Accessibility links

دانیشتوانى ناحیەى سەعدیە جارێكى تر ئاوارە دەبنەوە


ئەو 250 خێزانە ئاوارەیەی كە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا گەڕابوونەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان لە ناحیەى سەعدیە ، جارێكى تر ناحیەكەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بۆ نێو كامپى ئاوارەكان لە دەوروبەرى قەزاى خانەقین.

سەمیر محەمەد نور سەرۆكى ئەنجومەنى شارەوانى قەزاى خانەقین، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"ناحیەى سەعدیە هیچ خزمەتگوزاریەكى تێدا نیـیە و ژیانى تێدا نەماوە ، بۆیە خێزانە ئاوارەكان بە ناچارى ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە و گەڕانەوە بۆ نێو كامپەكان."

بەپێى زانیاریەكانى دەنگى ئەمەریكا ، هۆكارى سەرەكى گەڕانەوەى ئاوارەكانى سەعدیە بۆ نێو كامپەكان ، بەهۆى ئەوەوە بووە كە گروپە چەكدارە شیعەكان بە شەوان ڕۆیشتوونەتە سەریان و ئازاریان داون.

شێخ یەعقوب لهێبى كە سەرۆک عەشیرەتێكى عەرەبى سونەیە، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"لە كاتێكدا ناو ناحیەى سەعدیە چەندین گروپى جۆراوجۆر چەكدارى تێدایە ، بەڵام ئەو خێزانانەى گەڕابوونەوە سەعدیە مەترسى لەسەر ژیانیان هەبوو ، بۆیە جارێكى تر ژیانى ئاوارەییان هەڵبژاردەوە."

جارى یەكەم دانیشتوانى ناحیەى سەعدیە لە ترسى داعش ئاوارەبوون ، بەڵام ئەم جارەیان نەبوونى خزمەتگوزارى و ترس لە چەكدارە شیعەكان ماڵ و حاڵى پێ‌جێهشتن ، بۆیە پێناچێت جارێكى تر بە ئاسانى كۆتایى بە ژیانى ئاوارەیى بهێنن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:47 0:00

XS
SM
MD
LG