Accessibility links

ئاوەدانکردنەوەی عێراق پاش شەڕی داعش


وڵاتی کوەیت میوانداریی کۆنفرانسێکی یەک هەفتەیی دەکات بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی یارمەتی و کۆمەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی عێراق پاش سەرکەوتنەکان بەسەر ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامیدا.

کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و وڵاتانی جیهان بەشدارییان کردووە لەم کۆنفرانسەی ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری کوەیت دەستی بە کارەکانی کرد.

شارەزا دەڵێن پێویست بە بڕی 88 ملیار دۆلار هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق.

یەکێک لەو ناوچانەی عێراق کە پێویستی بە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەیە شاری موسڵە واتە دووهەم گەورەترین شاری عێراق.

شاری موسڵ لە مانگی شەشی ساڵی 2014 ەوە کەوتە ژێر دەسەڵاتی داعشەوە و لە مانگی حەوتی ساڵی 2017 دەدا هێزە سەربازییەکانی عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی شیعەکان کە ئێران پشتیوانییان دەکات و هەروەهاش هێزەکانی هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا توانییان شارەکە ڕزگار بکەن.

هەر ئەمڕۆش دووشەممە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سەردانی بەغدای کردووە بۆ باسکردنی ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتە بە شەڕ وێرانبووە.

ژان ئیڤ لۆدغیان دەڵێت لەم سەردانەیدا بە عێراقیەکان دەڵێت پشتیوانی فەڕەنساتان لەگەڵە و پاریس هەمیشە یاوەرتانە و لە کاتی هاوپەیمانێتیدا فەڕەنسا لەوێ بووە و هەروەها بۆ ئاوەدانکردنەوەش فەڕەنسا لە عێراقە.

وەزیری دەرەوەی عێراقیش هیوای خواستوە پسپۆڕان و شارەزایانی فەڕەنسا ئامادەییان هەبێت لە پرۆسەکانی ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا.

لە میانەی ئەم سەردانەیدا وەهاش چاوەڕوان دەکرێت وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جەخت لە گرنگی بەشداری عەرەبە سوننەکان بکاتەوە لە پرۆسەی ئاشتەوایی عێراقدا کە شیعەکان تیایدا زۆرترایەتین.

ژان ئیڤ لۆدغیان ڕەتکردنەوەی وڵاتەکەشی دەخاتە بەردەم عێراقییەکان بۆ سەپاندنی سزای مردن بەسەر ئەو دوو ژنە فەڕەنساییەی جاوەڕوانی دادگاییکردنن لە بەغدا بە تاوانی ئەندامێتییان لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامیدا.

XS
SM
MD
LG