Accessibility links

عەبادی ڕەتیدەکاتەوە ڕێکەوتنی کردبێت لەسەر مانەوەی هێزی ئەمەریکایی لە عێراقدا


سەرۆک وەزیری عێراق ڕەتیکردەوە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ ڕێکەوتنی کردبێت بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە پاش تەواوبوونی شەڕی داعش.

ئۆفیسی حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ هەینی بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی ئاژانسە نێودەوڵەتی و خۆجێـیەکانی دەنگ‌وباس هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا دەڵێن عێراق لەگەڵ ئەمەریکا ڕێکەوتنی ئەنجامداوە بۆ مانەوەی هێزی ئەمەریکایی لە وڵاتەکەیان لە پاش سەرکەوتنی لەشکری بەسەر داعش.

پاشان ئۆفیسەکە نووسیویەتی عێراق جەخت دەکاتەوە هیچ هێزێـکی شەڕکەر لەسەر خاکی عێراقدا نیـیە تاوەکو باس لە مانەوەی بکرێت، بەڵکو تەنها ڕاهێنەر و ڕاوێژکار و شارەزای چەند وڵاتێـکن، بۆیە حکومەتی عێراق لەگەڵ هیچ وڵاتێک ڕێکەوتنی نەکردووە لە بارەی ڕۆڵی لەشکریان لە عێراقدا بۆ قۆناغی دوای شەڕی داعش.

ئەم بەیانـنامەیەی حکومەتی عێراق پاش ئەوە دێت کە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێس دوێنێ پـێنجشەممە ڕاپـۆرتێـکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی وتووێژ لە نێوان سەرۆک وەزیری عێراق و بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ ئەنجام دەدرێن لە بارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە تەواوبوونی شەڕی داعش.

ئاژانسەکە لە زاری کاربەدەسـتانی عێراقی و ئەمەریکایی بڵاویکردووەتەوە گوایە هێشتا وتووێژەکان بەردەوامن، بەڵام بە ئەنجام نەگەیشتوون.

بەپـێی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە ئێستادا نزیکەی 7 هەزار سەربازی ئەمەریکایی لە عێراقدان بۆ یارمەتیدان لە شەڕی دژی داعش لە ڕێگەی مەشق و ڕاهێنان بە هێزە عێراقیـیەکان و هەروەها کاری ڕاوێژکاری و هەماهەنگکردن لە نێوان هێرشە ئاسمانیـیەکان و ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیە زەمینیـیەکاندا.

XS
SM
MD
LG