Accessibility links

د.فوئاد حسێن: چ بەدەنگدانی ناو فراكسیۆنە كوردییەكان یان هەڵبژاردنی ناو پەرلەمانی عێراق بێت هەر من سەردەكەوم‌و دەنگی زۆرینە دەهێنم


د.فوئاد حسێن
د.فوئاد حسێن

لەمیانەی وتووێژێکی تایبەتی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ د.فوئاد حوسێن کاندیدی سەربەخۆی فەرمی خودی مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت" چ بە میکانیزمی ناو فڕاکسیۆنە کوردییەکان بێت یاخود میکانیزمی ناو پەرلەمانی عیراق بێت دەنگدان لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق بکرێت هەر من سەردەکەوم و دەنگی زۆرینە دەهێنم" ئیشه‌ڵا" متمانه‌مان به‌ خۆمان هه‌یه‌ ، دەشڵێت" جگە لەلایەنە عیراقیەکان گفتوگۆ لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی کراوە، هەروەها لەبارەی گفتوگۆیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت" ئەگەری هەیە خۆیان بکشێننەوە هیوادارم خۆیان بکشێننەوە ئەوکاتە واتای دەگەینە ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتی ئەوەش واتای ئەوەی یەکێتی دەتوانێت بەشی خۆی هەبێت لەناو حکومەتی عیراقی."د. فوئاد حوسێن وەڵامی ئەو ڕەخنانەش دەداتەوە کە ڕەخنە لەپارتی دەگرن لەسەر ئەوەی ڕیفراندۆمی کردووە کەچی ساڵێک دوای ئەوە داوای پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق دەکات دەڵێت"ئەوانەشی ئێستا کاندیدن پێش هەموو کەس لەسەر تەلەفزیۆن پەنجەیان ڕاوەشاند و وتیان دەنگمان داوە، ئێمە وتمان هەموو شتێک لەگەڵ بەغداد دەبێت، سەبارەت بەوەی ئایا ئەگەر یەکێتی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بدات بەپارتی، پارتی کاندیدەکەی دەکشێنێتەوە؟ د.فوئاد حسێن وتی" نەخێر، هیچ پەیوەندییان بەیەکەوە نیە، چونکە ئەوە پەیوەندی بە ئەنجومەنی پارێزگاوە هەیە لەوێ پارێزگار دەنگی لەسەر دەدرێت کەزۆربەی ئەندامەکانی پارتین واتە پارتی دەتوانێت یارمەتی بدات بۆ دانانی پارێزگاری کەرکوک ، ئەوەمان بەبرادەرانی یەكێتی وتووە."

د.فوئاد حسێن لەسەرەتای وتوێژەکەی دەنگی ئەمریکا سەبارەت بە بڕیاری خۆ کاندید کردنی وتی" بڕیاری "جەنابی سەرۆک کاک مەسعود بوو وە دواتر بەیانێکیشی پێدەکرد، کە پشتیوانی من دەکات."

لەدوای بڕیاری بارزانی بۆ کاندیدکردنی، خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وتووێژێکیدا لەگەڵ ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا وتی" "سەرۆک بارزانی وەک کاندیدێکی بێ لایەن د.فوئاد-ی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق کاندید کردووە."

بەهەمان شێوە د.فوئاد حسێن لەقسەکانیداجەختی کردەوە" من وەک کاندیدێکی بێ لایەن بکە پەنجا ساڵە خەباتم هەیە لەلایەن "بەڕێز سەرۆک بارزانی"یەوە کاندید کراوم " وتیشی" کاندیدکردنی کەسێکی بێ لایەنیش لەلایەن"جەنابیانەوە" ئەوە دەردەخات کە کەسێک بێت بتوانێت لەگەڵ هەموو پێکهاتە جیاوازە عیراقیەکان مامەڵە بکات بەو پەیوەندییە فراوانەی لەگەڵ لایەنە سیاسیە عیراقیەکان هەمانە هەروەها لەگەڵ لایەنە کوردییەکانیش هاتوینە بەغداد "ئیشەڵا" سەرکەوتوو دەبین."

