حکومەتی عێراق دەڵێت موڵکداری پارچە زەویـیەکی گرانبەهای شاری بەغدای بۆ شارەوانی گەڕاندووەتەوە کە پـێشتر کاربەدەسـتێکی باڵای پـێشوو کردبووی بە ناوی هاوسەرەکەیەوە.
دەستەی دەستپاکی (هيئة النزاهة) ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کاری کردووە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارچە زەویـیە کە دەکەوێتە ناوچەی کازمیـیەی بەغدا.
بەیاننامەکە دەڵێت دادگای پـیاداچوونەوەی کەرخی بەغدا بڕیاری دا دەستبگیرێت بەسەر پارچە زەویـیەکە کە ڕووبەرەکەی 12642 مەتر دووجایە و کراوە بە ناوی هاوسەری کاربەدەستێکی گەورەی پـێشوو. پاشان بڕیاردراوە جارێکی دیکە بکرێتەوە بە موڵکی شارەوانی.
بەپـێی ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس پارچە زەویـیەکە دەکەوێتە گەڕەکەکانی باکوری ناوچەی کازمیـیەی زۆرینە شیعە کە نرخی یەک مەتر دووجا زەوی لەوێ دەگاتە نزیکەی 10 هەزار دۆلار، واتە بەهای ئەو پارچە زەویـیە لە 126 ملیۆن دۆلار زیاترە.
دەستەی دەستپاکی دەڵێت لێکۆڵینەوەکانی ئەنجامی داون ئاشکرایانکردووە کاربەدەستەکە پارچە زەویـیەکەی بە هاوسەرەکەی فرۆشتووە، ئەمەش پـێشێلکردنی یاساکانی فرۆشتن و بە کرێدانی موڵکەکانی دەوڵەتە.
هەرچەندە دەستەی دەستپاکی ناوی کاربەدەستەکەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام سەرچاوەیەک لە پەرلەمان بە فڕانس پـرێسی گوتووە کاربەدەستەکە بۆ ماوەیەک جێگری سەرۆک وەزیر حەیدەر ئەلعبادی بووە.
جێی ئاماژەیە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بە دەست گەندەڵیـیەکی زۆرەوە دەناڵێنێت و بەپـێی ڕێکخراوی Transparency International ئەو وڵاتە پـلەی 12 هەمینی گرتووە لە گەندەڵیدا.