Accessibility links

وەزیرێکى عێراق: خەڵکى عێراق مافى خۆیانە ناڕەزایەتى دەرببڕن


وەزیرێکى حکومەتى عێراق، دەڵێت هۆکارى سەرهەڵدانى نارەزایەتى و خۆپیشاندانەکانى عێراق نەبوونى خزمەتگوزارى و خراپى دۆخى کارەبایە، بەڵام خەڵکانى ئەجێندا داریش هەوڵى قۆستنەوەى نارەزایەتیەکان دەدەن.

دکتۆر دەرباز محەمەد وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"نەتوانراوە لەرابردوودا سێکتەرى کارەبا باش بکرێت و کەمترین بڕى کارەبا بەهاوڵاتیان دراوە، بۆیە خەڵک ناحەقى نیە خۆپیشاندان ئەنجام بدات."

وتیشى"کۆمەڵێ بەڵگەش دەستکەوتوون، خەڵکى ئەجێندا دار تێکەڵ بەخۆپیشاندانەکان بوون، ئەم خەڵکانە بەبێ هۆکار چوونەتە نێو خۆپیشاندەران و کار بۆ جێبەجێکردنى ئەجێندا تایبەتیەکانیان دەکەن."

جەختیشیکردەوە"بەتێروانینى حکومەتى عێراق خۆپیشاندان رەوایە، بەو مەرجەى زەرەر بە ماڵى حکومەت و خەڵک نەگات، چونکە خۆپیشاندان بۆ چاککردنە نەک تێکدان."

سەبارەت بە ناسنامەى ئەو گروپانەى ئەجێندا دارن و خۆیان خزاندۆتە نێو خۆپیشاندانەکان، وەزیرەکەى حکومەتى عێراق ئاماژەى بەوەکرد، خەڵکانێک هەن بەشێک نین لە نارەزایەتیەکان، بەڵام قەرەباڵغیەکان بۆ ئاگر کردنەوە و بارەگا سوتاندن دەقۆزنەوە، وتى"ئەم خەڵکانە دەیانەوێ خۆپیشاندانەکان ئیستغلال بکەن."

سەبارەت بە تێروانینى حکومەتى عێراق بەوەى تاچەند خۆپیشاندانەکان دەستى وڵاتانى ئیقلیمى و نێودەوڵەتیان لەپشتەوەیە، وەزیرەکەى حکومەتى عێراق وتى"حکومەتى عێراق وا بیرى لەخۆپیشاندانەکان نەکردۆتەوە کەدەستیان لەپشتەوە بێت، چونکە هۆکارى نارەزایەتیەکان روونە کەنەبوونى خزمەتگوزارى یە."

وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، پێیوانیە خۆپیشاندانەکان کاریگەریان لەسەر زووپێکهێنان یاخود درەنگ پێکهێنانى حکومەت هەبێت، چونکە ئەم مەسەلە پەیوەندى بە پەسەندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانەوە هەیە.

ناوبراو وتى"هەرچەندە ئەم کۆمیسیۆنە بەدواى راستى ساختەکاریەکاندا ناگەرێت و چاوپۆشى لەساختەکاریەکان دەکات، بەڵام تا ئەنجامى هەڵبژاردن پەسەند نەکرێ، پەرلەمانى نوێ کۆنابێتەوە."

ماوەى چەند هەفتەیەکە خۆپیشاندان و نارەزایەتى ناوچەکانى باشورى عێراقى گرتۆتەوە، خۆپیشاندەران حکومەتى عێراق بە حکومەتێکى شکستخواردوو وەسف دەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:46 0:00

XS
SM
MD
LG