Accessibility links

سەعید کاکەیی: ماوەی دەنگدان درێژ ناکرێتەوە


Saeed Kakayee
Saeed Kakayee

سەعید کاکەیی ئەندامی ئەنجومەنی‌ کۆمسیارانی‌ کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەکانی‌ عێراق دەڵێت ماوەی دەنگدان درێژ ناکرێتەوە، چونکە ئامێرەکانی دەنگدان لە کاژمێر 6 ی ئێوارە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەکوژێنەوە.

لە کاتژمێر ٧ی بەیانی بە کاتی بەغداد هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرتاسەری عێراق دەستیپێکرد و بڕیارە پـرۆسەی دەنگدانەکە هەتا 6 ی ئێوارە بەردەوام بێت بەپـێی ئەو بەرنامەیەی پـێشتر کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەستنیشانی کردووە.

سەعید کاکەیی ئەندامی ئەنجومەنی‌ کۆمسیارانی‌ کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەکانی‌ عێراق لە میانەی وتووێژێکی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا وتی بە شێوەیەکی گشتی پڕۆسەی دەنگدانی گشتی لە سەرتاسەری عێراق بە ئاسایی بەڕێوەدەچێت، بەڵام گرفتی سەرەکی ئەمڕۆ کە هەبوو نەزانینی بەکارهێنانی ئامێرەکانی دەنگدان بوو یاخود لە کارکەوتنیان بوو، بەڵام جگە لە دانانی ڕێژەیەکی زۆری زیادەی ئەو ئامێرانە لە بنکەکان، هەروەها تیمەکانیشمان دەگەڕێن بەسەر بنکەکانی دەنگدان بۆ چاککردنەوەی ئەو کێشانە.

ئەم لێدوانەی سەعید کاکەیی لە دوای تێپەڕبوونی ٧ کاتژمێر بەسەر دەسپێکردنی پڕۆسەی دەنگدان دێت کە تائێستاش بەوتەی خۆی کێشەکە بەردەوامە، سەبارەت بەوەی ئایا کۆمسیۆن بڕیاری درێژکردنەوەی وادەی دەنگدان دەدات، کاکەیی وتی نەخێر چونکە ئەو ئامێرانە بەشێوەیەک کاردەکەن کە ئۆتۆماتیکی خۆیان لەکاتژمێر ٦ی ئێوارە دەکوژێنەوە و ئێمە ناتوانین ماوەی دەنگدان درێژ بکەینەوە .

سەبارەت بە تۆمارکردنی پێشێلکاری ،سەعید کاکەیی وتی دوای داخستنی بنکەکانی دەنگدان بە ئێمە دەگات بەڵام لە دەنگدانی تایبەت ١٢٨ سکاڵا لە سەرتاسەری عێراق تۆمارکراوە، سلێمانی بەپلەی یەکەم دێت لە سەرتاسەری عێراق لە تۆمارکردنی سکاڵادا، کە ٤٣ سکاڵای پێشێلکاری لێ تۆمارکراوە، دوای ئەویش شاری دهۆک کە ١٥سکاڵای لێ تۆمارکراوە.

XS
SM
MD
LG