Accessibility links

دادگایەکی عێراق بڕیاری سزای لەسێدارەدان بۆ خوشکی ڕێبەری پـێشووی ئەلقاعیدە لە عێراق دەدات


عەبدول سەتار بەیرەقدار گوتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق

دادگای ناوەندی عێراق بۆ تاوانەکان بڕیاری سزای لەسێدارەدانی دەرکرد بۆ خوشکی ئەبو عومەر ئەلبەغدادی ڕێبەری پـێشووی ئەلقاعیدە لە عێراق، ئەوەی لە ساڵی 2010 کوژرا، ئەمەش بە تۆمەتی کاری تێرۆرستی.

ماڵپەڕی دادوەری عێراق ئەمڕۆ پـێنجەشممە لە زاری عەبدول سەتار بەیرەقدار گوتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و گوتویەتی" تاوانبارەکە دانی‌ناوە بەوەی سەر بە ڕێکخراوە تێرۆرسـتیـیەکانە و پـشتیوانی لۆجستی کردوون و یارمەتی داون لە ئەنجامدانی تاوان و هەروەها هەستاوە بە دابەشکردنی پارە بەسەر ئەندامانی ڕێکخراوەکە لە موسڵ."

بەیرەقدار ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە سزاکە بەپـێی ماددەی چوار لە یاسای دژە تێرۆر بۆ ئەم خوشکەی ئەبو عومەر ئەلبەغدادی دراوە. هەروەها گوتی هاوسەرەکەشی یەکێک بووە لە سەرکردەکانی قاعیدە و ئەویش پـێشتر حوکمی ئیعدام دراوە.

جێی ئاماژەیە ئەبو عومەر ئەلبەغدادی لە 19 ی مانگی چواری ساڵی 2010 لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزە عێراقی و ئەمەریکایـیەکان لە ناوچەی بیابانی عێراقدا کوژرا. پاشان هاوسەرەکەی دەستگیرکرا و سزای زیندانی هەتاهەتایی درا.

XS
SM
MD
LG