Accessibility links

د.هادی عەلی: زۆربەی كادیرەباڵاكان‌و رێكخستنەكانی یەكگرتوو لەگەڵ ئەوەن بەشداری لەپەرلەمان نەكەین، لەچەند ڕۆژی داهاتوو راپرسی ئەنجامدەدەین‌


هادی عەلی
هادی عەلی

لە وتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا، د.هادی عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت" زۆربەی کادیرە باڵاکان و ڕێکخستنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەن بەشداری پەرلەمان نەکەین، بۆ ئەوەش لەچەند ڕۆژی داهاتوودا یەکگرتوو ڕاپرسی لەناوخۆی حیزب ئەنجام دەدات لەبارەی ئەوەی بەشداری بکەین لەپەرلەمان یاخود بەشداری نەکەین، دەشڵێت" بەدوری دەزانم بەشداری کابینەی حکومەتی هەرێم بکەین، د.هادی عەلی بەشێک لەهۆکاری کەمبونەوەی دەنگەکانی حیزبەکەی دەخاتە ئەستۆی خۆیان و دەڵێت" دانمان بەوەدا ناوە بەشێک لەهۆکاری کەمبونەوەی دەنگەکانمان پەیوەندی بەدۆخی ناوخۆی حیزبەکەمان و "ئەدای قیادی " و هەندێک لەگوتاری سیاسی و هەڵوێستەکانمانەوە هەیە لەچەند ساڵی ڕابردوودا ، لەم مانگەدا یەکگرتوو کۆبونەوەی فراوان ئەنجامدەدات و لەوێ گۆڕانکاری و دەسلەکارکێشانەوە لەپۆستەکاندا دەکرێت، وە بەهەڵوێستە سیاسیەکانی خۆماندا دەچینەوە."

د. هادی عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەرەتای وتووێژەکەدا باسی لەوەکرد"دوای ئەوەی ساختەکارییەکی زۆر بە ناسنامە و ڕەگەزنامەی ساختەوە لەلایەن پارتی و یەكێتیەوە ئەنجامدرا، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ڕەتکردەوە، ئێستا چاوەڕێین بزانین کۆمسیۆن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشێلکاری و سکاڵایەنە دەکات کەزیاتر لە هەزار سکالآ تۆمارکراوە، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ئێمەش قسەی کۆتایی خۆمان لەو کاتەدا دەکەین."

سەبارەت بەوەی کە چوار لایەنە ناڕازییەکە دوای چەندین کۆبونەوەی لوتکە لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق کە هەمان هەڵوێستی ئێستایان هەبوو ئایا ئەنجامتان لەوە بەدەست هێنا تا چاوەڕێی ئەنجام لەم ناڕەزایەتیانەی ئێستاتان بکەن؟

د.هادی عەلی وتی" ڕاستە ئەوکات کاری زۆرکرا، بەڵام دیاربوو ئیرادەیەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەبوو کە ئەنجامەکان وەک خۆی بمێنێتەوە و نەگۆڕێت، سەپاندییان ، ئەم دوو لایەنەی دەسەڵات( پارتی و یەکێتی) مانایەکیان بۆ دیموکراسی نەهێشتۆتەوە، ئێمە بەتەنها بەرگری لەدەنگی خۆمان ناکەین بەڵکو ئەوە وایکردووە دەنگی لایەنەکانی تریش کەم بکاتەوە، وە متمانەی هاوڵاتیان بەپڕۆسەی هەڵبژاردن نەمێنێت، لەمیدیاکانەوە نا بەڵکو لە دانیشتنەکاندا خۆیان دانی پێدادەنێن لەهەڵبژاردنی پێشوو ڕێژەی دەنگدان گەیشتبووە لە 80%- لە90%،بەڵام ئەمجارە لە 40%) تێپەڕی نەکردووە، ئەمەش مەترسیەکی گەورەیە لەسەر پڕۆسەی دیموکراسی."

لەبارەی هەنگاوی داهاتووی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وتی" جگە لە تۆمارکردنی سکاڵا ئێستا لەناو کادیرە باڵاکانی یەکگرتوو، وە ڕێکخستنەکانی یەکگرتوو کە"عەسڵەن" بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی و پەرلەمان بکەین لەکوردستان تا ئەو شوێنەش هەیە، دەبێت ڕاپرسی بکەین لەناوخۆی ڕێکخستنەکان، وا بڕیارە لەم چەند ڕۆژەدا ڕاپرسی ئەنجام بدەین لەوبارەیەوە ."

دەربارەی ئەوەی ئەگەر ئێوە نەچنە پەرلەمان چی لەبابەتەکە دەگۆڕێت؟ د.هادی عەلی وتی" ڕاستیەکەی ئەگەر لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات نەچنە ناو پەرلەمان و پڕۆسەی سیاسی، ئەوا کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر "میسداقیەت"ی پڕۆسەی دیموکراسی لەهەرێمی کوردستان، لایەنەکانی دەسەڵات ناچار دەبن بەخۆیاندا بچنەوە، ناوەندە نێودەوڵەتیەکان دەبێت بەشێوەیەکی تر مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن."

د.هادی عەلی ئەوەشی وت" لەبەر ئەوەی کۆمسیۆن بەتەنها پێکنەهاتووە لە ئەندامانی پارتی و یەکێتی، نوێنەری لایەنەکانی تریشی تێدایە بۆیە کۆمسیۆن کەمتەرخەمی نەکردووە، بەڵام لەدەرەوەی کۆمسیۆن لایەنەکانی دەسەڵات توانایەکی زۆری هەیە تەنانەت لەهەندێک شوێن هێزیان بەکارهێناوە لەبنکەکانی دەنگداندا، ئێمە لەدوای (12-5 ئەم گللەییانەمان لەکۆبونەوەکان لێکردن وامانزانی سودی دەبێت، بەڵام بەداخەوە لەبەر ئەوەی لایەنەکانی دەسەڵات متمانەیان بەخۆیان نەماوە بۆیە لەشەو و ڕۆژی هەڵبژاردن ساختەکارییەکی زۆر دەکەن."

