Accessibility links

د.موسه‌نا؛له‌هیچ شوێنێكی سوێنده‌ ده‌ستوریه‌كه‌دا باسی یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق نه‌هاتووه‌


د.موسه‌نا ئه‌مین

د.موسه‌نا ئه‌مین ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ده‌ڵێت"سوێند خواردنه‌ ده‌ستوریه‌كه‌ی من بۆ بوون به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانی عیراق مانای بڕوابوون نیه‌ به‌یه‌ك پارچه‌یی خاكی عیراق،من سوێند بۆ ئه‌وه‌ ناخۆم یه‌ك پارچه‌یی خاكی عیراق له‌ عیراقیه‌كان بپارێزم به‌ڵكو سوێند بۆ ئه‌وه‌ ده‌خۆم خاكی عیراق له‌ ده‌ره‌وه‌ی عیراق بپارێزم."

د.موسه‌نا ئه‌مین له‌سه‌ره‌تای گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا باسی له به‌شداری كورد كرد له‌پڕۆسه‌ی سیاسی عیراق له‌دوای ڕیفراندۆم،د.موسه‌نا وتی"ڕیفراندۆم تاوان نه‌بوو تا بڵێن بۆ ئه‌نجامتان دا یا نه‌دا،ئه‌گه‌ر له‌به‌تاڵیش ئه‌نجاممان دابێت ئه‌وه‌ كێشه‌ نیه‌ كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق كردیانه‌ تاوان بۆ زه‌بون كردنی گه‌لی كورد."

د.موسه‌نا جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ ئه‌و بڕوای به‌یه‌ك پارچه‌یی خاكی عیراق نیه‌ و وتی"هه‌ر كه‌سێك كه‌ بڕوای به‌سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوو بڕوات به‌یه‌كپاڕچه‌یی عیراق نیه‌،ئه‌مه‌ قسه‌ی من نیه‌ قسه‌ی هه‌موو حیزبه‌كانه‌ به‌ڵام ڕه‌نگه‌ من بوێرتر بم كه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ به‌ڕاشكاوانه‌ ده‌ڵێم،ئه‌مه‌ عه‌قیده‌ی سیاسیه‌ هیچ پێچه‌وانه‌یه‌ك نیه‌ له‌توركیا كورده‌كان سوێند به‌گه‌وره‌یی میلله‌ت ده‌خوات و بڕواشیان به‌ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی كورد هه‌یه‌."

به‌پێی مادده‌(٥٠)له‌ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراقی،كاتێك كاندیدێك ڕێژه‌ی ده‌نگی پێویست ده‌هێنێت بۆ بوون به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانی ده‌بێت سوێندی ده‌ستوری به‌م شێوه‌یه‌ بخوات"سوێند بێت به‌خوای مه‌زن،ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی یاسایم به‌لێبڕاوانه‌ و دڵسۆزانه‌ جێ به‌جێ بكه‌م و پارێزگاری له‌سه‌روه‌ری عیراق بكه‌م و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌ی له‌به‌رچاو بگرم و شه‌ونخونی بكه‌م بۆ سه‌لامه‌تی زه‌وی و ئاسمان و ئاو ه‌ سامان و ڕژێمه‌ دیموكراتیه‌كه‌ی و فیدراڵیه‌كه‌ی و كاربكه‌م بۆ پارێزگاری كردن له‌ ئازادیه‌ گشتی و تایبه‌تیه‌كان و سه‌ربه‌خۆیی دادگا و پابه‌ندبوون به‌جێ به‌جێ كردنی یاساكان به‌ ئه‌مانه‌ت و بێلایه‌نیه‌وه‌،خواش شاهێده‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم.."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا چۆن سوێندی ده‌ستوری ده‌خۆیت به‌پێی مادده‌(٥٠)ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراقی ساڵی(٢٠٠٥) له‌كاتێكدا ئه‌و سوێنده‌ باسی پاراستنی سه‌روه‌ری و خاكی عیراق ده‌كات كه‌ ئه‌و خۆی بڕوای به‌یه‌ك پارچه‌یی خاكی عیراق نیه‌؟

د.موسه‌نا ئه‌مین وتی"سه‌روه‌ری خاكی عیراق واته‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق نا،له‌هیچ شوێنێكی ئه‌و سوێنده‌ باسی یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق ناكات من سوێند ده‌خۆم خاكی عیراق بپارێزم له‌ دوژمنه‌ ده‌ره‌كیه‌كان نه‌ك له‌گه‌لانی عیراق خۆی كه‌ ماڵی خۆیانه‌ خانه‌ له‌خاوه‌ن ماڵ ناپارێزرێت،عیراقیه‌كان ویستیان بیكه‌نه‌ دوو پارچه‌ سێ پارچه‌ ماڵی خۆیانه‌."

