Accessibility links

پەرلەمانی عیراق متمانەی بەخشیە عادل عەبدول مەهدی وەک سەرۆکی وەزیرانی عیراق و 14 وەزیری کابینەکەی


وێنەی ئەرشیف
وێنەی ئەرشیف

درەنگانی شەوی ڕابردوو بەکاتی بەغداد ئەندامانی پەرلەمانی عیراق متمانەیان بەخشیە سەرۆک وەزیرانی نوێی عیراق و چواردە وەزیری کابینە نوێیەکەی حکومەتی عیراق.

لەدانیشتنە درەنگ وەختیەکەی شەوی ڕابردوودا عادل عەبدول مەهدی ناوی ئەندامانی کابینەکەی خستە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەندامانی ئەنجومەنەکەش متمانەی بەخشیە عادل عەبدولمەهدی وەک سەرۆک وەزیرانی عیراق و لەگەڵ چواردە وەزیری ئەو کابینەیە، هەروەها دەنگدانی لەسەر هەشت کاندیدی وەزیر-یشی بۆ سەرەتای مانگی داهاتوو( 6/11) دواخست."

ئەو وەزیرانەی پەرلەمانی عیراقی دەنگی پێدان ناو و پۆستەکانیان بەم جۆرەیە:

(محەمەد حەكیم وەزیری دەرەوە،سامر غەزبان وەزیری نەوت، فوئاد حسێن وەزیری دارایی، نەعیم روبەیعی وەزیری پەیوەندییەكان، محەمەد هاشم وەزیری بازرگانی، عەلا عەبدولساحب وەزیری تەندروستی،بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە، ، ساڵح حسێن وەزیری كشتوكاڵ، ئەحمەد ریاز وەزیری لاوان، ساڵح جبوری وەزیری پیشەسازی، عەبدوڵڵا لعێبی وەزیری گواستنەوە، ، جەمال عادلی وەزیری سەرچاوەكانی ئاو، لوئەی خەتیب وەزیری كارەبا, هەروەها باسم روبەیعی وەزیری كار.)

دوای متمانەدان بە کابینەی وەزارەتەکەی، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی نوێی عیراق لەوتەیەکدا لەبەردەم پەرلەمانی عیراق وێڕای سوپاس کردنی کوتلە سیاسیە عیراقیەکان و پەرلەمانتاران، هاوکات ڕاشیگەیاند" پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران لە عیراقدا نەماوە و هەڵوەشاوەتەوە ."

ڕاشیگەیاند" بۆ لەمەودواش هیچ پۆستێکی هەستیاری وەزاری بە وەکالەت بەڕێوەنابرێت."

هەروەها وتیشی" سەردانی هیچ وڵاتێکی دەرەوە ناکەم تا کابینەی حکومەتەکەی بەتەواوی پێکنەهێنێت."

ڕۆژی 12-5 هەڵبژاردنی پەرلەمان لەعیراق ئەنجامدرا، هەروەها ڕۆژی (2-10)هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراق لەناو پەرلەمانی عیراق ئەنجامدرا، دوای هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ سەرۆک کۆماری عیراق نامەی ڕاسپاردنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراقی پێشکەش بە عادل عەبدولمەهدی کرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق.

بەپێێ بڕگه‌ی(ا)له‌مادده‌(٧٦)ی دەستوری هەمیشەیی عیراق/ساڵی 2005،یەکێک لە"اختصاصه‌کان"ی سەرۆک کۆماری عیراق،له‌ماوه‌ی ١٥ ڕۆژ له‌دوای هه‌ڵبژاردنی له‌په‌رله‌مانی عیراق، ڕاسپاردنی کەسێکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێێ عیراق، هەر بەپێی بڕگه‌ی(ب) له‌هه‌مان مادده‌(٧٦)ی دەستوری عیراقی-ش کاندیدی ڕاسپێراو دەبێت لەماوەی یەک مانگدا ئەندامانی کابینەی نوێ پێشکەش بە پەرلەمانی عیراق بکات تا دەنگی لەسەر بدرێت و لەپەرلەمانەوە متمانەی پێبدرێت، بەپێی ئەو وادە دەستورییەش ڕۆژی(2-11) دوا وادەبوو لەبەردەم عادل عەبدولمەهدی بۆ پێشکەشکردنی کابینەکەی بە پەرلەمانی عیراق."

XS
SM
MD
LG