Accessibility links

"حكومه‌تی عیراقی له‌باره‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی-یه‌وه‌ هۆشداری ده‌داته‌ توركیا"


وێنه‌- فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی

حكومه‌تی عیراقی له‌ڕێگای وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌یه‌ی خۆیه‌وه‌ هۆشداری ده‌داته‌ حكومه‌تی توركیا كه‌ ئه‌گه‌ر سوربێت له‌سه‌ر بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی به‌ڕووی گه‌شته‌كان بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ئه‌وا فڕۆكه‌خانه‌كانی عیراق به‌ڕووی گه‌شته‌كانی هێڵه‌ ئاسمانیه‌كانی توركیا دابخات، ئه‌وه‌ش به‌پێی وته‌كانی ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا"

ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی له‌میانه‌ی وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی"ئێستا بڕیاری حكومه‌تی توركیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕێگه‌ نه‌دات به‌ گه‌شتی هیچ وڵاتێك له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانیه‌وه‌ بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی وه‌ به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌،به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ئاگاداربم حكومه‌تی عیراقی فیدراڵ له‌ڕێگای وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی خۆیه‌وه‌ باڵوێزخانه‌ی توركیای ئاگاداركردۆته‌وه‌ به‌پێی ڕێككه‌وتنامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان وه‌ ئه‌و ڕێكه‌وتننامه‌ دوو قۆڵه‌یه‌ی له‌نێوان توركیا و عیراقدا هه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ی هاوشێوه‌ بكات چۆن توركیا فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانیان خستۆته‌ ژێر گه‌مارۆوه‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عیراقیش به‌نیازه‌ ئه‌گه‌ر بۆی بكرێت فڕۆكه‌خانه‌كانی عیراق به‌ڕووی گه‌شتی هێڵه‌ ئاسمانیه‌كانی توركیا دابخات."

وتیشی"هیوادارین ئه‌وه‌ جێ به‌جێ بكرێت وه‌ك فشارێك له‌سه‌ر ده‌سپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كان بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی، به‌ڵام تائێستا ئه‌وه‌ نه‌چۆته‌ بواری جێ به‌جێ كردن و ته‌نها له‌ڕێگای ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ بووه‌، چونكه‌ ناتوانرێت پێشبینی بكرێت ئایا حكومه‌تی عیراق ئه‌و بڕیاره‌ جێ به‌جێ ده‌كات یاخود نا؟ئێمه‌ ئومێد ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر بتوانێت جێ به‌جێی بكات بۆ ئه‌وه‌ی توانا و هێز و پێگه‌ی عیراق پیشان بدات."

ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی-فۆتۆ\ژیار محه‌مه‌د
ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی-فۆتۆ\ژیار محه‌مه‌د

به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی به‌دوری زانی حكومه‌تی عیراقی بتوانێت بڕیارێكی له‌وجۆره‌ بخاته‌ بواری جێ به‌جێ كردنه‌وه‌ و وتی"وه‌ك پێشبینی خۆم حكومه‌تی عیراق ناتوانێت ئه‌و بڕیاره‌ جێ به‌جێ بكات وه‌ توركیاش هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی نابێت چونكه‌ توركیا به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی مامه‌ڵه‌ ده‌كات."

ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا ئاماژه‌ی به‌و گه‌شتانه‌كرد كه‌ له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌ و ڕایگه‌یاند"ئه‌م گه‌شتانه‌ له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا له‌فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌،سلێمانی- به‌یروت،سلێمانی-عه‌ممان،سلێمانی-قاهیره‌-سلێمانی-له‌نده‌ن،سلێمانی مانچسته‌ر ئه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌هێڵی ئاسمانی عیراق،هه‌روه‌ها هێڵی پادشای ئوردنی گه‌شته‌كانی بۆ سلێمانی عه‌ممان وه‌ دۆحه‌ ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌،هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا هێڵه‌كانی ئاسمانی ئێرانی گه‌شته‌كانی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ست پێبكاته‌وه‌."

پاش نزیكه‌ی شه‌ش مانگ به‌سه‌ر بڕیاری داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم به‌ڕووی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقیه‌وه‌،ڕۆژی ١٥-٣-٢٠١٨،حكومه‌تی عیراق بڕیاریدا گه‌مارۆی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم هه‌ڵبگرێت،سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی ئه‌و كاته‌ی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی ئنجا گه‌شته‌كان له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتوو ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌؟"

ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی وتی"زۆربه‌ی زۆری گه‌شته‌كان ده‌ستی پێكردۆته‌وه‌ ،هێڵه‌ ئاسمانیه‌كان ته‌واوی گه‌شته‌كانی خۆیان گۆڕیبوو بۆیه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ی ده‌ویست تا خشته‌ی گه‌شته‌كانی ده‌ست پێبكاته‌وه و وه‌ ڕه‌زامه‌ندی له‌ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی عیراقی وه‌ربگرێت به‌وخشتانه‌، ئه‌و پێویست بوو تا گه‌شته‌كان ده‌ست پێبكه‌نه‌وه‌ و بچنه‌وه‌ سه‌ر ڕێڕه‌وی ئاسایی خۆی."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:44 0:00

XS
SM
MD
LG