Accessibility links

میرانی: چۆن هەموو جارێک مرۆڤێکی ئیماندار ئیمانەکەی نوێ دەکاتەوە ئێـمەش هەمیشە دەبێت بڵێین یەکڕیزی کوردستانیەکان"


Fazil Mirani

لەبەشی دووەم و کۆتایی دیدارەکەی ژیار محەمەد لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ فازڵ میرانی سکرتيری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە پرسی چونی وەفدی کورد بۆ بەغداد و پرسی پۆستی سەرۆک کۆمار و پارێزگاری کەرکوک و گەڕانەوەی کورد دەکات بۆ کەرکوک، هەروەها لەدوا تەوەردا وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە ئایا ڕێکەوتنی پێش وەختە هەبووە لەنێوان پارتی و گۆڕان لەسەر یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم و هەمواری یاسای تیرۆر؟

کورد و کۆبونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان

لەسەرەتای تەوەری دووەم کە تایبەت بوو بە ڕۆیشتنیوەفدی کوردی بۆ بەغداد، فازڵ میرانی وتی" ئێـمە پڕۆژەیەکی هاوبەشمان هەیە، بەڵام ئێمە بەتەنها نەبوین لە ئامادەکردنی پڕۆژەکە بەڵکو هی ئێمە و برادەرانی یەکێتیە، پێشتر داوامان لەهەموو لایەنە کوردستانیەکان کرد کە پێکەوە پڕۆژەیەکی هاوبەش بۆ بەغداد ئامادەبکەین بەڵام نەهاتن، پڕۆژە هاوبەشەکەی ئێمە و یەکێتی لایەنێکی عیراقی هەیە کە بریتیە لەپاراستنی ئەمن و ئاسایش و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و پاراستنی دەستور، ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵیە لە عێراق، وە گەڕانەوەی ئاوارەکانی موسڵە بۆ شوێنەکانی خۆیان وەچەندین بابەتی گرنگی وەک بەشە بودجە و موچە،گرنتی جي بەجي کردنی داواکارییەکانی کورد ئەمجارە بەرژەوەندی هاوبەشی لایەنە زیانمەندەکانە لەپڕۆسەی حکومڕانی ڕابردووی عیراق کە هەر کورد لێی زیانمەند نەبووە بەڵکو سوننە و تەنانەت شیعەکانیش بەشێکیان، هەر ئەو عەقڵیەتە وایکرد لەڕابردوو کورد پەنا بۆ ڕیفراندۆم ببات بۆیە دەبێت بەدوای زیانمەندەکانی پڕۆسەی حکومڕانی ڕابردووی عیراق بگەڕێێن، بڕۆی بۆ هەر شوێنێکی عیراق موعاناتی عیراقیەکان لەڕووی خزمەتگوزاریەوە زۆر خراپترە، کوردستان لەو ڕوەوە زۆر لەبەشەکانی تری عیراق باشترە هی کوردستان زیاتر موعاناتەکە نەتەوایەتیە. "

میرانی ئەوەشی وت"هەر سەیری هەڵبژاردنی عیراق بکەین بزانە چەندە بەشداری نەکردووە ڕێژەی لە 70%ی نەچۆتە دەنگدان ئەمانە کێن ئەوانەن لە پڕۆسەی حکومڕانی لەعیراق زیانمەند بوون خۆ ئەگەر کوردستان نەبوایە کە ڕێژەی بەشداریکردنی بەرزکردەوە ئەگەرنا لە25% تێپەڕی نەدەکرد ئەگەر دنیاش خراپ ببوایە."

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بە بەشێک لەناوەڕۆکی کۆبونەوەکانیان کرد لەگەڵ لایەنە عیراقیەکان وتی" هەرکەسمان بینیوە لە عیراقدا لەوەزیر و جيگری سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک کۆمار و سەرۆک کۆمار دەگری هەمووی دەڵێت بەڵێ شکستمان هيناوەدان دەنێن بەوەی لەڕابردوودا لە ئیدارەدانی وڵاتدا شکستیان هيناوە ڕاستە ئەمە دەرفەتە بەڵام بەداخەوە هەموو جارێک دەرفەتەکان بەرهەم دار نەبوونه بۆ کورد زامنی بەبەرهەم بوونی ئەو دەرفەتانە تەنها یەکڕیزییە، چۆن هەموو جارێک مرڤێکی ئیماندار ئیمانەکەی نوێ دەکاتەوە و دەڵێت: لاالە الا اللە) ئێـمەش هەمیشە دەبێت بڵێین یەکڕیزی کوردستانیەکان بەتایبەتی و کوردەکان."

