Accessibility links

خۆپـیشاندەرێک لە شاری دیوانیـیەی باشوری عێراق دەکوژرێت


سەرچاوەیەک لە دەزگای تەندروستی عێراق دەڵێت ئەمڕۆ هەینی خۆپـیشاندەرێک لە بەردەم بارەگای ڕێکخراوی بەدر لە شاری دیوانیـیەی باشوری وڵاتەکە کوژراوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی سەرچاوەیەک لە شاری دیوانیـیە گوتویەتی"خۆپـیشاندەرێک کە تەمەنی لە بیستەکاندا بووە، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا لە ئەنجامی گولـلەیەکی پاسەوانانی بارەگای ڕێکخراوی بەدر."

هاوکات لە تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتە کە دەڵێن ساتی کوژرانی ئەو گەنجەیە.

هەروەها ئاژانسەکە دەڵێت پەیامنێرانی لە عێراق ڕاپۆرتیان کردووە، دەڵێن ئەمڕۆ هەینی هەزاران کەس لە چەندان ناوچەی وڵاتەکە ڕژاونەتە سەر جادەکان. لەوانە بەغدای پایتەخت کە لەوێ بە سەدان خۆپـیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریر گردبوونەوە و پاشان بە ڕێپـێوان بەرەو پـردی جەمهوریـیە بەڕێکەوتوون تاوەکو بگەنە بەردەم ناوچەی سەوز، بەڵام لە لایەن هێزەکانی ئاسایش بە ئاو و بۆمبی فرمێسک ڕێژ بڵاوەیانپـێکراوە.

لە شاری بەسرەش ئەمڕۆ بە هەزاران کەس بەشداریـیان لە خۆپـیشاندانەکان کرد و بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە بەردەم بینای پارێزگای بەسرە گردبوونەوە و دروشمی "سلمية سلمية"یەیان دەگوتەوە، واتە" ئاشتیانەیە، ئاشتیانەیە" .

جێی ئاماژەیە لە میانەی خۆپـیشاندانەکانی هەفتەی ڕابردووی باشوری عێراق 8 کەس کوژران.

خۆپـیشاندەران داوای باشکردنی خزمتگوزاریـیەکان دەکەن و هەلی کار لە ناوچەکانیان زیادبکرێن.

XS
SM
MD
LG