Accessibility links

مەرجەعیەتی شیعەکانی عێراق داوادەکات حکومەتێک پـێکبهێنرێت کە بتوانێت ڕووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە


مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق داوایکردووە لە زووترین کاتدا حکومەتی نوێی وڵاتەکە پـێکبهێنرێت لەسەر بنەمای ڕاست و دوروست تاوەکو ڕووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە و بتوانێت خزمەتگوزاریـیە سەرەکیـیەکان بۆ خەڵکی وڵاتەکە دابینبکات.

شێخ عەبدولمەهدی ئەلکەربەلائی نوێنەری ئەیەتوڵڵا عەلی سیستانی ڕێبەری باڵای شیعەکانی عێراق ئەمڕۆ لە وتارێکی نوێژی هەینی لە کەربەلا ئەم داوایەی مەرجەعیەتی ڕاگەیاند و گوتی ئەگەربێت و ئەو حکومەتەش بەڵێنەکانی نەبردەسەر یان لە ئەنجومەنی نوێنەران و دەسەڵاتی دادوەری کارەکان ڕاگیران، ئەوا میلـلەت لە ناڕەزایـیەتە ئاشتیخوازانەکانی شێوازی دیکە دەگرێتەبەر.

کەربەلائی باسی لەوەش کرد سەرۆک وەزیر بەرپـرسیارێتی تەواوی چۆنیەتی کارکردنی حکومەتەکەی لە ئەستۆدەگرێت، بۆیە دەبێت هێندە بە توانا و بوێربێت کە بتوانێت شەڕی کەندەڵی دارایی و ئیداری وڵاتەکە بکات.

داواشیکرد کەسانی تەکنۆکرات و دەستپاک لە پـۆستە وەزاری و باڵاکانی حکومەتدا دابنرێن، نەک لەسەر بنەمای ئاینزایی و سیاسی و حزبی و خزمایەتی دابمەزرێن.

جەختی لەوەش کرد دەبێت پەرلەمانی داهاتوو بە جدی بۆ چاکسازی کاربکات و یاسای پـێویستی بۆ دەربکات.

جێی ئاماژەیە ماوەی نزیکەی مانگێکە ناڕەزایـیەکی زۆر باشوری عێراق و بەغدای پایتەختی گرتووەتەوە بەهۆی خراپی ڕەوشی خزمەتگوزاریـیەکان و بەرزی ڕێژەی بێکاری.

XS
SM
MD
LG