Accessibility links

د. له‌تیف ڕه‌شید؛ ئه‌و مه‌رجانه‌ی كورده‌كان هه‌یانه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌حكومه‌تی عیراق له‌به‌رژه‌وه‌ندی عیراقیشه‌


دكتۆر له‌تیف ڕه‌شید
دكتۆر له‌تیف ڕه‌شید

د.له‌تیف ڕه‌شید ڕاوێژكاری سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عیراق و یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌ كورده‌ دیاره‌كانی ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت" هێشتا هیچ لایه‌نه‌ی كوردی و عیراقی به‌ شیعه‌ و سوننه‌وه‌ به‌فه‌رمی داوای هیچ پۆستێكیان له‌ عیراق نه‌كردووه‌، ده‌شڵێت" ئه‌و مه‌رجانه‌ی كورد هه‌یه‌تی له‌به‌رژه‌وه‌ندی عیراق، وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورده‌ به‌شداری حكومه‌تی نوێی عیراق بكات به‌ڵام ده‌بێت به‌مه‌رجی جێ به‌جێكردنی داواكارییه‌كانی، هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له‌ حكومه‌تی عیراق و هه‌رێم تۆمه‌تبار ده‌كات به‌ جێ به‌جێنه‌كردنی داواكارییه‌كانی كورد و ده‌ڵێت، حكومه‌تی عیراق گوێی نه‌ده‌گرت، وه‌فده‌كانی ئێمه‌ زیاتر سه‌رقاڵی ئه‌وه‌بوون سه‌ردانی ئه‌ملاو لا بكه‌ن وه‌ك له‌وه‌ی سه‌ردانی به‌غداد بكه‌ن بێن له‌گه‌ڵ به‌غداد دابنیشن و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی كێشه‌كانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێم و عیراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، وه‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی عیراق ، ده‌ڵێت" باشتره‌ هه‌ریه‌كه‌ی سه‌رقاڵی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی بێت ئه‌وانه‌ كێشه‌ نین خۆمان تێكه‌ڵمان كردون مادام كۆمسیۆن هه‌یه‌ با بۆ كۆمسیۆنی جێ بهێڵێین."

د. له‌تیف ڕه‌شید له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی" هێشتا لایه‌نه‌ عیراقیه‌كان نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆ به‌ڕای من پێویسته‌ گفتۆگۆكان له‌سه‌ر پڕۆگرامی داهاتووی عیراق بێت نه‌ك له‌سه‌ر پۆست و پایه‌ و به‌ بێ هیچ ئامانجێك گفتوگۆ بكرێت، به‌بڕوای من وه‌ هیوای منیش وایه‌ كه‌ كورد ببێته‌ یه‌ك به‌ره‌ ئه‌گه‌ر كورد ببینه‌ یه‌ك به‌ره‌ به‌ره‌یه‌كی زۆر به‌هێز ده‌بین له‌عیراقدا وه‌ پێویسته‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌ پڕۆگرامێكی هاوبه‌ش دابنێت به‌ناوی هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌كانی عیراقه‌وه‌."

وتیشی"ئێمه‌ له‌كوردستانی عیراق چه‌ند هێزێكی سیاسیمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك كورد بتوانین ئامانجه‌ سیاسیه‌كانمان بهێته‌ دی پێویسته‌ وه‌ك به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووبین له‌ناو په‌رله‌مانی عیراق و به‌غداد مه‌رج نیه‌ بۆ هه‌موو یاسایه‌كی په‌رله‌مان بێت به‌ڵكو بۆ ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كان یه‌ك بین."

د. له‌تیف ڕه‌شید باسی له‌وه‌كرد" له‌ ئێستادا هه‌موو لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵی گفتوگۆن ته‌نها ئه‌و لایه‌نانه‌ نه‌بێت كه‌نیازیان نیه‌ به‌شدرای بكه‌ن" وتیشی" هیوام وایه‌ ڕه‌خنه‌ و گلله‌ییه‌كانیان پێشكه‌ش به‌كۆمسیۆن بكه‌ن چونكه‌ خۆی پێویسته‌ پێشكه‌شی كۆمسیۆن یا ده‌سه‌ڵاتی بكه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌، تا ئێستا ئه‌وه‌ی بۆم ده‌ركه‌وتوه‌، له‌م قۆناغه‌دا وه‌ك كورد زۆر پێویستمان به‌ ڕێكه‌وتنی سیاسی هه‌یه‌"

