وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاند وڵاتەکەی 13 کەسی لەسێدارەداوە و زۆربەیان تاوانەکانیان پەیوەستە بە تێرۆرزمەوە.
ئۆفیسی ڕاگەیاندنی وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی سزای لەسێدارەدان بەسەر 13 تاوانکار جێبەجێکراوە لە پاش ئەوەی هەموو ڕێوشوێنە یاسایـیەکانی کەیسەکانیان بە ئەنجام گەیندران. 11 لەوانە لەسەر تاوانەکانی تێرۆرزمی لەسێدارەدراون، وەکو تەقاندنی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و کوشتنی ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش و ڕفاندنی خەڵکی.
ئۆفیسەکە جەختی لەوەش کرد وەزارەتەکەیان ناکەوێتە ژێر کارێگەری فشاری دەرەکی، بۆیە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەم سزایە بەپـێی یاسای وڵاتەکە.
پـێشتر ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕەخنەیان لە حکومەتی عێراق گرتووە لەسەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان.