Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی عێراق مەخابنی خۆی دەردەبڕێت لە بەرامبەر بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا

  • VOA News

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ناڕەزایی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر بڕیارەکەی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی پـێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی عێراقی هەتا ماوەی 90 ڕۆژ.

ئەحمەد جەمال گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویەتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق مەخابن و سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمەریکا لە 27 ی مانگی یەک داویەتی بۆ سنووردارکردنی پـێدانی ڤیزا بەو کەسانەی ڕەگەزنامەی عێراقیـیان هەیە.

پاشان نووسیویەتی زۆر جێی داخە ئەم بڕیارە لە بەرامبەر وڵاتێـکی هاوپەیمان بدرێت کە پەیوەندی هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەیە و هەروەها لە کاتێـکدایە هێزەکانی عێراق بە پاڵپشـتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی سەرکەوتن بەسەر داعش تۆماردەکەن لە شەڕی موسڵ. جەختی لەوەش کرد ڕەهەندی عێراقی کە لە ئەمەریکا و لە چ وڵاتێـکی جیهاندا هەن لە هیچ کارێکی تێرۆرستی دەستیان نەبووە.

لە کۆتایی بەیانـنامە نووسیویەتی عێراق بە پـێویستی دەزانێت بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا پـیاداچوونەوە بەم بڕیارە هەڵەیەدا بکاتەوە، وە عێراق خوازیارە پەرەبدرێت بە پەیوەندی هاوبەشی سـتراتیژی نێوان هەردوو وڵات و زیاتر لە بوارەکانی نەهێشتنی تێرۆرزم و ئابوری هاوکاری بکەن.

پـێشتر هەر ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمانی عێراق بڕیارێـکی پەسەندکرد کە تیایدا داوا لە حکومەت دەکرێت کاردانەوەی هەبێت لە بەرامبەر بڕیارەکەی ئەمەریکا.

پەرلەمانتاران داوایان کرد ئەگەربێت و ئەمەریکا لە بڕیارەکەی پاشگەز نەبێتەوە، حکومەتی عێراقیش بە هەمان شێوە کاردانەوەی هەبێت و لەگەڵ کۆنگرێسی ئەمەریکا قسەبکرێت تاوەکو فشاربخاتە سەر بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا بۆ پـیاداچوونەوە بە بڕیارەکە. هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیـیەکان کۆمکاری عەرەبی و ڕێـکخراوی هاوکاری ئیسلامی بکرێت هەڵوێستێـکی توندیان لە بەرامبەر بڕیارەکە هەبێت.

XS
SM
MD
LG