Accessibility links

عێراق لە نێو شەڕی ئێران و ئەمەریکادا


ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریکا، مەترسی گەورەی لەسەر ئاسایشی عێراق دروستکردووە، بەرپرسانی عێراق دەترسن، وڵاتەکەیان ببێتە گۆڕەپانی شەڕێکی گەورە و یەکلایی کەرەوە.

ئاڵۆزیەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران چووەتە قۆناغێکی نوێوە، بە تایبەت دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس، کە ئەگەری ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو دوو وڵاتەی لەسەر خاکی عێراق کردووەتە مەترسیەکی گەورە.

ململانێی نێوان ئیران و ئەمەریکا نزیکەی 40 ساڵە بەردەوامە، کە تا ئێستا ململانێکان لە چوارچێوەی شەڕی ڕاگەیاندن و شەڕی وەکالەتدا بوون، بەڵام کوژرانی سولەیمانی، مەترسی گۆڕینی ململانێکەی بۆ پێکدادانی سەربازی هێناوەتە ئاراوە.

حەسەن جیهاد ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، هەڵایسانی شەڕی ئەمەریکا و ئێرانی لەسەر خاکی عێراق بە مەترسیەکی گەورە وەسفکرد، بە دەنگی ئەمەریکای وت"مەترسی ئەوە لە ئارادایە گروپەکانی سەربە ئێران، بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکەنە ئامانج، لەم حاڵەتەشدا ئەمەریکا بێ وەڵام نابێت."

وتیشی"دەبێت هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە بدرێت، گەر نا عێراق زەرەر دەکات."

ئێران لە هەڕەشەکانی بەردەوامە و جەخت لەسەر "تۆڵەکردنەوە"ی قاسمی سولەیمانی دەکاتەوە، لە بەرامبەردا ئەمەریکاش لە هۆشداریەکانی بەو وڵاتە بەردەوامە و هەڕەشەی وەڵام دانەوە دەکات.

عێراقیەکانیش کە مەترسی بە "گۆڕەپانی جەنگ" بوونی وڵاتەکەیان لە ئارادایە، لەبری یەکدەنگ بوونیان بۆ دوورخستنەوەی مەترسیەکان، کەچی بەسەر ئەو دوو بەرەیەدا دابەش بوون و بوونەتە بەشێک لە ململانێکان.

دوێنێ یەکشەمە، پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کۆبوویەوە، کۆبوونەوەکە دابەشبوونی عێراقیەکانی وەدەرخست، بەتایبەت کاتێک زۆربەی هێزە شیعیەکان بەشداری کۆبوونەوەکە بوون، بەڵام کورد و زۆرینەی سونە و بەشێک لە لایەنە شیعیەکان نەچوونە کۆبوونەوەکەوە.

یەکەم کاردانەوەی ئەمەریکا بەرامبەر عێراق دەرکەوت، کاتێک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڕەشەی گەمارۆ خستنەسەر عێراقی کرد، لە حاڵەتی دەستبردن بۆ کارتی دەرکردنی هێزەکانیان.

بەرپرسێکی باڵای عێراق کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"عێراق بۆنی جەنگی لێ دێت، گەر ئەمەریکا و ئێران ڕووبەڕووی یەکتری ببنەوە، ئەوا عێراق دەبێتە گۆڕەپانی شەڕ."

بەرپرسەکەی عێراق، جەختیکردەوە کە ئێرانیەکان بێ وەڵام نابن بۆ ئەمەریکا، بەڵام چۆنیەتی وەڵام دانەوەکە ناڕوونە، وتی"ئەمەریکیەکان لە عێراق خۆیان توندوتۆڵ دەکەن، ئێرانیەکانیش لە جوڵەدان."

لاوازی حکومەتی عێراق و پەیوەست بوونی بە وڵاتانی ڕکابەرەوە، وایکردووە حکومەتی عێراق هیچ هەوڵ و پلانێکی بۆ دوورخستنەوەی "جەنگ" لە وڵاتەکەی نەبێت.

خەسرەو گۆران ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بارودۆخی عێراقی بەوپەڕی "مەترسیدار"وەسفکرد، وتی"وەزعی عێراق زۆر خراپە، ئومێدەوارین شەڕی گەورە لەسەر خاکی عێراق ڕوونەدات."

وتیشی"مەترسی تەنها لەسەر عێراق نیە، بەڵکو لەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، چونکە ئەمەریکا، ئێران، سعودیە و تورکیا هەریەکە و جوڵەی دەستپێکردووە، هەمووشیان هێزی لایەنگریان هەیە بۆ شەڕی یەکتری."

عێراق نزیکەی چارەکە سەدەیەکە شەڕی لێ نەبڕاوە، هەر لە شەڕی ڕووخانی بەعسەوە تا دەگاتە شەڕی گروپە توندڕەوەکان کە دواترینیان داعش بوو، لەگەڵ سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی نێوخۆیی، کە کۆی ڕووداوەکان کوژرانی سەدان هەزار کەسیان لێکەوتۆتەوە، بەڵام مەترسیەکانی شەڕی ئەمەریکا و ئێران بۆ عێراقیەکان مەترسیدار ترە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:47 0:00


XS
SM
MD
LG