Accessibility links

نوری حه‌مه‌ عه‌لی: بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رۆك بارزانی پابه‌ندی هیچ ڕێكه‌وتنێكی نێوان به‌رهه‌م ساڵح و به‌ره‌ی توركمانی له‌كه‌ركوك نابین


نوری حەمە عەلی بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان

لەمیانەی وتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ نوری حەمە عەلی بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەڵێت" بەدانانی پارێزگار بەهاوکاری عەرەب و تورکمانەکان یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەیەویت پاداشتی ڕادەستکردنی کەرکوک لە(16)ی ئۆکتۆبەر و ڕوخانی دوز و ئاوارەکردنی خەڵکەکەی و پێشرەوی بۆ پردێ و هەولێری هێزە عیراقیەکان وەرگرێتەوە هەروەک چۆن لەبەغداد پاداشتەکەی بە پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق وەرگرتەوە، د.بەرهەم بەدەنگی ئەو پەرلەمانتار و حیزبانەی ویستیان هەولێر و هەرێمی کوردستان نەهێڵن بووە سەرۆک کۆماری عیراق نه‌ك به‌ده‌نگی كورد، دەشڵێت" ئەگەر قسەکانی ئەرشەد ساڵحی ڕاست نیە ئەی د.بەرهەم بەچی بووە سەرۆک کۆمار بۆ مەگەر برادەرانی یەکێتی چەند کورسییان هەیە لەپەرلەمانی عیراق؟ هەرچەندە هیوادارین یەکێتی شتی وای نەکردبێت، چونکە وەک هێزەکانی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکوک یەک پێشمەرگە و کادیرمان پابەند نابین بەو ڕێکەوتنەوە تەنها پابەندین بەفرمان و ڕێنمایی" جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، دەشڵێت" یەکێتی لەدانانی پارێزگار بۆ کەرکوک پرسی بە ئێـمە نەکردووە بەڵکو پرس بە برا عەرەب و تورکمانەکانی دەکات."

پێشتر سایتی سۆمەرییەنیوز لەزاری "ئەرشيد ساڵحی" سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەکەرکوک بڵاوی کردەوە ڕێکەوتنێک لەنێوان سەرۆک کۆماری عیراق و تورکمانەکانی کەرکەک کراوە بۆ نەگەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک، بەڵام پاش کاردانەوەکان نوسینگەی ئەرشەد ساڵحی ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" هیچ ڕێکەوتنێکی لەوجۆرە نەکراوە و لێدوانەکەی" شێوێنراوە".

نوری حەمە عەلی بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای هێزەکانی پێشمەرگە لەشاری کەرکوک لەسەرەتای وتووێژەکەدا وتی" دەبێت پێشمەرگە و ئەو ئاوارانەی لە(16)ی ئۆکتۆبەرەوە ئاوارە بوون بگەڕێنەوە شاری کەرکوک،هەرکەس ڕێکەوتن بکات لەگەڵ حکومەتی عیراقیدا یا هەر لایەنێکی عیراقی بێ گەڕانەوەی پێشمەرگە و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەکەرکوک ئەوا دەچێتە ئەو خانە خراپە تایبەتیەی کەخەڵک با بۆخۆی بزانێت و ڕونیبکاتەوە کام خانەیە دەڵێم."

وتیشی" هیوادارم برادەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوکارانەی لەبەغداد و کەرکوک کردویانە دوبارەی نەکەنەوە چونکە لەبەرژەوەندی خەڵکی کەرکوک و یەکڕیزی نیە، هیوادارین ئەو زامانە چاک ببێتەوە بەتایبەت زامەکانی ئێمەی پێشمەرگە ئێمەی پارتی کە لە پردێ و سحێلا بەرگریمان کرد کە دەیانویست پایتەخت و هەرێمی کوردستان نەهێڵن."

ئەو بەرپرسە باڵایەی پێشمەرگە لە ڕۆژئاوای کەرکوک ئەوەشی وت" یەکێتی هەوڵی زۆریدا کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا ڕێک بخات بۆ دانانی پارێزگار بەڵام بۆی نەچووە سەر ئەوەتا ئێستا تورکمان و عەرەب داوای پارێزگار دەکه‌ن جا ئەگەر ئێمە یەک دەنگ و یەکڕیز نەبین پارێزگار و قایمقام و ئەمنیەتی میللەتەکەشمان لەدەست دەچێت لەوێ(کەرکوک)."

