Accessibility links

فریاد ڕه‌واندزی:وابزانم هه‌رێم نه‌رمی زۆری بۆ به‌غداد نواندووه‌


فریاد ڕه‌واندزی وه‌زیری ڕۆشنبیری و گه‌شتوگوزار و شوێنه‌وار له‌ حكومه‌تی عیراقی

فریاد ڕه‌واندزی وه‌زیری ڕۆشنبیری و گه‌شتوگوزار و شوێنه‌وار له‌ حكومه‌تی عیراقی ده‌ڵێت"ڕاسته‌ ده‌سپێنه‌كردنه‌وه‌ی گفتوگۆكانی هه‌رێم و به‌غداد به‌شێكی زۆری په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌حكومه‌تی عیراقیه‌وه‌،به‌ڵام تا ئێستا كورد خۆشی ئاماده‌نیه‌ بۆ ئه‌و گفتوگۆیانه‌،به‌جۆرێك كورد یه‌كگرتوو نیه‌،وه‌ هه‌ندێك لایه‌ن له‌ناو خۆی هه‌رێمدا گومانیان خستۆته‌ سه‌ر شه‌رعیه‌تی هه‌رێمی كوردستان ،ئه‌مه‌ش بۆته‌ بیانویه‌ك به‌ده‌ست حكومه‌تی عیراقی تا گفتوگۆكان دوابخات یا بڵێت تا ئێستا ئه‌م حكومه‌ته‌ له‌ناوخۆی خۆی یه‌كگرتوو نیه‌."

ڕه‌واندزی له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی كاتی ده‌سپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ سیاسیه‌كان له‌سه‌ر ئاستی باڵای حكومی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد وتی"هیچ ئاماژه‌یه‌كی فه‌رمی بۆ ده‌سپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد نیه‌ له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و حكومی ،ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه‌ گفتوگۆكانن له‌سه‌ر ئاستی هونه‌ری هه‌ندێك له‌وه‌زاره‌ته‌كان سه‌باره‌ت به‌لیستی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌."

فریاد ڕه‌واندزی وتیشی"ڕاسته‌ ده‌سپێنه‌كردنه‌وه‌ی گفتوگۆكانی هه‌رێم و به‌غداد به‌شێكی زۆری په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌حكومه‌تی عیراقیه‌وه‌،به‌ڵام تا ئێستا كورد خۆشی ئاماده‌نیه‌ بۆ ئه‌و گفتوگۆیانه‌،به‌جۆرێك كورد یه‌كگرتوو نیه‌،وه‌ هه‌ندێك لایه‌ن له‌ناو خۆی هه‌رێمدا گومانیان خستۆته‌ سه‌ر شه‌رعیه‌تی هه‌رێمی كوردستان ،ئه‌مه‌ش بۆته‌ بیانویه‌ك به‌ده‌ست حكومه‌تی عیراقی تا گفتوگۆكان دوابخات یا بڵێت تا ئێستا ئه‌م حكومه‌ته‌ له‌ناوخۆی خۆی یه‌كگرتوو نیه‌."

هه‌روه‌ها وتی" ئه‌گه‌ر كورد به‌م شێوازه‌ پارچه‌ پارچه‌یی و یه‌كنه‌گرتوویه‌ بچێته‌ گفتوگۆكان به‌لاوازی دێته‌ ناو گفتوگۆكان هیچ شتێكی وای ده‌ست ناكه‌وێت كه‌بتوانێت له‌ڕێگای گفتوگۆكان چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی پێ بكات ته‌نانه‌ت چاره‌سه‌ری موچه‌ش به‌وجۆره‌ ناكرێت."

به‌بڕوای وه‌زیری ڕۆشنبیری و گه‌شتوگوزار و شوێنه‌واری عیراقی "به‌غداد به‌م شێوازه‌ ئاماده‌نیه‌ بۆ گفتوگۆ یا ده‌یه‌وێت كات زیاتر له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بكوژێت."وتیشی"بۆیه‌ من له‌و باوه‌ڕه‌دام پێویسته‌ كورد خۆی ئاماده‌بكات و بیر له‌خۆی بكاته‌وه‌ به‌ر له‌وه‌ی بیر له‌به‌غداد بكاته‌وه‌."

فریاد ڕه‌واندزی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد،جیاوازیه‌كه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد ئه‌وه‌یه‌ حوكمه‌تی هه‌رێم هه‌موو ئاماده‌ییه‌كی خۆی پیشاندا بۆ ده‌سپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان به‌ڵام به‌غداد ئاماده‌ نیه‌."

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌رجه‌ چیه‌ كه‌به‌غداد هه‌یه‌تی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان له‌دوای جێ به‌جێ كردنی سڕكردنی ئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆم له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌؟فریاد ڕه‌واندزی وتی"حكومه‌تی عیراق ده‌یه‌وێت خاڵه‌ سنورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی ته‌سلیم بكرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی ماده‌(١١٤)ی ده‌ستوری عیراقیه‌،كه‌ ده‌ڵێت به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌ و خاڵه‌ سنورییه‌كان به‌هاوبه‌شی ده‌بێت به‌ڵام حكومه‌تی عیراق ئه‌و هاوبه‌شیه‌ قبوڵ ناكات،ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ قابیلی قبوڵ نیه‌ چونكه‌ ده‌یانه‌وێت هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ خۆیان ببه‌ن،بۆیه‌ باشتره‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ هه‌ردولا بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌و مادده‌ ده‌ستوریه‌."

