Accessibility links

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت بەپـێی ڕێوشوێنە دەستوریـیەکان دەکرێت ماوەی پەرلەمان درێژبکرێتەوە


سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت ڕێوشوێنە دەستوریـیەکان بواری هێشتووەتەوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی خولی پەرلەمانی، ئەمەش لە کاتێکدا تەنیا 2 ڕۆژ ماوە ئەم خولەی ئێستای پەرلەمانی عێراق کۆتایی پـێبێت.

سەلیم جبوری ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە پەرلەمان گوتی دەستور لە یەکێک لە مادەکانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە ماوەی خولی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ چوار ساڵە، بەڵام ڕێوشوێنە دەسـتوریـیەکان بواریشی هێشتووەتەوە بۆ شیانی درێژکردنەوەی ماوەکەی.

هەروەها گوتی نابێت وڵات بەبێ پەرلەمان ببێت، بەپـێی بڕیارێکی دادگای فیدراڵی کە لە ساڵی 2010دەرچووە و تیایدا هاتووە نەبوونی هەر کام لە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکار و یاسادانان و دادوەری وڵاتەکە نیشانەی کەموکوڕیـیەکە لە یەکێک لە پایەکانی سیستەمی فەرمانڕەوایی وڵاتەکە و هەروەها لادانە لە سیستەمی دیموکراسی.

جبوری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد پەرلەمان خوازیارە درێژە بە کارەکانی بدات، بە تایبەتی لە کاتێکدا وڵاتەکە بە ڕەوشێکی هەستیاردا تێپەڕدەبێت.

داواشی لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و دادوەرە پەیوەندیدارەکان کرد ڕەچاوی تانەکان و کارەکانی جیاکردنەوەی دەنگەکان بکەن کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەسـتپـێبکەن. هیواشی خواست ئەنجامەکان بە شێوەیەک بن عێراقیـیەکان قایل بکەن کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی خواستەکانیانن.

XS
SM
MD
LG