د.موسه‌نا ڕه‌خنه‌ی له‌وانه‌ش گرت كه‌ ڕه‌خنه‌ی لێده‌گرن له‌سه‌ر سوێنده‌ ده‌ستوریه‌كه‌ و وتی"من عیراق له‌عیراقیه‌كان ناپارێزم ئه‌وانه‌ی ئه‌و ڕه‌خنه‌ی سوێنده‌ له‌من ده‌گرن خۆیان پاشكۆی ده‌وڵه‌تانی بێگانه‌ و ده‌ره‌كین و له‌هه‌مانكاتدا داوا ده‌كات له‌من،له‌كاتێكدا ده‌بێت خۆی پابه‌ند بێت به‌و سوێنده‌وه‌،سه‌روه‌ری واته‌ سه‌روه‌ری گه‌لی عیراق نه‌ك هی حه‌یده‌ر عه‌بادی،ئێمه‌ش وه‌ك كورد به‌شێك له‌و سیاده‌یه‌وه‌ به‌ده‌ستمانه‌وه‌یه‌."

د.موسه‌نا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد خودی عیراقیه‌كان پابه‌ند نه‌بوون به‌سوێنده‌ ده‌ستوریه‌كه‌وه‌ و وتی"بۆ عیراقیه‌كان سیستمی فیدراڵی و دیموكراتیان پاراستووه‌؟عیراق بۆخۆی بۆته‌ دارده‌ستی وڵاتانی بێگانه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ركه‌س ئه‌و قسانه‌ بۆ من ده‌كات با بۆخۆی بكات نه‌ك من."

وتیشی"تێگه‌یشتنی قانونی من بۆ ئه‌و سوێنده‌ وایه‌ نه‌ك قسه‌ی بازاڕی بكه‌م یا موزایه‌ده‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌خه‌ڵك بفرۆشم هه‌ركه‌سێكیش به‌بۆچونی من له‌قانون تێبگات ده‌بێت وا تێبگات."

د.موسه‌نا له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كورده‌كان زیاتر دواو و وتی"سه‌ربه‌خۆیی نابێت جێگای قسه‌كردن بێت چونكه‌ گوزارشت له‌ كه‌رامه‌تی میلله‌تێك ده‌كات،،به‌ڵێ ئێمه‌ بڕوای ته‌واومان هه‌یه‌ كه‌ تاكه‌ چاره‌سه‌ر و ئیستحقاقی كورد سه‌ربه‌خۆۆیه‌،به‌ڵام تا ئه‌و كاته‌ی به‌شێك ده‌بین له‌م جوگرافیا و ده‌وڵه‌ته‌ پێویسته‌ كورد نوێنه‌ره‌ به‌هێزه‌كانی خۆی بنێرێته‌ به‌غداد تا به‌رگری له كه‌رامه‌ت و مافی بكات،خۆ ناكرێت ئێمه‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نه‌بین و له‌ولاشه‌وه‌ مافه‌كانمان له‌به‌غداد بن و نه‌چین ئه‌وه‌ لۆژیك نیه‌ به‌ڕاستی."

ڕاشیگه‌یاند"گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێمه‌ بۆ به‌غداد هی ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ نه‌مانتوانیووه‌ سه‌ربه‌خۆ بین ئه‌گه‌رنا ڕۆژێك له‌به‌غداد نه‌ده‌ماینه‌وه‌ ئێستاش كه‌مافه‌كانمان له‌به‌غداده‌ ده‌بێت بچینه‌ به‌غداد و پارێزگاری لێ بكه‌ین."

please wait

No media source currently available

0:00 0:14:52 0:00

XS
SM
MD
LG