وتیشی"ئه‌گه‌ر به‌غداد ستاف بنێرێت مانای وانیه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ره‌ كورده‌كان ده‌رده‌كرێن به‌ڵكو كێشه‌كه‌ ئێستا ده‌ست به‌سه‌ردا گرتن و ئیداره‌دانه‌."

فریاد ڕه‌واندزی باسی له‌وه‌شكرد"وابزانم هه‌رێم نه‌رمی زۆری نواندووه‌ بۆ به‌غداد هه‌تا جارێك له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بووه‌ مشتومڕم له‌گه‌ڵ دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادی كه‌ ئه‌و له‌وه‌ زیاتر چی له‌هه‌رێم ده‌وێت؟به‌ڵام دیاره‌ ئێستا عیراق خۆی به‌سه‌ركه‌وتوو ده‌زانێت،ده‌یه‌وێت به‌رهه‌می ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ له‌هه‌رێم وه‌ربگرێت و ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم زیاتر كه‌م بكه‌نه‌وه‌،به‌ڵام له‌ڕاستیدا ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێم سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی ئاماده‌ییه‌كی وای تێدا نیه‌ كه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌رێم بكات."

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی تا چه‌ند ئه‌و بۆچونه‌ ڕاسته‌ كه‌هه‌ندێك پێیان وایه‌ عه‌بادی گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ هه‌رێم ده‌ست پێ نه‌كاته‌وه‌ له‌پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق به‌و پێیه‌ی نایه‌وێت شه‌قامی عه‌ره‌بی له‌خۆی بڕه‌نجێنێت؟فریاد ڕه‌واندزی وتی"بێگومان چ لایه‌نه‌ سونیه‌كان چ لایه‌نه‌ شیعه‌كان به‌ده‌ر نین له‌و یاریه‌و ئه‌و یاریه‌ هه‌یه‌،وه‌ جه‌نابی دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادیش له‌و یارییه‌ به‌ده‌ر نیه‌ كه‌وای پیشان بدات تونده‌ به‌رامبه‌ر به‌كورد له‌ڕێگای ئه‌و توندییه‌ زیتر خه‌ڵك بۆ خۆی ڕابكێشێت و ده‌نگی زیاتر بهێنێت."

سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ری هه‌وڵه‌كانی نوری مالكی بۆ نزیكبونه‌وه‌ له‌كورد؟فریاد ڕه‌واندزی وتی"تا ئێستا دروست كردنی هاوپه‌یمانێتی و گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردن نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی خۆی بۆیه‌ له‌م كاته‌دا ڕه‌نگه‌ قسه‌كانی مالكی كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بێت به‌سه‌ر هه‌ڵوێستی عه‌بادی به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد له‌گه‌مه‌كه‌دا بتوانێت یاریه‌كه‌ به‌وریایی و زیره‌كی بكات ئه‌وا ڕه‌نگه‌ به‌یه‌كگرتووی كورد بتوانێت سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی داهاتووی عیراق به‌دیاربخات به‌ به‌ستنی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت."

وتیشی"كورد ئێستا ئه‌و یاریكه‌ره‌ به‌هێزه‌ نیه‌ كه‌هه‌مان كاریگه‌ری پێشووی هه‌بێت،ئه‌گه‌ر هاتوو له‌ناوخۆی خۆی نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ دۆخێك كه‌بتوانێت به‌هێز خۆی بنوێنێت ئه‌وا هیچ حیسابێك بۆ كورد ناكرێت."

فریاد ڕه‌واندزی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو"ڕه‌نگه‌ به‌غداد حساب بۆ هه‌ندێك لایه‌نی كوردی به‌ته‌نها بكات به‌ڵام ئه‌م به‌ته‌نهایه‌ش ناتوانێت ببێته‌ ئه‌و هاوپه‌یمانه‌ به‌هێزه‌،كورد ئێستا چه‌ندین لایه‌نه‌،پارچه‌ پارچه‌یه‌ به‌ڵام له‌پێشوتردا پارچه‌ پارچه‌ نه‌بووه‌ و به‌یه‌كگرتووی هاتۆته‌ ناو حكومه‌ته‌كانی عیراق،وه‌هه‌روه‌ها مه‌رجیشی هه‌بووه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ كێشه‌كان هه‌رماونه‌ته‌وه‌،مانه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد به‌ته‌نها حكومه‌تی عیراقی لێی به‌رپرس نیه‌ به‌ڵكو كوردیش خۆی لێی به‌رپرسه‌."

دواین پرسیاری ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ وه‌زیری ڕۆشنبیری و گه‌شتوگوزار و شوێنه‌وار له‌ حكومه‌تی عیراقی تایبه‌ت بوو به‌ به‌پرسی ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌ ؟له‌وه‌ڵامدا فریاد ڕه‌واندزی وتی"من له‌و بڕوایه‌دام ئه‌گه‌ر به‌م شێوازه‌ بڕوات حه‌یده‌ر عه‌بادی موچه‌ نانێرێت،چونكه‌ عه‌بادی ده‌یه‌وێت موچه‌ بنێرێت به‌تێڕوانینی خۆیه‌وه‌ نه‌ك به‌تێڕوانینی هه‌رێمی كوردستان وه‌ ئه‌گه‌ر گفتوگۆنه‌كرێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی تێڕوانینێكی هاوبه‌ش ئه‌وا موچه‌ به‌م شێوازه‌ نانێردرێت."

XS
SM
MD
LG