له‌باره‌ی مه‌رجی لایه‌نه‌كوردییه‌كان بۆ به‌شداریكردن له‌حكومه‌تی نوێی عیراق د.له‌تیف ڕه‌شید ده‌ڵێت" وه‌ك كورد مه‌رجه‌كانمان ڕوونه‌، به‌بۆچونی من ئه‌و مه‌رجانه‌ی كورد هه‌یه‌تی له‌به‌رژه‌وه‌ندی عیراقه‌، بۆ نمونه‌ بزانین بودجه‌ی عیراق چۆن به‌كاردێت، یا یاسای نه‌وت و غاز یاخود كێشه‌ی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان وه‌ یاسایه‌كی ڕێك و پێك بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ و وه‌ په‌له‌كردن له‌جێ به‌جێ كردنی ده‌ستور و به‌نده‌كانی ده‌ستور ."

د. له‌تیف ڕه‌شید له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئه‌مجاره‌ كورد چ گره‌نتیه‌كی هه‌یه‌ مه‌رجه‌كانی جێ به‌جێ بكرێت له‌كاتێكدا له‌ڕابردوودا هه‌مان ئه‌و مه‌رجانه‌ی بۆ كابینه‌كانی حكومه‌تی عیراق هه‌بووه‌ ده‌ڵێت" جێ به‌جێ نه‌كردنی مه‌رجه‌كانی كورد له‌كابینه‌كانی ڕابردوو به‌بۆچونی من هه‌ڵه‌كه‌ هی هه‌ردوولایه‌( حكومه‌تی ناوه‌ند و حكومه‌تی هه‌رێم) كه‌ به‌جدی دانه‌نیشتوون بۆ جێ به‌جێ كردنی ئه‌و بڕگه‌ ده‌ستوریانه‌، وه‌ك ده‌زانرێت وه‌فده‌كانی ئێمه‌ زیاتر سه‌رقاڵی ئه‌وه‌بوون سه‌ردانی ئه‌ملاو لا بكه‌ن وه‌ك له‌وه‌ی سه‌ردانی به‌غداد بكه‌ن بێن له‌گه‌ڵ به‌غداد دابنیشن و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن ئه‌وه‌ش به‌ ڕۆژ و دوو ڕۆژ نا."

وتیشی"ئێمه‌ له‌(٢٠٠٧) ه‌وه‌ یاسای نه‌وت و غازمان له‌عیراق په‌سه‌ندكرد به‌ڵام نه‌ حكومه‌تی ناوه‌ند نه‌حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و بابه‌ته‌یان به‌جدی وه‌رنه‌گرت تا ئه‌وه‌ی بینیمان نانبڕین و كێشه‌ی گه‌وره‌ی لێ كه‌وته‌وه‌ ."

له‌باره‌ی ئه‌و كێشانه‌ی ئێستا له‌نێوان په‌رله‌مانی عیراق و سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌یه‌، د.له‌تیف ڕه‌شید ڕاوێژكاری سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عیراق وتی"ئه‌وانه‌ كێشه‌ نین خۆمان كێشه‌كان تێكه‌ڵ ده‌كه‌ین ، باشتره‌ هه‌ریه‌كمان خه‌ریكی ده‌سه‌ڵاتی خۆمان بێت ئێستا كه‌ كۆمسیۆن هه‌یه‌ با لێی گه‌ڕێین خۆی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات به‌بۆچونی من ئه‌گه‌ر ئه‌ویش نه‌یتوانی جێ به‌جێی بكات با لێیگه‌ڕێین دادگای فیدرڵی چاره‌سه‌ری بكات."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی باس ده‌كرێت یه‌كێكیت له‌كاندیده‌كان؟ د. له‌تیف ڕێشید به‌ته‌نها وتی"تا ئه‌م ساته‌ به‌فه‌رمی هیچ لایه‌نێكی عیراقی به‌ سوننه‌و و شیعه‌وه‌ داوای هیچ پۆستێكیان نه‌كردووه‌، وه‌ كورد داوای هیچ پۆستێكی له‌به‌غداد نه‌كردووه‌ تا ئه‌م ساته‌ به‌بۆچونی من داواكردنی پۆست گرنگ نیه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ جێ به‌جێكردنی مافه‌كانمان دانێین."

وتیشی"هیچ گره‌نتیه‌ك نیه‌ ئه‌مجاره‌ كرد به‌یه‌ك وه‌فدی هاوبه‌ش بچێته‌ به‌غداد به‌ڵام هیوا هه‌یه‌ ئه‌بێت به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گشتیه‌كان بخه‌ینه‌ به‌رچاو ئه‌گه‌رنا كێ گره‌نتی ده‌دات به‌كێ ؟!"

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:57 0:00

XS
SM
MD
LG