نوری حەمە عەلی وتیشی" جارێ ئێمە ناتوانین بڵێین پارێزگاری کەرکوک کاندیدی یەکێتی دەبێت یان نا؟ بەڵام ئەوە جیایە ئەگەر وەک سەرۆک کۆمارەکە ڕێکبکەون لەگەڵ ئەندامەکانی "غەیری" کورد جا ئەو حیزب و ئەندامانەی کە لە(16)ی ئۆکتۆبەر هاتن کوردستان تێکبدەن ، د.بەرهەم دەنگی لەوانە وەرگرت بوو بەسەرۆک کۆماری عیراق نەک دەنگی لە کورد وەرگرتبێت ئێ مەگەر بۆ پارێزگاریش وابکەن ، جا یەکێتی لەبەغداد پاداشتی (16)ی ئۆکتۆبەری بەسەرۆک کۆمار وەرگرتەوە ئێستاش دەیەوێت لە کەرکوک پاداشتێکی تر وەربگرێتەوە بە پارێزگار."

بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای هێزەکانی پێشمەرگە لەقسەکانیدا بە وتەی خۆی ئاماژەی بەو کارانە کرد کە "یەکێتی دەیەوێت پاداشتی پێ وەربگرێتەوە بەدانانی پارێزگاری کەرکوک"، لەو ڕوەوە نوری حەمە عەلی ڕایگەیاند" جا یەکێتی لەکەرکوک چی نەکرد؟! (16)ی ئۆکتۆبەر من کردم؟ دوز ئێـمە ڕوخاندمان؟ خەڵکی دوز ئێـمە ئاوارەمان کردن ، هەوڵی دانانی پارێزگاری کەرکوکیش لەلایەن یەکێتیەوە لەپاداشتی 16ی ئۆکتۆبەرە، یەکێتی دەیەوێت پاداشتی 16ی ئۆکتۆبەر وەربگرێتەوە ئەگەر وانیە بابێن هەموان باسی ئەوە بکەین کە کردویانە لەڕابردوو، جارێ ئێـمە سەرقاڵی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمین ناکرێت برادەرانی یەکێتی لەبەغدادەوە بۆ خۆیان خەریک بن بیشیانەوێت لەهەرێم شەریک بن لەگەڵمان، کەرکوک کوردستانیە بەڵام بابێن گفتوگۆ لەسەر پارێزگاری کەرکوک بکەین هەر برادەرێکی کوردی دڵسۆز کە کوردایەتی بکات نەک حیزبایەتی ئێـمە هیچ "مەناعەتێکمان" نیە."

نوری حەمە عەلی کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە، ڕەتیکردەوە یەکێتی پرس و ڕاوێژ و گفتوگۆی لەگەڵ پارتی کردبێت لەسەر دانانی پارێزگاری کەرکوک، وتی" برادەرانی یەکێتی لەسەر پارێزگاری کەرکوک پرس بە ئێـمە ناکەن ئەوان دەچن بۆ لای برا عەرەب و تورکمانەکانیان ، ئەگەر قسەکانی ئەرشەد ساڵحی ڕاست نیە ئەی د.بەرهەم بەچی بووە سەرۆک کۆمار؟! بۆ مەگەر برادەرانی یەکێتی چەند کورسییان هەیە لەپەرلەمانی عیراق؟ هیوادارم ئەوە ڕوونەدات کە یەکێتی پارێزگار دانێ ئەگەر ئەوەی کرد دەبێت برادەرانی یەکێتی چاوەڕێ بکەن هەمان مامەڵەی دیموکراسییان بە زۆرینە و کەمینە لەکابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بکرێت."

لێپرسراوی میحوەری ڕۆژئاوای هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەکەرکوک ڕيتیکردەوە وەک هێزاکانی پێشمەرگە و میحوەرەکەیان پابەندی هیچ ڕێکەوتنێکی لەو شێوە بن ئەگەر چی سەرۆک کۆماری عیراق ئەنجامی دابێت و وتی" ئێـمە پابەند دەبین بە فرمان و ڕێنماییەکانی سەرکردایەتی کورد جەنابی سەرۆک بارزانی کەهەمیشە لەخزمەتی کورد و کورستان بووە بۆیە سەرۆک کۆمارە یا هەرکەس ئەو ڕێکەوتنەی کردبێت بێ گەڕانەوە بۆ سەرۆک بارزانی ئێمە پابەند نابین بەو ڕێکەوتنەوە بەبێ پارتی هیچ شتێک نابێت و ناکرێت چونکە لەسەر ئاستی عیراق و کوردستان حیزبی یەکەمینە، بۆیە ئەگەر لەدەرەوەی پارتی هەر ڕێکەوتنێک بکرێت نەک من بەڵکو یەک پێشمەرگە و کادیرمان پابەند نابێت پێوەی."

please wait

No media source currently available

0:00 0:13:06 0:00

XS
SM
MD
LG