پەرلەمانتارێـکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردسـتان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت بڕیاری لێسەندنەوەی متمانە لە هوشیار زێباری وەکو وەزیری دارایی، هیچ گومانی تێدا نیـیە کە ئامانجی سیاسی لە پشتەوەیە نەک جێبەجێکردنی یاسا و دەسـتور.
ڕێناس جانۆ لە وتووێژێـکی تایبەتدا لەگەڵ نەجیب باڵایی لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لەم کاتەی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی لە وڵاتەکەدا هەیە، هیچ گونجاو نیـیە حکومەت هەرسێ وەزیری بەرگری و ناوخۆ و دارایی نەبێت.
پاشان هەیثەم ئەلجبوری، پەرلەمانتاری سەر بە دەوڵەتی یاسای تاوانبارکرد، ئەوەی تۆمەتەکانی گەندەڵی ئاڕاستەی هوشیار زێباری کرد لە دانیشتنەکەی 20 ی مانگی هەشتی ڕابردوو. گوتی ناوبراو خۆی لە ناو لیستی دەوڵەتی یاسای نوری ئەلمالیکیدایە کە ماوەی هەشت ساڵ سەرۆک وەزیر عێراق بووە و لە سەردەمیدا ملیاران دۆلار ....
هەروەها ڕێناس جانۆ پـرۆسەی دەنگدانەکەی بە نایاسایی و دەستوری ناودێردەکات و دەڵێت لە پەرلەمانی عێراق دوو جۆری پـرۆسەی دەنگدان لە پەرلەمان عێراق هەیە، یەکێـکیان دەست بەرزکردنەوە بە ئاشکرا و ئەوی دیکەیان بە ڕێگەی ئەلیکترۆنی، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ پـیادەکرا بە شێوازێـکی نهێنی لەسەر کاغەز بەڕێوەچوو، بەڵام باسی لەوەش کرد وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردسـتان بەشداریـیان لە پـرۆسەکەدا کرد.