هێزێکی نیمچە لەشکریی شیعەکانی عێراق دەکەونە بۆسەیەکی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامیەوە و بەلانی کەم 27 کەس لە چەکدارە شیعەکان کوژراون.
هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕایگەیاندووە زوویەکی ئەمڕۆ دووشەممە هێرشەکە لە ناوچەی ئەلسەعدونیە لە باشوری ڕۆژئاوای شاری کەرکوک ڕوویداوە و دەشڵێت هێرشەکە لە کاتێکدا بووە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی ئەرکە ئاسایشییەکانی خۆیان بوون.
بەرپرسانی حەشدی شەعبی دەڵێن هێرشبەرەکان جل و بەرگی فەرمی سەربازییان لەبەردابووە و شەڕ نزیکەی دوو کاتژمێری خایاندووە و دەشڵێن ژمارەیەک لە هێرشبەران کوژراون و ئەوانی تریشیان هەڵاتوون.
ژەنەراڵ یەحیا ڕەسوڵ، دەمڕاستی لەشکری عێراق لۆمەی ئەو هێرشەی لە ئەستۆی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامیی ناوە ئەوانەی بە "خانە نوستووەکانی داعش" ناودێری کردن و دەشڵێت هێزە سەربازییەکانی عێراق دەستیانکردووە بە کێوماڵ کردنی ناوچەکە.
دەوڵەتی ئیسلامی لە ماڵپەڕی ئەعماقەوە بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاندووە.