Accessibility links

کۆمپانیایەک و دوو کەسی عێراقی دەخرێنە نێو لیستی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان


کاربەدەستێکی ئاسایشی عێراق دەڵێت وڵاتەکەی سەرکەوتووبووە لەوەی ناوی کۆمپانیایەک و 2 کەسی عێراقی بخاتە نێو لیستی ئەوانەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیانگرێتەوە لە سڕکردنی سەروەت و سامانیان.

کاربەدەسـتەکە کە نەیویستبوو ناوی ئاشکرابکرێت ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە کۆمیتەی تایبەت بە سزا نێودەوڵەتیـیەکانی سەر هەردوو ڕێکخراوی داعش و قاعیدە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان قایلبووە کۆمپانیەکی حەواڵەی پارە و خاوەنەکەی لەگەڵ عێراقیـیەکی دیکە بخاتە لیستی ئەوانەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیانگرێتەوە.

بەمەش کۆمپانیای کەوسەر (الكوثر) و خاوەنەکەی عومەر محەمەد ڕەحیم ئەلکوبەیسی لەگەڵ سالم مستەفا محەمەد ئەلمەنسور کە بە بەسام ئەلعفری ناسراوە، دەکەونە لیستی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

کاربەدەستەکە گوتیشی بڕیارەکە بەپـێی بەندی حەوتی یاسای نەتەوە یەکگرتووەکان دراوە. باسی لەوەش کرد کارەکان بەردەوامن بۆ خستنی ناوی کۆمپانیا و کەسانی دیکە بۆ نێو ئەو لیستە.

هاوکات هاشم هاشمی شارەزای ئاسایشی بە فڕانس پـرێسی گوتووە هەردوو کەسەکە لە میانەی شەڕەکانی دژی داعش لە ساڵی 2016 کوژراون.

مانگی شەشی ساڵی 2017 وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا و بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق سزایان سەپاندە سەر کۆمپانیای کەوسەر کە ئۆفیسەکەی لە شارۆچکەی قائیم بوو و پارەی بۆ داعش و قاعیدە حەواڵە دەکرد.

XS
SM
MD
LG