Accessibility links

عێراق داوا لە ئەمەریکا دەکات میکانیزمێک دابنێت بۆ کشانەوەی هێزەکانی


سەرۆک وەزیری عێراق داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرد نوێنەری خۆیان بۆ عێراق بنێرن تاوەکو میکانیزمێک دابنێن بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ کشانەوەی هێزەکان لە عێراقدا.

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیر ئەمڕۆ ڕایگەیاند مایک پەمپـێیۆ دوێنێ پـێنجشەممە تەلەفۆنی بۆ عادل عەبدولمەهدی کردووە و ئەویش ئەو داوایەی لێکردووە.

پاشان پـێکەوە وتووێژیان کردووە سەبارەت بە دوا پـێشهاتەکان و خواستی هەموو لایەنەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگەگرتن لە ڕوودانی شەڕ.

بەپـێی ئۆفیسەکە، عەبدولمەهدی گوتویەتی عێراق هەموو کارێک ڕەتدەکاتەوە کە سەروەری وڵاتەکەی پـێشێلبکات، لەوانە هێرشەکانی ئەم دوایـیەی کرانە سەر هەردوو بنکەی لەشکری عەین ئەلئەسەد و هەولێر.

عەبدولمەهدی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە بەبێ وەرگرتنی موڵەت لە حکومەتی عێراق هێزی ئەمەریکایی دێنە ناو خاکی عێراقەوە و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکایی بە ئاسمانیدا دەفڕن، ئەمەش پـێچەوانەی ڕێکەوتنەکانە. پەمپـێیۆ لای خۆیەوە بەڵێنی داوە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکات و جەختی کردووەتەوە ئەمەریکا ڕێز لە سەروەری عێراق دەگرێت.

لە کۆتاییدا هەردوولا جەختیان کردووەتە سەر گرنگی بەردەوامبوون لە پەرەپـێدانی پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات.

XS
SM
MD
LG