لەوەڵامی ئەوپرسیارەی جگە لەهۆکاری"ساختەکاری"وەک خۆیان دەڵێن، تاچەند سەرکردایەتی یەکگرتوو هەستی بەوەکردووە کە هەڵوێستەکانیان هۆکاربووە بۆ کەمبونەوەی دەنگەکانیان؟

د.هادی عەلی وتی" ئێمە لەڕۆژی شەممە کە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوومان هەبوو تاوتوێی هۆکارە بابەتی و "زاتیە"کانمان کرد، ڕاشکاوانە دانمان نا بەوەی کە ئێمە بەرپرسیارین لەدابەزینی ڕێژەی دەنگەکانمان، وە ئامادەیشمان دەربڕیووە بۆ هەر بەرپرسیارێتیەک کە ڕوومان تێبکات، جگە لەناهاوسەنگی ململانێی لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات لەگەڵ لایەنەکانی دەسەڵات کەکاریگەری لەسەر پڕۆسەکە هەیە، هاوکات جیاوازی دەنگەکانمان لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی (2014) بەشێکی پەیوەندی هەیە بە هەندێک لە هەڵوێستە سیاسیەکانی ڕابردوومان، بڕیارمان داوە لەنزیکترین کاتدا کۆبونەوەی فراوان دەبەستین وە ئەو ڕێ و شوێنانەی کە پێویست بێت بۆ بەخۆداچونەوە و نوێبونەوە لەناو یەکگرتوو دەیگرینە بەر وە ئەو خاڵە لاوازانەی بووە هۆی کەمبونەوەی دەنگەکانی یەکگرتوو چارەسەری بکەین."

سەبارەت بەوەی ئایا هیچ بەرپرسێکی یەکگرتوو ئامادەی دەسلەکارکێشانەوە هەیە مادام بەشێک لەهۆکاری شکستەکانتان خستۆتە ئەستۆی خۆتان؟

سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وتی" بەڵێ ئاساییە ئامادەیی تەواو هەیە، بەڵام سەرکردایەتی دەڵێن باجارێ پەلە نەکرێت"ڕاکردن لەبەرپرسیارێتی نەبێت، چونکە ڕاکردن لەبەرپرسیارێتی کەمێک ئاسانە، خۆی بڕیار وابوو پێش هەڵبژاردن کۆبونەوەی فراوان بکرێت بۆ گۆڕانکاری لەهەموو پۆستەکاندا بکرێت، بەڵام ئێستا بڕیار وایە لەم مانگی(10)یە ئەنجام بدرێت، لەوێ گۆڕانکاری لەهەموو پۆستەکاندا بکرێت."

وتیشی" جگە لە ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، وە ئەندامێتی سەرکردایەتی هەموو پۆستەکانی تر قابیلی ئەوەیە گۆڕانکاری و دەسلەکارکێشانەوە ڕووی تێبکات،"بەندەش" وەک سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتوو دەگرێتەوە."

د.هادی عەلی جەختی کردەوە بەشێک لەهۆکاری کەمبونەوەی دەنگەکانی یەکگرتوو هۆکاری حیزبەکە خۆیەتی،لەو ڕووەوە وتی" بەڵێ ئێمە دان دەنێین بەوەی بەشێک لەکەمبونەوەی دەنگەکانمان پەیوەندی بەدۆخی ناوخۆی حیزبەکەمان و "ئەدای قیادی " و هەندێک لەگوتاری سیاسی و هەڵوێستەکانمانەوە هەیە لەچەند ساڵی ڕابردوودا."

دەربارەی مەرجی یەکگرتوو بۆ بەشداری کردن لەحکومەتی داهاتووی هەرێم؟ د.هادی عەلی وتی" لەبەر ئەوەی ئێستا ئەگەری بایکۆتکردنی پەرلەمان وەک یەکێک لەبژاردەکان لەبەردەمماندایە بۆیە وای بۆیە بەدووری دەزانم بەشداری لەحکومەتی داهاتووی هەرێمدا بکەین، چونکە ئەگەر بابەتی پەرلەمان بەشێوەیەک لەشێەوەکان پاساوی بەشداری هەبێت، بەڵام بەشذاری کردنمان لەحکومەت بەدور دەزانم."

وتیشی" بیروڕا گۆڕینەوە لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ هەیە سەبارەت بە بڕیاروەرگرتن هەم لەبارەی بەغداد هەم لەبارەی کوردستان بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئەوەی بڕیارێکی هاوبەش وەربگیرێت،."

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەو لایەنانە چۆن دەچنە بەغداد؟ د.هادی عەلی وتی" پێش هەڵبژاردنەکان لایەنەکان دەیانویست هەمووی پێکەوە بچنە بەغداد، بەڵام ئەوکات هەڵىژاردن بوو ململانێکان لە چڵە پۆپەبوو، وە دواتریش یەکێتی و پارتی کەلێنی گەورە کەوتە نێوانیان بەهۆی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراقەوە بەداخەوە زیانێکی زۆریان لە سەنگی کورد-دا لەبەغداد، بۆیە هێشتا نەپرژاوینەتە سەر گفتوگۆی زیاتر."

please wait

No media source currently available

0:00 0:23:51 0:00

XS
SM
MD
LG