ئەو کاندیدەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق ئاماژەی بەبەیاننامەکەی"مەسعود بارزانی"کرد لەسەر پشتیوانی لێکردنی و وتی" من سوپاسی دەکەم بۆ ئەو پشتیوانیەی"سەرۆک بارزانی" ئەو بەیاننامەیە هێزێکی گەورە بوو بۆم، وە ئەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو بەنزیکەی هەموو سەرکردە عیراقیەکانمان بینیوە زۆربەیان پشتگیریمان لێدەکەن وە زۆربەشیان دەڵيین دەبێت بە میکانیزمی کوردی لەناو کورددا یەکلایی بکرێتەوە یەک کاندید بۆ ئەو پۆستە، وە ئەو میکانیزمەش ئێـمە بڕوامان پێیەتی چونکە ئەوە چارەسەرە"

سەبارەت بە ڕێگا چارەی دیاریکردنی یەک کاندیدی کورد لەناو فڕاکسیۆنە کوردستانیەکان کە لەلایەن(د.بەرهەم ساڵح)کاندیدی فەرمی یەكێتی لەڕێگای بەیاننامەیەکەوە پاش کۆبونەوەی لەگەڵ (مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان) ڕەتکرایەوە و ڕایگەیاند" ئەو پۆستە بۆ هەموو عیراقیەکانە پێویستە لەناو پەرلەمانی عیراق هەموو پێکهاتەکانی پەرلەمان یەکلایی بکەنەوە."

بەڵام د.فوئاد حسێن وتی" باشە ئێمـە نەمانوتووە ئەو پۆستە هی هەموو عیراقیەکان نیە، بەڵام هەریەک لەو پۆستە سیادییانە(سەرۆک کۆماری عیراق-سەرۆک وەزیران-سەرۆک پەرلەمانی عێراق) لەلایەن ئەو پێکهاتەوە دیاریدەکرێت کە وەریدەگرێت ئەمە"تەقریبەن" وەک "عورف"ێکی لێهاتووە، هەر بەو میکانیزمەی چوار ساڵ لەمەوبەر لەنيوان فراکسیۆنە کوردییەکان بەڕێز د.فوئاد مەعسوم کرا بە تاکە کاندیدی کورد، بەڵام د.بەرهەم نەیتوانی سەربکەوێت."

د.فوئاد حسێن ئەوەشی وت" پارتی و جەنابی کاک مەسعود سورن لەسەر ئەو میکانیزمە کە لەناو فراکسیۆنە کوردییەکانەوە کاندیدێک دیاریبکرێت، چونکە فراکسیۆنە کوردییەکان گوزارشت لەپێکهاتە و لایەنە جیاوازەکانی کوردستان دەکەن و نوينەری زۆربەی لایەنەکان فراکسیۆنیان هەیە، وە زۆربەی ئەو لایەنانە-شی بینیومانن جەخت و پشتگیری لەو میکانیزمە دەکەنەوە."

د.فوئاد حسێن وتیشی" چ بە میکانیزمی ناو فڕاکسیۆنە کوردییەکان یاخود میکانیزمی ناو پەرلەمانی عیراق بێت دەنگدان هەر من سەردەکەوم و دەنگی زۆرینە دەهێنم" ئیشه‌ڵا" ، متمانه‌مان به‌ خۆمان هه‌یه‌"

سەبارەت بەوەی ئایا هیچ ڕاوێژيک بە لایەنە سیاسیە عیراقی و کوردییەکان کرا پيش کاندید بونت ؟ د. فوئاد حوسين وتی" نەخير لایەنە عیراقیەکان پێویست ناکات چونکە ئەوە پشکی کوردە، وە بۆ لایەنە کوردییەکانیشئەوە بابەتيکە چونکە خەڵکی تر خۆی کاندید کرد وە کاندیدی بي لایەنیش خۆیان کاندید کرد ئێمە دوای ئەوە دەستمان کرد بە گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسیە عیراقی و کوردییەکان لەوبارەیەوە."

لەبارەی ئەو لایەنە سیاسیە کوردییانەی گفتوگۆیان لەگەڵ کردوون، د.فوئاد حوسين وتی" لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی گفتوگۆمان کردووە وە یەکێتیش ئاگادارە'ئیشەڵا" ئێمە هەر بەرەو پێشەوە دەچین و سەرکەوتوو دەبین."

سەبارەت بە گفتوگۆکانیان لەگەڵ یەکێتی لەسەر یەک کاندید، د.فوئاد حسێن وتی" ئەگەری هەیە خۆیان بکشێننەوە هیوادارم خۆیان بکشێننەوە ئەوکاتە واتای دەگەینە ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتی ئەوەش واتای ئەوەی یەکێتی دەتوانێت بەشی خۆی هەبێت لە پۆستەکانی تری ناو حکومەتی عیراقی."

