Accessibility links

محەمەد تۆفیق ڕەحیم: پێم باشە هەر شەش لایەنەکە پێکەوە بچنە بەغداد


حه‌مه‌ تۆفیق ڕه‌حیم
حه‌مه‌ تۆفیق ڕه‌حیم

محەمەد تۆفیق ڕەحیم ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت" ئێمـە پێمان باشبوو هەڵىژاردن دوابکەوێت، ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بێت ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری بەشداری کردنمان دا، بۆ ئەم هەڵبژاردنە ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان هەماهەنگیان لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لەهەرێمی کوردستان هەبوو،زۆربەی کێشەکان چارەسەرکراون بەڵام ناتوانین بڵێین لە 100% هەڵبژاردنی ئەمجارە خاوێن دەبێت،دەشڵێت" گەشبینم گۆڕان ئەمجارە دەنگەکانی زیاتر بکات،لەبارەی گفتوگۆی لایەنە سیاسیە کوردییەکانیش لەگەڵ لایەنە عیراقیەکان دەڵێت" من خۆم پێم باشە هەر شەش لایەنەکە بەیەکەوە بچنە بەغداد، پێشتر پێکەوە دابنیشن هەر شەش لایەنەکە کە ئەمجارە گفتوگۆکان "تەرکیز" بکرێتە سەر بەرنامەی سیاسی حکومەتی داهاتوو ئەمەم لەجڤاتیش وتووە."

لەمیانەی وتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ محەمەد تۆفیق ڕەحیم ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی ئەوەی ئایا پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان نیازی هەبوو بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم نەکات وا بۆ بەشداری کردنی بڕیاریدا؟ محەمەد تۆفیق ڕيحیم وتی" لەلای ئێمە جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان خاوەن بڕیارن ئێمە ئەو بڕیارەمان بۆ ئەوان بەجێهێشت ئەوانیش بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریان دا وە ئامادەکاریش کراوە بۆ هەڵبژاردنەکان."

سەبارەت بەوەی پێشبینی دەکەن دوای ئەم هەڵبژاردنەش هەمان ناڕەزاییەتیەکانیان دوبارە بێتەوە لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن؟ محەمەد تۆفیق ڕيحیم وتی" هەوڵی تەواو دراوە هەڵبژاردنەکە خاوێن بێت ئەمجارە وەک( 12\5) نەبێت، بەڵام ناتوانم بڵێم لەسەدا سەد خاوێن دەبێت، دەبێت هەوڵی ئەوە بدرێت چونکە هەموو جیهان چاویان لەسەر ئێـمەیە کە چەند پڕۆسەیەکی دیموکراسی بەڕێوە دەبەین بەڵام ئەوە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی دەسەڵات چەندە ئەوەی دەوێت."

ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی وت" ژووری هەڵبژاردن بەرپرسە لەو ڕوەوە هەماهەنگیان لەگەڵ کۆمسیۆن هەبووە ئەوان دەڵێن ئێـمە ناتوانین بڵێین لەسەدا سەد ئەم هەڵبژاردنە خاوێن دەبێت، بەڵام دەڵێن هەوڵ دەدەین ئەم هەڵبژاردنە خاوينتر بێت لەوانی تر جا بابزانین چۆن دەبێت؟"

محەمەد تۆفیق ڕەهیم جەختی لەوەکردەوە بزوتنەوەی گۆڕان پێی باشبوو هەڵبژاردنەکان دوابخرێت، لەو ڕوەوە وتی" ئێمـە پێمان باشبوو هەڵبژاردن ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بوایە دوابخرایە بەهۆی ئەو دۆخەی لەناوچەکە هەیە بۆ ئەوەی بزانین بە چ لایەکدا دەکەوێت؟ بەڵام جڤاتی گشتی بڕیاریدا لەکاتی خۆیدا بکرێت و ئامادەکاریش لەو ڕوەوە کراوە ."

لەبارەی پێشبینیان بۆ دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان محەمەد تۆفیق ڕەحیم وتی"هەوڵ دەدەین دەنگەکانمان زیاتر بێت نەک هەر کەمی بکەین ، من خۆم گەشبینم، ئەگەر چی تا ئێستاش لە ئاست پێویست نیە خاوێن کردنەوەی لیستی دەنگدەران."

سەبارەت بەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بەنیازە لە ئۆپۆزسیۆن بمێنێتەوە دوای ئەم هەڵبژاردنە یا بەرەوە دەسەڵات دەڕوات؟ محەمەد تۆفیق ڕەحیم وتی" بێگومان هەموو حیزبێک بۆ دەسەڵات هەوڵ دەدات تا بەرنامەی خۆی لەدەسەڵات جێ بەجێ بکات بەڵام ئەوە دەمێنێتەوە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دواتر بڕیار دەدەین."

سەبارەت بەگفتوگۆی لایەنە کوردییەکان لەبەغداد؟ ئەندامەکەی خانەی ڕاپەڕاندن وتی" من پێشتریش لەجڤات وتومە ڕەخنەم لەو گفتوگۆیانە هەبوو کە لە بەغداد دەکرا دەبێت ئەمجارە "تەرکیز" بکرێتە سەر بەرنامەی سیاسی حکومەتی داهاتووی عیراق ئەوەمان بەلاوە گرنگ بێت نەک پۆست ."

محەمەد تۆفیق ڕەحیم بەپێویستی زانی هەر شەش لایەنە کوردییەکەی کورسییان لەپەرلەمانی عیراق هێناوە پێکەوە دابنیشن و ڕێک بکەون، لەو ڕوەوە وتی" دەبێت هەر شەش لایەنەکە پێکەوە دابنیشین بۆ ڕێکەوتن لەسەر چۆنیەتی گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنی پێکهێنەری حکومەتی عیراقی داواکارییەکانی کورد کە دەبێت زیاتر جەخت لەسەر بەرنامەی سیاسی حکومەت بکەین ."

وتیشی" من پێم باشە هەر شەش لایەنەکە بەیەکەوە بچنە بەغداد، بەس بە دوو لایەنەکەمان وتووە دەبێت ئەو شتانەی بۆ حکومەتی عیراقی هەمانە لەهەرێمیش هەمان شتمان هەبێت ."

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:00 0:00

XS
SM
MD
LG