Accessibility links

خۆپـیشاندانی لایەنگرانی سەدر بۆ چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا


هەزاران لایەنگری موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدری شیعەکانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی ڕژانە سەر جادەکانی بەغدا بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە داواکەی سەدر بۆ چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

موقتەدا سەدر 10 ڕۆژ لەمەوبەر لەسەر تویتەرەکەی داوای لە لایەنگرانی کرد خۆپـیشاندانێکی ملیۆنی ئەنجام بدەن بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر هەبوونی لەشکری ئەمەریکا لە عێراقدا.

خۆپـیشاندەران لە کاتژمێر 10 ی بەیانیـیەوە لە ناوچەکانی چادریـیە و کەڕادەی بەغدا گردبوونەوە، بەڵام ژمارەیان زۆر کەمتربوو لەوەی موقتەدا سەدر داوای کرد. خۆپـیشاندەران چەند دروشمێکیان دەگوتەوە، لەوانە "أخرج أخرج يا محتل"، واتە "بڕۆ دەرێ بڕۆ دەرێ ئەی داگیرکەر".

نوێنەرێکی موقتەدا سەدر وتارەکەی سەدری خوێندەوە کە تیایدا داوای دەکات هەموو بنکە لەشکریـیەکانی ئەمەریکا لە عێراق دابخرێن، هەموو بارەگاکانی کۆمپانیا ئاسایشیـیەکانی ئەمەریکا لە عێراق دابخرێن و کۆتایی بە کارەکانیان بهێنرێت، داخستنی ئاسمانی عێراق بە ڕووی فڕۆکە جەنگیـیەکان و فڕۆکە هەواڵگیریـیەکانی ئەمەریکا، هەڵوەشاندنەوەی هەموو ڕێکەوتنە ئاسایشیـیەکان لەگەڵ ئەمەریکا، نابێت سەرۆک ترامپ لە بڕیار و وتارەکانی خۆی بە بەرزتر لە عێراق دابنێت، نابێت هیچ وڵاتێکی دراوسێ دەستوەربداتە چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەمەریکا ئەگەر هاتوو مایەوە و ڕەتیکرد هێزەکانی بکشێنێتەوە، ئەگەر ئەمەریکا ئەمانەی جێبەجێکرد، ئەوا وەکو داگیرکەر مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن، بەڵام ئەگەر نا ئەوا دەبێتە وڵاتێکی دوژمنکاری عێراق.

پاشان سەدر بابەندبوونی بە چەند خاڵێک ڕاگەیاند، لەوانە ڕاگرتنی بەرگری بە شێوەیەکی کاتی هەتا دوا سەربازی ئەمەریکایی عێراق جێدەهێڵت، کارکردن بۆ سزادانی هەر کەسێک لە هەردوولا هەوڵی پـێشێلکردنی ڕاگرتنی کاری دوژمنکارانە بدات، حەشدی شەعبی تێکەڵ بە هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ بکرێن، ئەگەر تێکەڵیش نەکران دەبێت پابەندی هەموو بڕیارەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بن کە مەبەست لێی سەرۆک وەزیری عێراقە.

XS
SM
MD
LG