لەوەڵامی پرسیارەکەی ژیار محەمەد ڕۆژنامەنوسەکەی دەنگی ئەمریکا لەسەر ئەوەی ئەگەر یەکێتی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بدات بە پارتی ، پارتی ئامادەیە واز لە پۆستی سەرۆک کۆمار پ بهێنێت؟ د.فوئاد ڕەتیکردەوە کە پارتی لەبەرامبەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک کاندیدەکەی خۆی بکشينيتەوە و وتی" ئەوە هیچ دروست نیە، چونکە دانوستان کراوە لەنيوان پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو پۆستانەی پشکی کوردن ، لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماریش دانوستانی دورودرێژ کراوە، پێیان وتراوە ئەگەر ئێوە کاندیدی خۆتان بکشێننەوە ئەوا لەپۆستەکانی تر دەتوانن مافی خۆتان وەربگرنەوە، وە "بەڕاشکاوی بڵێم، بابەتی پۆستی پارێزگاری کەرکوک هیچ پەیوەندی بە پۆستی سەرۆک کۆمارەوە نیە چونکە پارێزگاری کەرکوک ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکەوە هەیە کە زۆربەی ئەندامەکانی پارتین واتە پارتی دەتوانێت یارمەتی بدات بۆ دانانی پارێزگاری کەرکوک ، بەبرادەرانی یەكێتی وتراوە ئەگەر ئێـمە بتوانین بگەینە ڕێکەوتن ئەوا بابەتی پارێزگاری کەرکوک-یش چارەسەر دەبێت."

د. فوئاد حسێن لەقسەکانیدا دوبارە باسی لەو تۆمەتانە کردەوە کەلەسەر جیاوازی ئاینی خيزانەکەی خستبویانەڕوو وتی" ئەو تۆمەتانە مەبەستی سیاسی بوو، چەند کەسێکی سیاسی باسیان کرد، وە من وەڵامم دانەوە مەبەستیان سیاسی بووە وە تۆمەتەکان گوزارشت بووە لەخۆیان نەک باسی من."

دەربارەی ئەوەی ڕەخنە لەپارتی دیموکراتی کوردستان دەگیرێت کە پاش ساڵێک لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئێستا لەبەغداد هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق دەدات کە ساڵێک لەمەوبەر دەیویست لێێ جیابيتەوە ؟ د. فوئاد ‌حسێن وەڵامی بەو جۆرە دایەوە و وتی" جارێ ئەوە بڕیاری هەموو لایەنە سیاسیەکان بوو، وە ئەو کەسانەی ئێستا کاندیدن ئەوانە زیاتر لەسەر تەلەفزیۆن دەرچون و پەنجەیان ڕاوەشاند کەدەنگیان داوە، ئەو "مەسەلەیە" مەسەلەیەک بوو کە خەڵكی کوردستان بۆچونی خۆیدا، وە ئێـمە ئەوکات پێش ڕیفراندۆم، لەکاتی ڕیفراندۆم، هەروەها دوای ڕیفراندۆمیش وتمان هەموو شتێک لەگەڵ بەغداد دەبێت و پێویستە لەگەڵ بەغداد بگەینە ڕێکەوتن و بڕیاری هاوبەش، ئەوکاتە وابوو، وە ڕیفراندۆمیش نەبووە هۆی ئەوەی دەوڵەت ڕابگەیەنرێت بەڵکو پڕۆسەیەکی دیموکراسی بوو خەڵک گوزارشتی لە بۆچون و ویستی خۆی کرد."

د.فوئاد پەیامی بۆ لایەنگرانی هەبوو وتی" حەزدەکەم ئەوە بە دڵسۆزان و دۆستان و لایەنگرانمان بڵێم ئەو چەند ڕۆژەی دەستمان کردووە بەگفتوگۆ ڕۆژ بەڕۆژ پشتیوانیمان زیاتر دەبێت و ئێـمە بەرەو سەرکەوتن دەڕۆین."

"ئێشەڵا"پۆستی سەرۆک کۆمار وەردەگرین بۆ خزمەتی گەلی کوردستان و عیراقیش."(د.فوئاد حسێن وای وت".

وابڕیارە کاتژمێر(8)ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەکاتی بەغداد لەناو پەرلەمانی عیراق دەنگ لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق بدرێت.

پێشتر هەریەکە لە(د.لەتیف ڕەشید و سروە عەبدولواحید) کاندیدی سەربەخۆ وتوێژیان هەبوو لەگەڵ ژیار محەمەد لەدەنگی ئەمریکا، ئەگەر چی چەندین جار له‌چه‌ندین كاتی جیاوازدا پێش په‌یوه‌ندی كردن به‌و كاندیدانه‌ی تر، پەیوەندی کراوە بە بەڕێز (د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح)کاندیدی فەرمی یەکێتی بەڵام وەڵام نادەنەوە، جگە لەوەی بەڕێگای فەرمیش(ئیمەیڵ)پەیوەندی کراوە بەڵام بەهەمان شێوە وەڵام نادەنەوە.

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ د.فوئاد حسێن

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:58 0:00

XS
SM
MD
LG