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی له‌كام لایه‌نی عیراقیه‌وه‌ كورده‌كان نزیكن؟ فازڵ میرانی وتی:نە ئێمە نەیەکێتی تا ئێستا بۆمان یەکلایمان نەبۆتەوە لەکام لایەنی عیراقی نزیکین چونکە تا ئێستا کاندیدی شیعەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران یەکلایی نەبۆتەوە ، وە یەکەمجار ئێمە کەچوینە بەغداد پێمان وتن بابە گیان ئێمە بە نیازی"مەناسیب" نەهاتوین، بۆ "مەقاسید" هاتوین ،ئەو کوتلەیەی زیاتر داواکارییەکانی ئێمە جێ بەجي بکات ئێـمە لەو لایەنە نزیکین، ئیتر هەمویان دەڵێن پڕۆژەکەتان باشە.

پۆستی سه‌رۆك كۆمار؟ ئایا پارتی و یه‌كێتی پشتگیری د. به‌رهه‌م ده‌كه‌ن بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق؟

له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار كه‌ له‌ خوله‌كانی ڕابردوو ده‌درایه‌ كورد، بۆ ئه‌م خولی نوێیه‌، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌ بۆ كورده‌ ئه‌مجاره‌ش، له‌و ڕوه‌وه‌ فازڵ میرانی وتی" یەکەم شت ئەو پۆستە بۆ کوردە، کاتێک لەبەغداد لێیان پرسین سەرۆک کۆمار بۆ کێێە؟ پارتی؟ یەکێتی؟ وتم من ئەوە ناڵێم بەڵام من دڵنیام سەرۆک کۆمار بۆ کوردە، بۆ؟ نەک لەبەر ئەوەی سەرۆک کۆمار بێ دەسەڵاتە نەخێر بەپێچەوانەوە سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی زۆرە ئەگەر پەیڕه‌وی بکات بەپێی دەستور دەتوانێت پرسیار لەپەرلەمان بکات بۆچی ئەو مادە دەستوریەی نەکردووە بە یاسا، وە لەلایەکی تر سەرۆک کۆمار نوێنەرایەتی"تەمسیلی" عێراق دەکات ئەوەش بۆ ئێمەی کورد گرنگە، بەڵام بۆ کام لایەنی کوردی دەبێت؟ ئەوە دەمێنێتەوە بۆ کۆبونەوە و دانیشتنی نێوان خۆمان وەک هەموو لایەنەکان ،خۆ ئەگەر وەک کورد کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمارمان هەبوو دەبێت بۆچونی لایەنە عیراقیەکانی تریش وەرگرین هەروەک ئەوان چۆن لەکاندیدی سەرۆک وەزیران ڕای ئێـمەی کورد وەردەگرن چونکە سەرۆک کۆمار یا سەرۆک وەزیران یا هەر پۆستێک لەو پۆستانە بەتەنها بۆ کورد نیە یا عەرەب بەڵكو بۆ هەموو عیراقیەکانە ،بەڵام ئەمجارەش ئەوە مەعلومە کە بۆ کورد دەبێت ئیتر یا بۆ پارتی یا یەکێتی یا کوردێکی تر دەبێت لەدەرەوەی ئەو دوو حیزبە چونکە ئێستا لەناو عیراقدا شتێک هەیە دەڵێن شیعە بەتەنها حیزبی دەعوە نیە تا پۆستی سەرۆک وەزیران هەموو جارێک بۆ ئەوان بێت بەتەنها وە دەڵێن هەموو کوردیش یەکێتی نیە تا هەموو جارێک پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد بێت."

سەبارەت بەوەی ئایا پارتی و یەکێتی ئامادەن پەرلەمانتارەکانیان ڕابسپێرن بۆ دەنگدان بەکاندیدێکی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق لەدەرەوەی ئەو دوو حیزبە بەتایبەت کەسایەتیەکی وەک د.بەرهەم ک، ئایا ئێوە ڕازی دەبن دەنگی پێبدەن؟

