Accessibility links

بۆچونی یاسایی تاریق حه‌رب له‌باره‌ی بڕیاره‌كانی په‌رله‌مانی عیراق و دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌عیراق


تاریق حه‌رب شاره‌زای دیاری یاسای ده‌ستوری و یاساكان له‌ عیراق

تاریق حه‌رب شاره‌زای دیاری یاسای ده‌ستوری و یاسا ئاساییه‌كان له‌ عیراق ڕه‌خنه‌ له‌په‌رله‌مانی عیراق ده‌گرێت كه‌ ده‌بوو یاسا ده‌ربكات بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگی ده‌ره‌وه‌ی عیراق نه‌ك بڕیار ده‌شڵێت، په‌رله‌مانی ئێستا به‌ ده‌نگی(٢٠١) په‌رله‌مانتاری ده‌توانێت یاسایه‌كی نوێ ده‌ربكات، بۆ هه‌ڵوشاندنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئێستا و دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌عیراق به‌ڵام بۆ دۆخی ئێستا له‌عیراق قورسه‌ ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌په‌رله‌مانتارانی ئێستا ئه‌مجاره‌ش كاندید بون و ده‌رنه‌وچون به‌ڵام باسی دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ناكه‌ن له‌به‌ردۆخی عیراق، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كۆمسیۆن پابه‌نده‌ به‌بڕیاری دوباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان چونكه‌ ئه‌وه‌ ته‌نها بڕیار به‌سه‌ و پێویستی به‌یاسا نیه‌."

تاریق حه‌رب كه‌سایه‌تی دیاری شاره‌زای یاسای ده‌ستوری و یاسایی له‌عیراق له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی" بڕیاردان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی ده‌ره‌وه‌ی عیراق پێویسته‌ به‌یاسا بێت نه‌ك به‌ بڕیار، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستوری عیراقی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی دیاریكردووه‌ كه‌ تێیدا بڕیار ده‌رده‌كرێت، وه‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كانی تر پێویستی به‌ده‌رچونی یاسا هه‌یه‌، هه‌روه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان پێویستی به‌ یاسایه‌، چونكه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ده‌ره‌وه(ده‌ره‌وه‌ی عیراق) به‌یاسا كراوه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پێویستی به‌یاسایه‌، واته‌ ده‌بێت له‌هه‌مان پله‌ی یاسا بێت ،یاسا به‌یاسا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ نه‌ك به‌بڕیار ، بۆیه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ته‌واو نیه‌(كافی نیه‌)، به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ده‌ره‌وه‌ی عیراق، چونكه‌ مافی ده‌نگدان یه‌كێكه‌ له‌و مافانه‌ی كه‌ ده‌ستوری عیراقی زامنی كردووه‌ بۆ هاوڵاتیانی عیراقی. "

تارق حه‌رب ئاماژه‌ی به‌بڕیاری ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان كرد به‌ده‌ست له‌بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عیراقی و وتی " جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان ، پێویستی به‌یاسا نیه‌، بڕیار به‌سه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر كۆمسیۆن جێ به‌جێی بكات ،چونكه‌ ئه‌وه‌ هه‌روه‌ك ده‌وترێت له‌ مافه‌كان نیه‌ ،به‌ڵكو دادپه‌روه‌ری له‌نێوان كاندیده‌كان به‌دیده‌هێنێت، په‌یوه‌ندی به‌ زیادكردنی ده‌نگی كه‌سێك وه‌ كه‌مكردنی ده‌نگی كه‌سێكی تر نیه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر كۆمسیۆن جێ به‌جێی بكات هه‌رچه‌نده‌ كۆمسیۆن ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌جێ به‌جێ كردنی ئه‌و بڕیاره‌. "

له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری پابه‌ند نه‌بونی كۆمسیۆن به‌ بڕیاری په‌رله‌مانی عیراق به‌رپرسیارێتی یاسایی كۆمسیۆن چی ده‌بێت؟ تاریق حه‌رب وتی " وای بۆ ناچم كۆمسیۆن پابه‌ند نه‌بێت به‌ڕاستی خۆی له‌م بابه‌ته‌دا كۆمسیۆن لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌، ئه‌گه‌ر وانه‌كرا ده‌كرێت له‌به‌رده‌م دادگای فیدراڵیدا تانه‌ بدرێت كه‌ لایه‌نی جێ به‌جێ كار بڕیاره‌كان جێ به‌جێ ناكرێت، سه‌باره‌ت به‌ بڕگه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی ده‌ره‌وه‌ی عیراق، كۆمسیۆن ده‌توانێت خۆی شتێك بكات نوسراوێك بكات بۆ په‌رله‌مان و بڵێ پێویستمان به‌یاسایه‌ یاسایه‌كمان بۆ ده‌ربكه‌ن ئێمه‌ پابه‌ند ده‌بین پێوه‌ی ،به‌ڵام بڕیا نا. "

تاریق حه‌رب به‌دوری زانی دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌م كاته‌دا بۆ عیراق ئاسان بێت و وتی "دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌عیراق قورسه‌، هه‌ر به‌ڕاستی قورسه‌، ئه‌مه‌ بابه‌تێكی ئاسان نیه‌، پێشتر ده‌مانناڵاند به‌ده‌ست پێكهێنانی حوكمه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ئێستا كێشه‌یه‌كی ترمان بۆ دروست بووه‌ ئه‌ویش كێشه‌ی كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌، بۆیه‌ دوباره‌ كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نیه‌ جگه‌له‌وه‌ی پێویستی به‌ ئاماده‌كاری و بودجه‌ی ترچه‌ندین شتی دیكه‌ هه‌یه‌ ، ته‌نانه‌ت حوكمه‌تیش باسی ئه‌م بابه‌ته‌ی نه‌كردووه‌، هه‌تا په‌رله‌مانیش له‌ بڕیاره‌كه‌یدا باسی دوباركردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی نه‌كردووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌و ئه‌ندامانه‌ی ئێستا كه‌ شكستیان هێناوه‌ كاندیدی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش بوون. "

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حه‌رب ئه‌وه‌شی وت "بێگومان په‌رله‌مان ده‌توانێت یاسایه‌ك ده‌ربكات به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی ئێستا هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و پاشان واده‌یه‌كی نوێ بۆ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی نوێ دیاریبكات . "

تاریق حه‌رب سه‌باره‌ت به‌وه‌ی یاسای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن و دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن پێویستی به‌ده‌نگی زۆرینه‌ی ڕه‌های په‌رله‌مانتارانه‌ یاخود زۆرینه‌ی ساده‌؟ وتی" خۆی كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مان ته‌مه‌نی به‌ره‌وه‌ كۆتایی ده‌چێت، به‌ڵام ڕێژه‌كه‌ زۆرینه‌ی ئاماده‌بوانه‌ واته‌ خۆی ئێستا ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ٣٢٥ ئه‌ندامه‌ ،ئاماده‌بونی ٢٠١ ئه‌ندام په‌رله‌مان و ده‌نگدان به‌سه‌ بۆ ده‌رچونی ئه‌و یاسایه‌.به‌ڵام كات له‌به‌رژه‌وه‌ندیما نیه‌ . "

ڕۆژی دووشه‌مه‌ په‌رله‌مانی عیراق چه‌ند بڕیارێكی دا سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی عیراق و دووباره‌ ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ناوخۆی عیراق بڕێزژه‌ی له‌ ١٠%.

XS
SM
MD
LG