Accessibility links

خاڵەکانی یاسای بودجەی ساڵی 2017 ی عێراق پەیوەست بە هەرێمی کوردسـتان


پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە پـرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2017 ی وڵاتەکەی پەسەندکرد، ئەمەش پاش مشتومڕێـکی زۆر لە بارەی چەندان خاڵی ناکۆکی لەسەر، لەوانە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و موچەی پـێشمەرگە و حەشدی شەعبی شیعەکان و حەشدی وەتەنی سوونەکان.

بەپـێی یاساکە بەشە بودجەی هەرێمی کوردسـتان بە ڕێژەی 17% ی تەواوی بودجەی عێراق پەسەندکرا و وەها دانراوە ڕۆژانە وڵاتەکە 3 ملیۆن و 750 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەبکات، لەوانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و 300 هەزار بەرمیل نەوتی پارێزگای کەرکوک.

دوای جیاکردنەوەی 17% ی هەرێمی کوردسـتان، بەشە بودجەی هەر پارێزگایەک بەپـێی ڕێژەی دانیشتوانەکەی دەبێت.

لە داهاتی ئەم نەوتە و داهاتەکانی تر 500 ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ بیناسای و بوژاندنەوەی پارێزگاکان بەوانەشی هەرێمی کوردسـتان.

هەروەها لە بودجەکە بەرنامەش بۆ خەرجکردنی ئەو پارانە دانراون کە عێراق بە قەرز وەریاندەگرێت. یەک لەوانە قەرزێکە لە ئاژانسی JICA ی ژاپـۆنی کە ملیارێـک و 500 ملیۆن دۆلارە. لەم پارەیە 300 ملیۆن دۆلاری تەرخان دەکرێت بۆ پـرۆژەکانی وەزارەتی نەوت و نیشتەجێ و ئاوەدانکردنەوە و سەرچاوە ئاویـیەکان و کارەبا و پـیشەسازی و تەندروستی و گواستنەوە و هەردوو وەزارەتی تەندروستی و کارەبای هەرێمی کوردسـتان.

لە بڕگەیەکیدا باس لەوەش دەکرێت ئەو پارەیەی لە پـرۆژە کارەبای هەرێمی کوردسـتان دەمێنێتەوە کە بە 22 ملیۆن دۆلار مەزەندەکراوە، وەزیری دارایی دەسەڵاتی هەیە ڕەوانەی بکات بۆ پـرۆژەکانی ئاوی هەرێمی کوردسـتان، لەوانە پـرۆژەی ئاوی هەڵەبجە.

لە خاڵێـکی مادەی 8 ی یاساکە دەڵێت بەشێـک لەو پارەیەی بۆ هێزەکانی پـیادەی لەشکری عێراق تەرخان دەکرێت، بۆ هێزەکانی پـێشمەرگە دەبێت کە لەوەش بەشێـکی بۆ موچەی پـێشمەرگە تەرخان دەکرێت، ئەوانەی ناویان لە لیستێـکدا دەبێت کە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیەتی هێزە چەکدارەکانی عێراق و وەزارەتی پـێشمەرگەوە ئامادە دەکرێت.

دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردسـتان سەرچاوەی داهاتی فیدراڵی لە هەرێمی کوردسـتان دەسـتنیشان دەکەن لەگەڵ داهاتەکانیان و دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێم مانگانە ئەو داهاتانە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکات. پاشان دەڵێت ئەگەربێت و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم لەم بارەیەوە هاوکار نەبێت، ئەوا دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای گشتی باج و دەزگای گشتی گومرگ و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵدەستن بە دەسـتنیشانکردنی داهاتەکانی فیدراڵی لە هەرێمی کوردسـتان.

یاساکە دەشڵێت دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردسـتان پابەندبێت بە ڕادەسـتکردنی داهاتی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەی هەرێم و 300 هەزار بەرمیل نەوتەی کەرکوک بۆ خەزینەی گشتی فیدراڵی و هەروەها موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردسـتان بدات لەو بەشە بودجەی 17%ی بۆ هەرێم تەرخانکراوە، بەڵام ئەگەربێت و حکومەتی هەرێم ئەمانە جێبەجێ نەکات، ئەوا حکومەتی فیدراڵیش پابەندی مەرجەکانی بەرامبەر هەرێمی کوردسـتان نابێت.

لە مادەی 10 ی یاساکەدا دەڵێت بە بەشی بودجەی هەرێمی کوردسـتان و پارێزگاکانی دیکەی وڵاتەکە دەچنەوە لە پاش ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە ساڵی 2017 . دەشڵێت بەپـێی ئەو سەرژمێریـیە بەشی هەرێمی کوردسـتان و پارێزگاکانی دیکە لە بودجەی ساڵی 2018 دەسـتنیشاندەکرێت.

مادەی 33 ی باس لە بڕینی 3.8% ی موچەی فەرمانبەران و خانەنیشینانی سەرانسەری وڵاتەکە دەکات و دەڵێت ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرمانبەر و خانەنشینەکانی لەم بڕینە دەستی دەکەوێت دەبێت بۆ پـێداویستیـیەکانی هەرێم و هێزەکانی پـێشمەرگە تەرخان بکرێت.

مادەی 54 ی دەڵێت دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند بن دانانی بەشی پارێزگای کەرکوک بە پارەی پـترۆدۆلاریشەوە لە نێو حسابی پارێزگای کەرکوکدا.

XS
SM
MD
LG