فازڵ میرانی وتی" بەڕاستی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە کەمێک زەحمه‌ته‌‌، چونکە سەرەتا دەبێت داوا لەیەکێتیەکان بکەین ئایا ئامەدەن واز لەبەشی خۆیان بهێنن؟ وە بەهەمان شێوە لەپارتیش بپرسین ئایا ئامادەن واز لەبانگەشەی خۆیان بهينن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و وازهێنانی بۆ کاندیديکی سەربەخۆ ؟ ڕاستە کاک بەرهەم لەناو هەموومان کەسایەتیەکی مرۆڤێکی "مەعروفە" وە برایەکی ئازیزە، بەڵام وابزانم ئەگەر لەناو یەکێتیدا بمایەوە شانسی وەرگرتنی ئەو پۆستەی زیاتربوو هەتا جاری پێشوش هەموو یەکێتیەکان دەنگیان پينەدا وە ئێـمە ناتوانین ئەو پرسیارە لەیەکێتی بکەین، سەبارەت بە ئێمەش هيشتا د.بەرهەمیش خۆی پێشنیار نەکردووە بۆ ئەو پۆستە تا ئێمە بۆچونی خۆمان بخەینەڕوو وەختێک دەبێت ڕای خۆمان بخەینەڕوو کە دکتۆر بەرهەم بێت بۆ لای جەنابی سەرۆک بڵێت ئێوە و یەکێتی پێکنایەن لەسەر ئەوپۆستە من وەک کوردێک کاندید بکەن ئەوکات د.بەرهەم جوابی خۆی وەردەگرێت."

ئایا پۆستی سه‌رۆك كۆمار له‌به‌رامبه‌ر پارێزگاری كه‌ركوكه‌؟

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا مه‌رجی گه‌ڕانه‌و بۆ كه‌ركوك وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان مه‌رجی لایه‌نه‌ كوردییه‌كانه‌ بۆ لایه‌نی پێكهێنه‌ری حكومه‌تی عێراقی؟ فازڵ میرانی وتی: گەڕانەوە بۆ کەرکوک دوو لایەنی هەیە، لایەنێکی سیاسیە، لایەنێکی یاساییە، لایەنە یاساییەکەی ئەوە پەیوەندی بەجێ بەجێ کردنی مادەی(140)ی دەستوری عیراقیەوە هەیە، لایەنی دووەمی پەیوەندی بە باری ئەمنی هەیە دانانی پارێزگارە کەبرادەرانی یەکێتی زۆریان پەلەیە بەڵام ئێمە دەڵێین کە حەشدی شەعبی و سوپای عیراق و دژەتیرۆر لەوێ حاکمن ئەگەر ئەو پارێزگارەش لەم دۆخەدا دابنرێت بەقەد یەک دەنکە شقارتە کاریگەری نابێت دەبێت وەکجاران ئیدارەکە هاوبەش بێت بەڵام بەم دۆخەی ئێستاوە باشترین و زیرەکترین کەسی ناو یەکێتی بکەیتە پارێزگار هیچ کارێکی پي ناکرێت. ئێستا یه‌كێتی پێمان دەڵێن ئەگەر پارتی ڕازی بێت پارێزگارێکی کورد دادەنێین ڕاستە ئێمە ڕازی نەبوین و ڕازی نابین چونکە ئێمە کەبەشداری هەڵبژاردنمان لەو شارە نەکرد ئێستا چۆن دەچین پارێزگارێک دادەنێێن کەهیچی پێناکرێت و هیچ دەسەڵاتی نەبێت ؟!، پارتی ناچيتە ژێر باری ئەوەی بڵێ من کەرکوک بەڕێوە دەبەم لەکاتێکدا کە‌ حه‌شدی شەعبی و سوپای عیراق لەوێ حاکم بێت ئەوە گەمە بەخۆکردنە، کەس ئەوەی لەم دۆخەدا پێ ناکرێت مەگەر کابرا خۆی حەزی لەوەبێت پێی بلێن پارێزگار."

ئایا ڕێکەوتنی پێش وەختە لەنێوان پارتی و گۆڕان هەبوو لەسەر یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم و هەمواری یاسای تیرۆر؟

پێشتر جەعفەر ئیمنکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان--عیراق لەمیانەی وتووێژێکی دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند" پڕۆژە یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم هی فراکسیۆنی گۆڕان و پارتی بووە، هەروەها لەماوەی ڕابردوو بەشێک بەتایبەت لەلایەنە ئیسلامیەکان ڕەخنەیان لە فراکسیۆنی گۆڕان گرت کەدەنگی بەهەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم داوە، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی هیچ ڕێکەوتنێکی پێش وەختە لەنێوان گۆڕان و پارتی لەسەر ئاستی حیزبی هەبووە بەتایبەت لەیاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم کە هەمیشە ئەو بابەتە هەستیار بوە لەنێوان لایەنەکان بەتایبەت گۆڕان و پارتی؟ فازڵ میرانی وتی"زۆر کەس بەتایبەت برادەرانی یەکێتی وا بیریان دەکردەوە کە ئێمە و گۆڕان دانیشتوین ڕێکەوتوین لەسەر پڕۆژە یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم من بۆ مێژوو دیڵێم پڕۆژەکەی گۆڕان زۆر لە پڕۆژەکەی پارتی بەسەروبەرتر و ڕێکخراوتر بوو، ئێمە کاتی خۆی سوپاسی برادەرانی گۆڕانمان کرد بێ ئەوەی هەماهەنگی پێش وەختەمان هەبێت بەڵام شێوەی بیرکردنەوەی هاوبەش ئەوکارە باشەی لێ دەرچوو."

