Accessibility links

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عیراق وەڵامی وتەکانی وتەبێژی فەرمی یەکێتی لەدەنگی ئەمریکا دەداتەوە


د.ڤیان سەبری سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عیراق
د.ڤیان سەبری سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عیراق

لەوتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ د.ڤیان سەبری سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عیراق وەڵامی قسەکانی سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەدەنگی ئەمریکا دەداتەوە، ڕەتیدەکاتەوە پارتی هۆکار بێت لەپێنەدانی پۆستی وەزارەتی داد دەڵێت" عادل عەبدول مەهدی خۆی کاندیدێکی سەربەخۆ و تەکنۆکراتی بۆ پۆستی وەزارەتی داد کاندیدکردووە ئێمەش وەک ڕێزێک و پشتیوانی بۆ حکومەتەکەی ڕێزی بۆچونەکەی دەگرین تەنانەت ڕەنگە دەنگیشی پێبدەین چونکە عادل عەبدولمەهدی کەسێکی وادیارە بەخەم چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدادە وە ئێمە کاتی خۆی سازشمان لە پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچ بەران کرد هەر لەبەر ئەم هۆکارە، واتە هێندەی چارەسەر کردنی کێشەکان گرنگە هێندە پۆست گرنگ نیە." هەروەها ئەوەش دەڵێت" بابەتی سەرۆک کۆمار بەتەنها پەیوەندی پارتی و یەکێتی تێک نەدا بەڵکو یەک ڕیزی کوردی تێکدا.لەگەڵ ئەوەشدا لەهەندێک بابەتدا پارتی و یەکێتی یەک هەڵوێست بون بەتایبەت لەسەر بابەتی دادگای پێداچونەوە و ناوچە کێشە لەسەرەکان."

د.ڤیان سەبری لەسەرەتای وتوێژەکەدا لەبارەی هۆکاری یەکلایینەکردنەوەی وەزارەتە ماوەکانی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی وتی" هۆکاری یەکلاینەکردنەوەی وەزارەتە ماوەکانی کابینەکەی (د.عادل عەبدولمەهدی) دەگەڕێتەوە بۆ ڕێک نەکەوتنی (شیعە-شیعە) (سونە- سوننە) هەروەها (کورد و کورد) ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان هێندەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد-مان پێ گرنگە، هێندە بەرنامەی حکومەتەکەمان پێ گرنگە هێندە پۆستمان پێ گرنگ نیە بۆیە وەک پشتیوانیەک لە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی پارتی ڕۆژی 24/10ئەگەرچی کاندیدی لەناو هۆڵی پەرلەمان بۆ پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئامادەبوو کەبەڕێز نەوزاد هادی بوو بەڵام سازشی لەسەر ئەو مافەی خۆی کرد بۆ پێکهاتەی مەسیحی."

دەربارەی وتەکانی سەعدی پیرە بە تۆمەتبارکردنی پارتی بەوەی ڕێگرە لەبەردەم پێدانی پۆستی وەزارەتی داد بەیەکێتی؟ د.ڤیان وتی" نەخێر ئەوە ڕاست نیە، بەڵکو ڕاستیەکەی ئەوەیە بەڕێز عادل عەبدولمەهدی خۆی وتی دەمەوێت هەندێک کەسایەتی سەربەخۆ و بێ لایەن لە کابینەکەم بن ئێمەش وەک ڕێزێک بۆ داواکاری و بۆچونەکەی ئەو پشتیوانیمان کرد، چونکە لای ئێمە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد گرنگە، وە ئەو (حاکم دارا)یەی دانراوە کەسێکی بێ لایەنی کوردە عادل عەبدولمەهدی وەک کەسێکی سەربەخۆ دەستنیشانیکردووە هەر خۆی کەسێکی خاوەن ئەزمون و شارەزایە ئێمە کێشەمان نیە لەگەڵی."

وتیشی" یەکێتی پۆستی وەزارەتی داد بەمافی خۆی دەزانێت بەڵام، عادل عەبدولمەهدی کەسێکی تەکنۆکرات و بێ لایەنی بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە ئێمە ڕێز لە بژاردەکەی عادل عەبدولمەهدی و کەسی تەکنۆکرات دەگرین وە ڕەنگە دەنگیشی پێبدەین ."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عیراق جەختیکردەوە ئەوان هۆکاری پێنەدانی پۆستی وەزارەتی داد نین بەیەکێتی و وتیشی" خۆ کێشەکە هەر وەزارەتی داد نیە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریە، بەڵام وەک وتم ئێمە ڕێز لە بژاردەی عادل عەبدولمەهدی دەگرین تەنها لەپێناو چارەسەرکردنی کێشيکانی هەولێر و بەغداد کەبەکەسایەتیەکی وا دەردەکەوێت."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئێوە هیچ گرەنتیەکتان وەرگرتووە لە عادل عەبدولمەهدی لەبەرامبەر پشتیوانی لە حکومەتەکەی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بکات؟

د.ڤیان سەبری وتی" هیچ شتێک لە دنیادا و لەسیاسەتدا گرەنتی نیە و سەدا سەد نیە، بەڵام وەک کەسایەتیەک دەردەکلەوێت کە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەر بکات، هەر بۆ نمونە لەبابەتی بودجەدا هەوڵی داوە پشکی هەرێمی کوردستان لە 14% وە بکاتە لە 15%."

دوێنێ پێنج شەممە لەوتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند"ئه‌م قسه‌یه‌یان له‌به‌غداد پێ وتوین کە پارتی ڕێگره‌ لە پێدانی پۆستی وەزاری بەیەکێتی، ئیتر بۆی گرنگ نیە ئەو پۆستە بدرێتە گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ یا هەر لایەنێکی سیاسی تر ته‌نها یەکێتی نەبێت، ئەوەش تەنها هۆکارەکەی لەدوای هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆمارەوەیە

بەڵام سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەتیکردەوە و وتی" بەڕەهایی شتی وانیە."

وتیشی" بابەتی سەرۆک کۆمار بابەتی تێکدانی یەکڕیزی کوردبوو ئەوەش تەنها لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بوو."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:20 0:00

XS
SM
MD
LG