Accessibility links

عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینە: یه‌كێتی به‌غه‌دری ده‌زانێت ئێستا په‌ڵپی پۆستی سه‌رۆك كۆماری پێده‌گیرێت


عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینە- فۆتۆ: فەرھەنگ فەرەیدون سایتی راچڵەکین

له‌میانه‌ی وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینە ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و ئه‌ندامی شانده‌كه‌ی یه‌كێتی كه‌ ئێستا له‌ به‌غداد گفتوگۆ له گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌ عیراقیه‌كان ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق ده‌ڵێت: یه‌كێتی سوره‌ له‌سه‌ر یه‌كلایكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ناو په‌رله‌مانی عیراق، هێرۆ خان خوشكی گه‌وره‌مانه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆچونی خۆیه‌تی و ڕێزلێگیراوه‌، بەڵام بڕیار بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتیە، کێ بردیەوە دەنگی زۆرینەی هێنا پیرۆزی بێت، یەکێتی پیرۆزبایی لێدەکات، ئەگەر کاندیدەکەمان بردیەوە ئەوا ئێمە برای یەکین، یەکێتی بڕیاری داوە بەهەمان "ڕۆحیەتی برایه‌تی مامەڵە دەکات لەگەڵ برایانی پارتی" ، وە ئەگەر نەشی بردەوە ئەوا هەر بەهەمان نەفەس کاردەکەین، ده‌شڵێت" ئێمه‌ش بیستومانه‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی گۆڕان هاتونه‌ته‌ به‌غداد له‌كاتێكدا له‌پێشوتر براده‌رانی گۆڕان زۆرترین كێشه‌یان له‌گه‌ڵ پارتیدا هه‌بووه‌."


عەدنانی حەمەی مینە له‌سه‌ره‌تای گفتوگۆكه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوەفدی یەکێتی هاتونە بەغداد تا پشتیوانی لەکاندیدە فەرمیەکەی خۆیان بکەن وە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عیراقیەکان بکەن بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی گفتوگۆکان ئیجابی بوون."

دەربارەی ئه‌وه‌ی ئایا وەفدەکەی یەکێتی توانیویانە بەڵێن لەهیچ لایەنێک وەربگرن بۆ دەنگدان بە کاندیدە فەرمیەکەی یەکێتی؟ عەدنانی حەمەی مینا وتی" تا نەگاتە بەرهەم ئەو شتانە ئاشکرا ناکرێت بەڵام بەگشتی بۆچونی لایەنەکان ئیجابی بووە."

وتیشی" یەکێتی پێی خۆش بوو کورد یەک کاندیدی فەرمی هەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، بەڵام لەحاڵەتی وا کە یەک کاندید نەبوو، یەکێتی ئەو پۆستە بە"ئیستحقاقی" خۆی دەزانێت، وە بەغەدری دەزانێت ئێستا ئەو پەڵپە لەیەكێتی بگیرێت، چونکە لە 7/7/2007 وە ڕێکەوتنی ستراتیژی لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە بۆ دابەشکردنی پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆک کۆماری عیراق، ئەگەر ئەوان دەڵێن سەرۆکی هەرێم نەماوە ئەوا خۆ ئێستا دەسەڵاتەکان لای سەرۆکی حکومەتە کە جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش ڕێز لەدیموکراسیەت دەگرێت، ئێستا بەباشی دەزانێت کە ئەو بابەتە لەپەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە."

دەربارەی بەیاننامەکەی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەبارەی یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق لەناو فراکسیۆنە کوردییەکان یەکلایی بکرێتەوە؟ عەدنانی حەمەی مینە وتی" هێرۆ خان جگە لەوەی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیە، خێزانی جەنابی مام جەلالە خوشکی گەورەمانە، بەڵام بڕیار بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتیە، هەر پێرێ مەکتەبی سیاسی یەکێتی جەختی کردەوە کاندیدی فەرمی یەکێتی بەڕێز کاک د.بەرهەم ئەحمەد ساڵحە."

وتیشی" هێرۆخان وەک هەموو تێکۆشەرەکانی تر خاوەنی یەکێتیە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیە"ئسوڵی حیزبایەتی" دەزانێت وە بۆچونی هێرۆخان بۆچونێکی"موحترم"ە."

وتیشی" وەک وەفدی حیزبی خۆمان لەگەڵ لایەنە عیراقیەکان دانیشتوین، بەڵام سەبارەت بەلایەنە کوردییەکانی تر، پەرلەمانتارەکانمان لەگەڵ پەرلەمانتارانی لایەنەکانی تر دانیشتون، ئەوەندەی ئێمە تێگەیشتوین ئەوانیش مەبەستیانە کەسایەتیەکی بەتوانا ئەو پۆستە وەربگرێت."

عەدنانی حەمەی مینە ئەوەشی وت" کە لەماوەی حەوت ساڵ کارکردن لەبەغداد د.بەرهەم توانیوێتی توانای خۆی بۆ هەموو لایەنە عیراقیەکان بسەلمێنێ بۆیە بەگشتی بۆچونیان"ئیجابی"بووە."