فازڵ میرانی وتیشی: ئێـمە لەگەڵ ئەم حیزبانە خاڵی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ ئیسلامیەکان یەک دینمان هەیە لەگەڵ ئەوانی تریش یەک نەتەوەین ڕاستە خاڵی جیاوازیمان هەیە بەڵام ئەمە سیمای دیموکراسیە من دەڵێم با ئەو جیاوازیەمان بمێنێت بەڵام لەچوارچێوەی پاراستنی ئەمنی قەومی نەک سەنگەر لەیەکتر بگرین، سەیری ئەو حیزبانە بکەی دوو شتیان کردۆتە ئامانج یەکەم نەمانی پارتی دووم نەمانی دەسەڵاتی پارتی من دەڵێم لەجیاتی ئەوەی ئەمە ئامانج بێت با خۆیان زیاتر گەشەپيبدەن و لەپارتی زیاتر خزمەتی خەڵك بکەن تا لەپارتی زیاتر دەنگ بهينن، ئەو حیزبانە هەموو ڕەخنەو باسێکیان پارتی و حکومەتی هەرێمە من دەڵێم باشە ئەگەر ئێـمەی پارتی نەبین ئەو حیزبانە باسی چی دەکەن؟ خێری برادەرانی گۆڕان بنوسرێت جار جار باسی یەکێتی دەکەن. دەی ئەوە ئێمە نین باسی خۆتان بکەن چی کراوە؟ با هەر لەماڵی خۆمانەوە لەژوری دانیشتنەکانەوە دەست پيبکەین بزانین چەندە شت بۆ ئەم وڵاتە کراوە با ئەو حیزبانە هەر سەیری خۆیان بکەن لە ماڵ و ئۆتۆمبێل و بەشداری لەزانکۆ و بودجە و چەدین شتی تر بزانن چەندە شت کراوە! خوا دەفەرموێت" لئن شکرتم لآذیدنکم" ئەمەی بە ئینکاری نیعمەت و کوفر داناوە ئنجا برادەرانی ئیسلامیش وان هەموو شتێک بەڕەش دەبینن، ڕاستە کەموکوڕی هەیە و میللەتی کورد شایانی زیاترە با ئەمەی هەمانە بیپارێزین ئەها چۆن لەدوای(16)ی ئۆکتۆبەر ویستیان فیدراڵی بسڕنەوە و بمانگيرنەوە بۆ حکومی ناوەند، بەداخەوە بەشێک لەحیزبەکانی خۆشمان ئەو نەغمەیەیان وتەوەو و بازیاندا چونە بەردەرگای عەبادی دانیشتن و وتیان وەرە موچەمان بۆ بهێنەرەوە لەسلێمانی بەداخەوە خۆپیشاندانی واکرا ئەمە بیرکردنەوەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی نیە ئەمە بیرکردنەوەیەکە کە بڵێن من خەڵکی خۆم لەناو دەبەم تا میللەتەکەم لەناو بچێت ئەمە وەک ئەوە وایە کەسێک کێچێکی لەماڵدا بێت بەڵام بچێت ئاگر لەهەموو ماڵەکەی بەربدات، من دەڵێم با هەموومان بەخۆماندا بچینەوە ئەوەی دوێنێ دژی یەکتر کردومانە نەیلکەین، چاو لەوەبکەین ئەگەر(16)ی ئۆکتۆبەر بەرخۆدانی پێشمەرگە نەبوایە ئەوا شتێک نەدەما بەناوی هەرێمی کوردستان و دەگەڕاینەوە بۆ پێش(11)ی ئازار.ئەوەی دەیکەن دژی ئەو دروشمەیە کەهەموومان بانگەشەی بۆ دەکەین فرە حیزبی و دینی و ئازادی، دەبێت بەڕاستی هەموو ئەوانە قبوڵ بکەین لەپێناو پاراستنی ئەمنی قەومی نەتەوەکەمان."

please wait

No media source currently available

0:00 0:33:21 0:00

XS
SM
MD
LG