Accessibility links

قایمقامی شه‌نگال: بۆردومان كردنی شه‌نگال له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی توركیاوه‌ به‌ ڕێكه‌وتنی نێوان حكومه‌تی عیراق و توركیایه‌


مه‌حما خه‌لیل: قایمقامی شه‌نگال و په‌رله‌مانتاری پێشووی عیراق-لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان

مه‌حما خه‌لیل قایمقامی شه‌نگال ده‌ڵێت" بۆردومان كردنی شه‌نگال له‌لایه‌ن توركیاوه‌ به‌ڕێكه‌وتنی نێوان حكومه‌تی عیراق و توركیایه‌، ده‌شڵێت" نامانەوێت پەکەکە و تورکیا "تەسفیەی حساب" لەسەر خاکی شەنگال بکەن،كشانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی په‌كه‌كه له‌شه‌نگال له‌ قازانجی شه‌نگال و پاراستنی خه‌ڵك و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شه‌نگال و گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك، هه‌روه‌ها قازانجی عیراق و هه‌تا په‌كه‌كه‌ خۆیه‌تی ."

له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ مه‌حما خلیل قایمقامی شه‌نگال له‌باره‌ی بۆردومانی فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر شه‌نگال كه‌ بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی زه‌كی شه‌نگالی له‌ هه‌فته‌ی ڕابوردوتر به‌ بۆردومانی ئه‌و فڕۆكانه‌، قایمقامی شه‌نگال وتی" ئێمه‌ پێشتر وتبومان نامانه‌وێت شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ و توركیا له‌سه‌ر شه‌نگالێكی وێران بێت و "ته‌سفیه‌ی حسابات" بكرێت كێشه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌كوردستانی توركیایه‌."

مه‌حما خه‌لیل وتیشی" بۆردومان كردنی شه‌نگال، به‌ ڕێكه‌وتنی نێوان حكومه‌تی عیراق و توركیایه." له‌باره‌ی ده‌نگۆی تۆمه‌تباركردنی هاوكاری هێزێكی نێوخۆیی له‌لایه‌ن هه‌ندێك خه‌ڵك له‌ گیانله‌ده‌ستدانی زه‌كی شه‌نگالی؟ قایمقامی شه‌نگال وتی" به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پارتی و حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و بۆردومانه‌ و" شه‌هیدكردنی" (زه‌كی شه‌نگالی)یان ، ئیدانه‌كرد، باشه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن پارتی له‌پشته‌وه‌یه‌، شه‌هیدكردنی هاوڵاتیان له‌ دۆڵی بالیسان و بارزان به‌ بۆردومانی فڕۆكه‌كانی توركیا، شه‌هیدكردنی شه‌ش پێشمه‌رگه‌ی پارتی له‌ پێشوتر له‌چیای شه‌نگال ئه‌وانه‌ كێی له‌پشت بوو؟ پارتی و حكومه‌تی هه‌رێم له‌شه‌نگال ده‌سه‌ڵاتیان نیه‌ حكومه‌تی عیراق له‌شه‌نگاله‌ ئه‌وان به‌رپرسن ئه‌وه‌جاری یه‌كه‌م نیه‌ توركیا شه‌نگال بۆردومان ده‌كات."

مه‌حما خه‌لیل وتیشی" ئه‌وه‌ عه‌قڵیه‌تی ئه‌ردۆگانی دیكتاتۆره‌ كه‌ به‌بۆردومان ده‌یه‌وێت كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكات ، پێشتر په‌كه‌كه‌ وتیان له‌شه‌نگال ده‌كشێینه‌وه‌ به‌ڵام تا ئێستا هه‌موویان نه‌كشاونه‌ته‌وه‌، كشانه‌وه‌ی په‌كه‌كه له‌شه‌نگال له‌ قازانجی شه‌نگال و پاراستنی خه‌ڵك و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شه‌نگال و گه‌ڕانه‌وی خه‌ڵك و هه‌روه‌ها عیراق و هه‌تا په‌كه‌كه‌ خۆیه‌تی چونكه‌ توركیا بونی ئه‌وانی كردووه‌ به‌ پاساو بۆ بۆردومانی شه‌نگال، كێشه‌ی كورد به‌ بۆردومان چاره‌سه‌رنابێت، ئه‌گه‌ر توركیا پاراستنی سنوره‌كانی كردۆته‌ پاساوی لێدانی په‌كه‌كه‌ و بۆردومانی شه‌نگال، بۆچی ئه‌وكاته‌ی داعش له‌موسڵ بوو توركیا بۆردومانی داعشی نه‌ده‌كرد؟ خۆ موسڵیش هاوسنوری توركیایه‌ !"

قایمقامی شه‌نگال له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌كوشتنی زه‌كی شه‌نگال له‌لایه‌ن ئیداره‌ی شه‌نگاله‌وه‌، وتی" كاك زه‌كی كوردێكی ئێزیدی خه‌ڵكی توركیا بوو به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ئێمه‌ له‌بۆردومانی فڕۆكه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر شه‌نگال شه‌هید كراوه‌، كه‌ شه‌ڕی نێوان په‌كه‌كه‌ و توركیایه‌ و ئه‌و كێشه‌یه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌كوردستانی توركیاوه‌ نه‌ك ئێره‌ هیوادارین به‌لێك تێگه‌یشتن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن."

مه‌حما خه‌لیل جه‌ختیكرده‌وه‌" كردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر "شه‌هید كردنی" زه‌كی شه‌نگالی په‌یوه‌ندی به‌وانه‌وه‌ نیه‌،له‌و ڕوه‌وه‌ وتی" ئێمه‌ هیچ په‌یوه‌ندیمان به‌وه‌وه‌ نیه‌ ئه‌وه‌ كاری حكومه‌تی عیراقه‌ بابه‌تی ئه‌منیه‌ وه‌ك ئیداره‌ی شه‌نگال ناتوانین لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ین به‌ڵكو كاری حكومه‌تی عیراقه‌ لكۆڵینه‌وه‌ بكات."

XS
SM
MD
LG