سەبارەت بەدەنگۆی ڕۆیشتنی پەرلەمانتارەکانی گۆڕان بۆ بەغداد بەمەبەستی دەنگدانیان بەکاندیدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەدنانی حەمەی مینە وتی" ئێمەش شتێکی وامان بیستووە براده‌رانی گۆڕان هاتونه‌ته‌ به‌غداد، من ناتوانم لەبری ئەوان وەڵام بدەمەوە، بەڵام ئەوان لەماوەی ڕابردوو کێشەی قوڵیان لەگەڵ برادەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەبوو."

دەربارەی ئەوەی ئەگەر یەکێتی کاندیدەکەی سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا هەڵوێستی چی دەبێت؟ عەدنانی حەمەی مینا وتی" یەکێتی بڕیاری داوە بچێتە ئەو پڕۆسە دیموکراسیەوە لەناو پەرلەمانی عیراق، ئەگەر کاندیدەکەمان بردیەوە ئەوا ئێمە برای یەکین یەکێتی بڕیاری داوە بەهەمان "ڕۆحیەتی برایه‌تی مامەڵە دەکات لەگەڵ برایانی پارتی" ، وە ئەگەر نەشی بردەوە ئەوا هەر بەهەمان نەفەس کاردەکەین ، هەمومان بەرپرسین بەرامبەر ئایندەی میلەتەکەمان"

دوێنێ دووشەممە لەمیانەی وتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ د،فوئاد حسێن"چ بە میکانیزمی ناو فڕاکسیۆنە کوردییەکان بێت یاخود میکانیزمی ناو پەرلەمانی عیراق بێت دەنگدان لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق بکرێت هەر من سەردەکەوم و دەنگی زۆرینە دەهێنم" ئیشه‌ڵا" متمانه‌مان به‌ خۆمان هه‌یه‌ ."

لەبارەی چانسی سەرکەوتنی کاندیدەکەی یەکێتی لەدیاریکردنی کاندید بەیەکێک لەو ڕێگایانە؟ عەدنانی حەمەی مینە وتی" یەکێتی سیاسەتی ڕوونە، جەخت دەکەینەوە دەبێت لەناو پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە وە کێ بردیەوە دەنگی زۆرینەی هێنا پیرۆزی بێت، یەکێتی پیرۆزبایی لێدەکات"

لەبارەی پەیوەندی و ڕێکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستەکانی پارێزگاری کەرکوک و سەرۆکایەتی کۆماری عیراق، د.فوئاد حسێن وتی" نەخێر، هیچ پەیوەندییان بەیەکەوە نیە، چونکە ئەوە پەیوەندی بە ئەنجومەنی پارێزگاوە هەیە لەوێ پارێزگار دەنگی لەسەر دەدرێت کەزۆربەی ئەندامەکانی پارتین واتە پارتی دەتوانێت یارمەتی بدات بۆ دانانی پارێزگاری کەرکوک ، ئەوەمان بەبرادەرانی یەكێتی وتووە."

هەروەها پێشتریش ڕزگار عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەوتوێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا وتی" ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەپشکی پارتی نایەنەوە بۆ کۆبونەوە ئەگەرنا کورد پارێزگاری دیاریدەکرد."

لای خۆیەوە عەدنانی حەمەی مینە ئەندامی سەرکردایەتی یەكێتی نیشتمانی کوردستان جەختی کردەوە ئەو دوو پۆستە پەیوەندی بەیەکەوە نیە و وتی" بەهەمان شێوە پۆستی پارێزگاری کەرکوک"ئیستحقاقی"یەکێتیە چونکە یەکێتی توانیوێتی زۆرترین کورسی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەدەستبهێنێت."

وتیشی" وەک پشتگیریەک بۆ قسەکانی کاک ڕزگار، یەکێتی لەدوای(16ی ئۆکتۆبەر)هەوڵی زۆریداوە پارێزگار دیاریبکات بەڵام سەرینەگرتووە بەهۆی تەواونەبونی ڕێژەی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، وە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق نزیک بۆتەوە و زۆری نەماوە.."

سەبارەت بەوەی ئایا ئێستا هەردوو وەفدەکەی یەکێتی و پارتی گفتوگۆ و کۆبونەوەیان هەبووە لەبەغداد لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق؟ عەدنانی حەمەی مینە وتی" نەخێر نەمبیستووە کۆبوبێتنەوە وەکاتی خۆی داواکرا چەند ڕۆژ لەمەوبەر هەم مەکتەبی سیاسی هەم"جەنابی" جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ کاک نێجیرڤان کۆبونەوە ئەو بۆچونەیان بەفەرمی پێ وتن کە یەکێتی سورە لەسەر" ئیستحقاقی خۆی،وە کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق ناکشێنێتەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:12:43 0:00

XS
SM
MD
LG