Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق دەڵێت پـێویستە وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا کاربکات بۆ کشانەوەی هێزەکان


سەرۆک وەزیری عێراق دەڵێت پـێویستە بەپـێی بڕیاری پەرلەمان، وڵاتەکەی و ئەمەریکا پـێکەوە کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی کشانەوەی هێزە بیانیـیەکان لە عێراقدا.

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی ماثیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ عێراق ئەمڕۆ سەردانی سەرۆک وەزیری کرد و پـێکەوە وتووێژیان کرد لە بارەی دوا پـێشهاتەکان و هەڵوێستی حکومەتی عێراق لەسەریان.

ئۆفیسەکە دەڵێت سەرۆک وەزیر جەختی کردووەتە کە پـێویستە بەغدا و واشنتن پـێکەوە کاربکەن بۆ کشانەوەی هێزە بیانیـیەکان بەپـێی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران و هەروەها دانانی بنەمای دوروست بۆ پەیوەندیـیەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا. سەنگیشی خستووەتە سەر مەترسی دۆخی ئێستا و ئەو ئاکامانەی شیانی هەیە لێیان بکەونەوە.

عەبدولمەهدی باسی لەوەش کردووە وڵاتەکەی هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ ڕێگەگرتن لە ڕوودانی شەڕ. ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە عێراق سیاسەتێکی نەگۆڕی هەیە، ئەویش پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەکدا هەبێت و نەچێتە نێو سیاسەتی لایەنگیری. گوتیشی بەهێزی عێراق لە بەرژەوەندی هەموو لایەکە، وە بەغدا دەیەوێت پەیوەندیـیەکانی لەسەر بنەمای هاوکاری و ڕێزگرتن بێت و ئاسایشی عێراق و سەقامگیری و سەروەری نشتیمانی پارێزراوبێت.

XS
SM
MD
LG