی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پارێزگای موسڵ دەڵێت تەنیا دوێنێ پـێنجشەممە 16 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دەغڵ و دانی جوتیارانی پارێزگاکەی کەوتوونەتەوە.

ئەفسەرێکی پـۆلیس لە پارێزگای کەرکوک گوتویەتی داعش لە پشت ئەو ئاگرانەوەیە، چونکە جوتیارەکان ئامادە نەبوون سەرانەیان بدەنێ. گوتوشیەتی داعشەکان بە ماتۆرسکیلەوە دێن و ئاگردەکەنەوە و بۆمب جێدەهێڵن و لەگەڵ گەیشتنی خەڵکی سیڤیل یان کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە بۆمبەکان دەتەقێنـنەوە.

باسی لەوەش کرد بەهۆی ئەو ئاگرانەوە 4 کەس لە شارۆچکەی ئەلعەباسی گیانیان لەدەستداوە و لە داقوقیش کەسێک گیانی لەدەستداوە و 10 کەسی دیکە برینداربوون.

XS
SM
MD
LG